سیناتۆرێكی ئەمریكی داوا دەكات كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا خاو بكرێتەوە

جیهان 19/01/2019


لینزی گراهام سیناتۆری كۆماری رایگەیاند: هیوادارم دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا خاو بكاتەوە تا بەتەواوەتی رێكخراوی تێرۆریستی داعش لەناو دەبرێت.
گراهام لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە وتی: پێم وایە جۆزیف دنفۆرد سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئەمریكا لەگەڵ ئەنقەرە پلانێكی داناوە بۆ دوورخستنەوەی شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی كورد لە سنورەكانی توركیا.
رۆژی 19ی مانگی رابردوو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بڵاویكردەوە دەستی كردوە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا ،بەڵام ئەمریكا چەندین جار دوپاتی كردوەتەوە پێویستە توركیا هاوپەیمانە كوردەكانی ئەمریكا نەكاتە ئامانج تا كار گەیشتە ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەرەشەی داتاپاندنی ئابوری توركیا كرد ئەگەر هێرش بكاتە سەر شەرڤانانی یەپەگە.
دواتریش رەجەب تەیب ئەردۆگان بڵاویكردەوە لە پەیوەندیكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتون لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكووری سوریا.