تادێت توركەكان لەوڵاتی خۆیان هەڵدێن

ڕاپۆرت 20/01/2019

 

چاودێر
دەزگای ئاماری توركیا لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، رێژەی كۆچكردن لە ساڵی 2018 لەچاو 2017ـدا 42% زیادی كردووە. ئەو دەزگایە ئاشكرای دەكات، تەنیا لە 2018ـدا 253 هەزار و 640 هاووڵاتیی توركی چوونەتە وڵاتانی ئەوروپی و لەوێ داوای مافی پەنابەرییان كردووە.
لەدوای هەوڵی كودەتایەكەی 15ی تەمووز لە توركیا، پتر لە 60 هەزار كەس دەستگیركراون، جگە لەوەش هاووڵاتییانی توركیا، بە تایبەت سەرمایەداران و رۆژنامەنووس و نووسەرانیان، بەلێشاو توركیا بەرەو وڵاتێكی ئەوروپی بەجێ دەهێڵن. لە ساڵی 2018شدا زۆرترین تورك داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپی كردووە.
سەرمایەداران و نووسەر و رۆژنامەنووسانی توركیا پێیان وایە، ئیدی توركیا حوكمی تاكڕەویی تێدا پەیڕەو دەكرێت، بۆیە ناتوانن لەو وڵاتەدا بمێننەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای توركیا بەشێكی گەورەی كۆمپانیای یڵدز هۆڵدینگی دایەوە بە حكوومەت. خاوەنی كۆمپانیاكە و چەند سەرمایەدارێكی تریش، باسیان لە دەستتێوەردانی حكوومەت لە كاروباری دادگا كرد.
رۆژنامەی (تایمز)ـی ئەمەریكی، لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات، بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی توركیادا، بە رێژەیەكی زۆر كەسایەتیی بەناوبانگ و خاوەن پێگە و سەرمایەدار و نووسەر وڵاتەكەیان بەجێ بهێڵن و بەرەو ئەوروپا كۆچ بكەن.
(تایمز) ئاماژە دەدات، زۆر لەو كەسایەتییانە دەچنە ئیسپانیا و پورتوگال و یۆنان و لە رێگەی كڕینی موڵكەوە داوای مافی پەنابەری دەكەن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی ناوبراو، لە ساڵانی 2016 بۆ 2017، 12 هەزار ملیۆنێر لە توركیا پارەكانیان بۆ بانكەكانی دەرەوەی توركیا ناردووە.
یڵدز هۆڵدینگ، كە موراد ئولكەر خاوەنی ئەو كۆمپانیا گەورەیە و بە یەكێك لە سەرمایەدارە بەناوبانگەكانی توركیا دادەنرێت، بەشێك لە كۆمپانیاكەی فرۆشتە لقی خۆی لە سەنتەری لۆندرا، كە لەو رێگەیەوە 7 ملیار دۆلاری رەوانەی دەرەوەی وڵات كردووە، بۆیە ئەردۆغان بەتوندی قسەی لەسەر كرد و بە ”خیانەتكار“ ناوی برد. ئەمەش دەری دەخات، كە سەرمایەدارەكانی توركیا، بە هەر شێوەیەك بێت دەیانەوێت پارەكانیان ببەنە دەرەوەی توركیا، بەتایبەت بانكە ئەوروپییەكان.
محەممەد گوین، پارێزەری بەناوبانگ لە توركیا، پێی وایە سەرمایەدارەكانی توركیا ئاییندەی خۆیان و سەرمایەكەیان بە مەترسی دەزانن لە توركیا، بۆیە بە ملیار دۆلار لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا لە توركیاوە رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كراوە.
بەكر ئاغردر، خاوەنی دەزگای راپرسیی (كۆندا)، قسەی بۆ رۆژنامەی (تایمز) كردووە و ئاماژەی داوە، كە هۆی كۆچكردنی سەرمایەداران و كەسایەتییە بەناوبانگەكانی توركیا بۆ وڵاتانی ئەوروپی، رەجەب تەییب ئەردۆغانە. ئەو پێی وایە، ئەردۆغان دەیەوێت كۆمەڵگەی توركیا بگۆڕێت، وەكوو ئەوەی خۆی دەیەوێت، بۆیە ئەوانیش وڵات بەجێ دەهێڵن.
ساڵی 2018 بۆ توركیا لە رووی رەوشی ئابوورییەوە ساڵێكی خراپ بوو، چونكە لیرەی توركی 40% بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەست دا، كە ئەمەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی هەموو شتێك لە توركیا. گرانبوونی نرخی شتەكانیش لە توركیا 3 بەرامبەر و 4 بەرامبەر بوو، تەنانەت نرخی كارەبا و گازی سروشتییش، كە لە زستاناندا خەڵك خۆی پێ گەرم دەكاتەوە، 2 بەرامبەر بەرز بوونەوە. بۆیە هاووڵاتییانی توركیا بەرگەی ئەو خراپیی رەوشی ئابوورییە ناگرن و بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچ دەكەن.
ماڵپەڕی (BBC)ی توركی ئاشكرای دەكات، ئەگەر لە ساڵی 2019ـدا رەوشی ئابووری لە توركیا بەرەو باشی نەچێت، ژمارەی كۆچ لە توركیاوە بۆ ئەوروپا زیاد دەكات. هەروەها بێكارییش یەكێكە لەو هۆكارانەی گەنجان بەرگەی ناگرن و روو لە ئەوروپا دەكەن.
لە ساڵی 2018ـدا دەیان كۆمپانیا مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە، چونكە قەرزیان لەسەر كەڵەكە بووە و ناتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە، ئەمەش هەزاران كرێكاری بێ كار كردووە، بۆیە یەكێك لەو هۆكارانەی كە شارەزایانی بواری ئابووری لە توركیا باسی لێوە دەكەن بۆ كۆچكردن، زۆربوونی رێژەی بێكارییە.