دەقی رێککەوتننامەکەی نێوان پلاتفۆڕمی دابڕان و ئینیستیتۆی ئیریمۆی فەرەنسی

کوردستان 19/01/2019

لە میانی دووەم و كۆتا ڕۆژی كۆنفرانسی زانستی زەبروزەنگ و چوونە دەرەوە لە زەبروزەنگ كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، پلاتفۆڕمی دابڕان ڕێككەوتننامەیەكی مێژوویی گرنگی لەگەڵ پەیمانگەی توێژینەوە و خوێندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "ئیریمۆ" ئیمزاكرد، كە مەبەست لێی زیاتر بەرەوپێشچوونی كارەكانی پلاتفۆڕمەكەیە.

ڕێكەوتنەكە بۆ هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردو پلاتفۆرمی دابڕان و پەیمانگا فەرەنساییەكەیە لەبواری توێژینەوە و كاری هاوبەش لە هەردوو وڵات. بەمەش كارەكانی پلاتفۆرمی دابڕان لە ناوچەكە بەرەوپێشچونی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و كاریگەری ئەرێنی زیاتر لەسەر بارودۆخی ناوچەكە دروستدەكات.
لە ڕێوڕەسمێكدا كە هەریەك لە مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان و د.ژان پۆل شانیۆلۆ سەرۆكی پەیمانگەی توێژینەوە و خوێندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "ئیرمۆ" ئامادەیبوون، "ڕێككەوتننامەكە" ئیمزا كرا.
لە وتەیەكدا، پاش ئەوەی باسی لە گرنگی ڕێككەوتننامەكە كرد، مەلا بەختیار ڕایگەیاند: بەو چالاكیانەی لەماوەی ڕابردوودا ئەنجاممانداوە توانیومانە متمانەیەكی زۆر لای ناوەندە زانستیەكانی جیهان بەدەست بهێنین، وتیشی لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا ڕۆشنبیريی سیاسیەكانی كورد لۆكاڵی بووە، بۆیە ئەم كارەی ئێمە لەم چەند ساڵەدا كردومانە گۆڕانكاری گەورەیە لەو بوارەدا.

لەوبارەیەوە، د.ژان پۆل شانیۆلۆ سەرۆكی ڕێكخراوی ئیرمۆی فەڕەنسی خۆشحاڵی خۆی بە ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە دەربڕی و باسی لەوە كرد كە هەم بۆ كوردستان و هەم بۆ ناوچەكە و هەم بۆ فەرەنساش گرنگی خۆی هەیە كارێكی لەم شێوەیە. ڕایگەیاند: ئێمە دەبێت لە داهاتوودا پەیوەندییەكی باشمان هەبێت لە كوردستان بەتایبەتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.

دەقی رێککەوتنەکە بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی