شەش پێشنیاری موراکامی بۆ نووسەرە گەنجەکان

ڕەخنەی چاودێر 19/01/2019

ڕەخنەی چاودێر

سایتی لیت هۆب، لە ڕێی پێداچوونەوە بە گفتوگۆکانی هاوروکی موراکامی نووسەری ناوداری ژاپۆنیدا، بابەتێکی ئامادە کردووە، کە تێیدا موراکامی لە پێشنیارەکانی خۆی بۆ چۆنیەتیی نووسین دەدوێت.

یەک: بخوێننەوە
بۆ نووسینی ڕۆمانێکی باش، پێویستە سەرەتا ڕۆمانی ڕۆماننووسانی دیکە بخوێننەوە.

دوو: لە دووبارەبوونەوەی وشەکان مەترسە
هێندێک لە نووسەران لەوە دەترسن کە وشەکان لە یەک لاپەڕەدا زۆر دووبار بکەنەوە. بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە تۆ چۆن بتوانی سوودی جۆراوجۆر لەم وشانە ببینی. هاوڕێیەکی پیانیستم دەڵێت: کاتێک سەیری کلیلەکانی پیانۆ دەکەم دەبینم هەموویان وەک یەکن، بەڵام هونەر ئەوەیە ئاوازی هەمەچەشن لەم کلیلە هاوشێوانەوە دەربهێنیت.

سێ: بە شێوەیەکی سادە خۆت بەیان بکە
دەبێ لە سەرەتاوە ئەوە ڕوون بکەیتەوە کە بۆ خوێنەر چ جۆرە چیرۆکێک دەنووسیت. بۆ نموونە کاتێک دەتەوێت چیرۆکێکی تاوانکاری بنووسیت، کەڵک لەو وشانە وەرمەگرە کە عادەتەن لە ڕۆمانی عاشقانەدا بەکار دێن.

چوار: خەونەکانتان لەگەل خوێنەردا بەش بکەن
خەیاڵوانی سەرەکیترین کاری ڕۆماننووسە. هەوڵ بدەن خەون و خەیاڵەکانتان لەگەڵ خوێنەردا بەش بکەن؛ با ئەو چیژ وەربگرێت. هەموو کەس دەتوانێت خەیاڵ بکاتەوە، بەڵام تەنیا نووسەرەکانن کە دەتوان لەگەڵ خوێنەراندا بەشی بکەن.

پێنج: لەسەر یەک شت خەیاڵت چڕ بکەوە
بۆ نووسینی ڕۆمانێک سەر مەخەرە سەر چەند بابەتێک، بەڵکو خەیاڵت لەسەر یەک بابەت چڕ بکەرەوە و ڕۆمانەکەتی لە بارەوە بنووسە.

شەش: بەبێ دادوەری بنووسە
واتا تەماشای دەوروبەر  و کۆمەڵگەکەت بکە و درکی خۆت بخە ڕوو، بەڵام بەبێ دادوەری. تۆ تەنیا تەماشا بکە.