ڕۆژئاوای كوردستان لەچاوی دایكی شەڕڤانێكی ئەڵمانی

ڕاپۆرت 19/01/2019

گابرێلا ژنێکی ئەڵمانیە و کوڕەکەی شەڕڤانی یەپەگەیە ئەو چیرۆکی رۆشتنی کوڕەکەی بۆ ناو یەپەگە و هاوکات سەردانیکردنی خۆی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەم جۆرە دەگێڕێتەوە:

پێش ڕۆشتنی كوڕەكەم (جیهان ) بۆ ڕۆژئاوای كوردستان من هیچ زانیاریەكم لەسەر كوردو مێژوو و جوگرافیای كوردستان نەبو، لەساڵی 2014 كاتێك زانیم كوڕەكەم بەنهێنی سەردانی ناوەندی هاوپەیمانی بەرەی كوردی لە ئەڵمانیا دەكات بۆم دەركەوت كەنهێنیەك هەیەو لەمنی دەشارێتەوەو ئەو نهێنیەش مێشكی زۆر سەرقاڵ كردوە، هەركاتێكیش پرسیارم لێبكردایە وەڵامم دەستنەدەكەوت، تا ئەوكاتەی كە كوڕەكەم هەواڵیدامێ كە چۆتە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەرگری كردن لەكوردەكان دژی تیرۆرستان.
منیش زۆر خەمبار بوم و ڕۆژێك خۆمكرد بەژوری ناوەندی هاوپەیمانی بەرەی كوردیدا لەئەڵمانیاو هاوارمكرد بۆ ئەوانەی لەوێ ئامادەبون ، كەسێك پێم بڵی پەكەكە چیەو لەكوێەو چ كارێك دەكات، یاخود كوردستان چیەو شەڕڤان چیەو لەكوێی ئەم زەمینەدان، هیچ كەس لەئامادە بوان وەڵامیان نەدامەوەو هەمویان بەبێدەنگی سەیریان دەكردم، بەكورتی نەمن لەوان تێدەگەشتم نە ئەوانیش لەمن.
لەڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە هەوڵمدا بگەم بەو دایكانەی كەكوڕەكانیان بۆ بەرگری لەكوردستان چونەتە ڕۆژئاوا، چەند كەسێكم لێناسین كە هەمویان لەوڵاتانی جیاوازی ئەوروپا بون وەكو ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو فەڕەنساو ئیسپانیاو هۆڵەندا لەڕێگەی تەلفۆنەوە كۆمكردنەوەو پێشنیارێكم بۆ كردن كەسەردانی ڕۆژئاوا بكەین تا لەنزیكەوە ڕاستیەكان بەچاوی خۆمان ببینین و سەردانی كوڕەكانیشمان بكەین.
چەند دایكێك لەوان بە پێشنیارەكەم ڕازیبون و زۆریان پێخۆش بو چونكە دوای چەندساڵێك بەكوڕەكانیان شاد دەبنەوە،ئامانجی گەشتەكەمان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان هۆكاری سەرەكی بینینی كوڕەكانمان بو لەهەمان كاتیشدا لێكۆڵینەوەیەكی بابەتیانەش بو لەسەر كوردو كوردستان و چۆنێتی ژیانی كوردەكان لەڕۆژئاوا.
بەڕێكەوتین بەرەو ڕۆژئاوا كاتێك زانیم كوڕەكانمان لەوبەر ئاوەوە چاوەڕێمان دەكەن ئیتر وەخت بو لەخۆشیان باڵمان دەگرت، ئەوكاتەی بەكوڕەكانمان شادبووین هەستێك بو كەبۆم وەسف ناكرێت، واماندەزانی كە تازە لەدایك بون.
منێك كە نەمدەزانی كوڕەكەم شەڕ بۆ كێ دەكات و لەپێناوی چیدا دەجەنگێت و لەكوێی ئەم جیهانەدا شەڕدەكات ، دیارە من هەڵەبوم كەوا بیرمكردۆتەوە چونكە ئەو بەچەپكە گوڵێكی جوانەوە هاتۆتە پێشوازی من.
دوای 6 ساڵ یەكەمجارە لەگەڵ كوڕەكەم یەكتری لەباوەش دەگرین وا دەزانم كە هێشتا ساوایەو تازە لەدایك بوە،لەدوای چەند ڕۆژێك لەپێكەوە بونی منداڵەكان لەگەڵ دایكەكان بڕیارماندا كەدرێژە بەگەشتەكەمان بدەین بەرەو ناوچەكوردستانیەكان و بەچاوی خۆمان ڕاستیەكان ببینین .
لەچوارچێوەی گەشتەكەماندا بڕیارماندا سەردانی كۆبانێ و قامیشلۆ و سەری كانی و تەل تەمەر و عامودا و حەسەكە و چەند ناوچەیەكی تریش بكەین 
كاتێك سەردانی ناوچە كوردیەكانمان كرد بەبێ هیچ ترس ودڵە ڕاوكێیەك دەچوینە ناو خەڵكی و پرسیارمان دەكردو دەمانویست لەنزیكەوە لە ئازاری ئەوانە تێبگەین كە ستەمیان لێكراوە.
ئەوانەی لەو ناوچانە دەژیان كەسانێك بون كە زۆر بەئاسانی بەرەو ڕوی مەرگ دەبونەوەو زۆریش گەشبین بون بەوەی كەڕۆژێك دێت ڕزگاریان دەبێت، بۆیە لەم پێناوەدا قوربانی زۆریان داوەو بەردەوامیش دەبن تاكو مافەكانیان دەستەبەر دەكەن ، بۆیە پێویستە لەسەر میللەتانی هەمو جیهان كەڕێز لەقوربانیدانەكانیان بگرن.
پێش هاتنم بۆ ڕۆژئاوا ئەوەی لەخەیاڵی خۆمدا بیرم لێكردبۆوە سەبارەت بەكوردو ڕۆژئاوا تەواو پێچەوانە بو لەگەڵ ئەو واقیعەی كەلەوی َ ڕوبەڕوی بومەوە.
كە لەئەڵمانیا بوم وابیرم دەكردەوە كە ئێستا لەوێ جەنگە و جەنگێكی خوێناوییە و داری بەسەر بەردەوە نەماوە هەمو شتێك نایاساییە و پاشا گەردانیە و ئارامی و ئاسایش وجودی نەماوە بەڵام وانەبو كەمن بیرم لێكردبۆوە.
ڕاستیەكەی ئەوەیە كە پێتان دەڵێم ، پڕە لەمرۆڤی جوان و وڵاتێكی جوانیان هەیەو سەرە ڕای زۆری بونی جیاوازی نەتەوە و ئایین بەڵام ئەوان پێكەوە زۆر جوان هەڵدەكەن، سەرباری هەمو ئازارەكانیان ئەوان بەشێوەیەك هۆگری خاك و نیشتیمانی خۆیانن كە وێنەیانم لەهیچ میلەتێكی دونیادا نەبینیوە ، ئەم خۆڕاگریەیان دەبێت بەرز بنرخێنرێت لەلایەن میلەتانەوە.
دەمەوێت ئاماژە بە شتێك بدەم سەرەڕای دوكەڵی شەڕو نەهامەتیەكانی ڕۆژئاوا ئاو هەوایەكی یەكجار خۆشی هەیە.
لەگەشتەكەمدا ئەوەی زۆر لەناخەوە كاریتێكردم شاری كۆبانێ بو كەوەكو مۆزەخانەیەكی جەنگی دەبینرا ، هەمو نەهامەتیەكانی جەنگی پێوە دیار بو خەڵكەكەشی ئازاترین و خۆڕاگرترین بون.
نابێت ڕۆڵی ژنە ئازاكانیان لەبیر بكەین چونكە ئەوانە لەلایەك هەوڵدەدەن ژیانیان بەڕێ بكەن و لەلایەكیش شانبەشانی پیاوەكان لەسەنگەرەكاندا بەرگری دەكەن.
چاوم بەژنە بەرپرسێكی سەربازی كەوت ، وتی ژنانی ئێرە ئەوەندە بەتوانان كە دەتوانن لەهەمو ئۆرگانەكاندا خزمەت بكەن، خۆشم ئەوەم بۆدەركەوت كەلێرە نەك ژن و پیاو یەكسانن بگرەیەكسان بونیشیان تێپەڕاندوە لەگەڵ پیاوان.
گابرێلا دەڵێت ئێستا دڵم خۆشەو شانازی بەكوڕەكەمەوە دەكەم كەبەرگری لەخاكی كوردستان دەكات دژی تیرۆرستان و نەیارانی كورد ، ئەو بۆكارێكی پیرۆز دەجەنگێت و لەم ساتە بەدواوە بۆ هەرسەركەوتنێكیان ئاهەنگ دەگێڕم.
ئەو دایكانەی كەڕۆلەكانیان لەتەواوی شارەكانی ئەوروپاوەچونەتە ڕۆژئاوا دەبێت شانازی بەكوڕەكانیانەوە بكەن كە لەگەڵ كوردەكان شانبەشانی یەكتر بەرگری لەخەڵكی كوردستان دەكەن دژی تیرۆرستان ، ئەوە شانازیەكی گەورەیە بۆ خۆمان و خانەوادەكانمان.
مرۆڤەكانی ڕۆژئاوا یەكگرتوویەكی سەرسوڕهێنەریان هەیە لەنێوان یەكتریدا زۆر هاریكارن لەناو یەكتریدا ، هەربۆیە نەیارەكانیان بەدرێژای مێژو هەوڵیانداوە لەم ڕیگەیەوە زەفەر بەكورد بگەیەنن و هەمو ڕێگەیەكی نامەردانە دەگرنە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی كورد لەبەر یەكتر .
لەدوای گەڕانەوەمان لەڕۆژئاوا بڕیارماندا پەیوەندیمان لەگەڵ كوردەكان بەردەوام بێت و هەر بۆیە لەنێو خۆماندا باسمان لەوەكرد كە لەمەودوا چۆن دەتوانین هاوكاری كوردەكانبین.
دەستمانكرد بەدروستكردنی كەمپینێك بۆكۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ئەوشتانەی لەكەمپینەكەدا كۆكرابونەوە لەڕێگەی بار هەڵگرێكەوە ڕەوانەمانكرد بۆ منداڵانی بیباوك و دایك.
لەدوای ببینینی ڕاستیەكان لە ڕۆژئاوا ئیتر من ئۆقرەم لەبەر بڕابو نەمدەتوانی لەجێی خۆم بوەستم بەبێ دەربڕینی هەڵوێستی مرۆڤانە پەیمانم بەخۆمدابولەمەودوا ئەوەی لەدەستم بێت بۆ یارمەتی كوردەكان ئەنجامی بدەم.
چونم بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بەتەواوی ژیانی منی گۆڕی پێش ئەوەی بڕۆم نەمدەزانی كوردەكان لەكوێی ئەم دنیایە دەژین بەڵام ئێستا كوردو كوردستان لەدڵی مندا دەژین، ئازاری كوردەكان ئازاری منیشە لەدڵەوە هەستیان پێدەكەم و لەهەرشوێنێك ناهەقیان بەرامبەر بكرێت ئەوا دڵنیابن چاوپۆشی لێناكەم وتا دوا هەناسەم بەرگرییان لێدەكەم.
من كەسێكی ئەڵمانیم دایكێكم كە ڕۆڵەكەم 6 ساڵە بەرگری لەكوردەكان دەكات، من هەمو ڕۆژێك ڕوبەڕوی ئەوە دەبمەوەكە هەواڵی شەهیدبونی كوڕەكەم بۆ بهێنن ، ئیتر من لەوە ناترسم و شانازی بەشەهیدبونیەوە دەكەم چونكە دەزانم كوڕەكەم بەرگری لەمیلەتێكی ستەملێكراو دەكات.
كاتێك بەراورد لەگەڵ هەندێك لەكوردەكانی ئەوروپاو كوردەكانی ڕۆژئاوا دەكەم زۆر ڕقم لەو هێندەكوردە دەبێتەوەكە بۆ ژیانێكی خۆش و پارەو سامانی دنیا كوردستانیان جێهێشتوەو هاتونەتە ئەوروپا لەوێشەوە میلەتێك خەریكە قڕدەكرێت.
گەرچی من لەگەشتەكەمدا بەزمانی كوردی قسەم نەدەكرد، بەڵام بۆمدەركەوتبۆ تێگەشتن لەكوردێك پێویست ناكات كوردی بزانیت تەنها بەدەم جولاندنیان هەست بە ئێش و ئازارەكانیان دەكەیت.

 

سەرچاوە: سایتی RT-TURKISH

وەرگێڕانی: هاوکار فایەق