شەپۆلی سەرما و سۆڵەكە، هاووڵاتیانی گەرموگوڕ كردەوە

کوردستان 19/01/2019

چاودێر- سلێمانی

ئەو شەپۆلی بەفر و سەرما و سۆڵەی هەرێمی كوردستانی لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەوە، هاووڵاتیانی پڕ جۆش و خرۆش كرد و بە گەرموگوڕییەوە پێشوازییان لە بەفر كرد و بۆ خۆشی دەربڕین روویان لە بەرزایی و چیاكان كرد.

رۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە و هەینی رابردوو شەپۆلی بەفربارین بە شێوەیەكی چڕ هەرێمی كوردستانی گرتەوە و لە زۆرینەی ناوچەكان بە سەنتەری شارەكانیشەوە بەفرێكی باش باری كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەفری لەو شێوەیە نەباریوە.

هەرچەندە بەفربارین ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ رێگای هەندێك ناوچە دروستكرد و لە هەندێك شوێنیش رووداوی هاتووچۆ و قووربانی لێكەوتەوە، بەڵام هاووڵاتیان بەشێوەیەكی گشتی خۆشحاڵ بوون بۆ بارینی ئەو بەفرە.
هاووڵاتیان بە لێشاو روویان لە چیا و بەرزایی نزیك شارەكان كرد بۆ شەڕەتۆپەڵ و وێنەگرتن و یاریكردن و خۆشی دەربڕین لە نێو بەفردا.

بەشێكی دیكە لە هاووڵاتیان روویان لە پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل بۆ هەڵگەڕان بەشاخدا كرد و  خەڵكێكی زۆر بۆ بینینی ئەو پێشبڕكێیە چونە بەرزاییەكان.


لەلایەكی دیكەوە بەشێكی دیكە لە هاووڵاتیان روویان لە گوندەكان كرد بۆ وەرزشی شاخەوانی لە نێو بەفردا، هەروەها بەسەربردنی كاتێكی خۆش لە نێو گوندەكاندا كە بە بەفر داپۆشرابوون لەگەڵ خواردنی كۆنی كوردەواری و زستانە.

هاووڵاتییەك لە بناری شاخی قەیوان كە دوو كچە بچكۆلەكەی هێنا بوو بۆ نێو بەفر باسی لەوەكرد، كە منداڵەكانی داوایان لێكردووە دوای وەرزی یەكەمی خوێندن بۆ گەشت بیانبات بۆ هەولێر، بەڵام بەهۆی شەپۆلی بەفرەكەوە سەفەرەكەی هەولێریان هەڵوەشاندووەتەوە، چونكە منداڵەكانی لەبری چوونە هەولێر، چونە نێو بەفریان هەڵبژاردووە.

هاووڵاتییەكی دیكە كە بۆ سەیركردن  وبینینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێشبڕكێی چوونە سەرشاخ دەكەن، هاتبوو، ئاماژەی بەوەكرد، هەموو جارێك كە بەفر دەبارێـت بۆ بینینی نمایشی ئۆتۆمبێلە دەبڵ ئەكسلەكان دێت لەگەڵ خێزان و منداڵەكانیدا، چێژێكی زۆر دەبینن لەو نمایشە.
وتیشی "ئەو یاری و پێشبڕكێیە بۆ خۆشی دەكرێت و هەندێك كەس ئارەزووی ئەو یارییە دەكەن بە ئۆتۆمبێلەكانیان، ئێمەش حەز بە بینینی دەكەین و ساڵانە دێین".

بەشێكی دیكەی هاووڵاتیان لە كاتی نمایشەكەدا بە مۆبایلەكانیان وێنەی ئۆتۆمبێلەكان دەگرن كە بەشاخدا هەڵدەگەڕێن و چەپڵە و دروشمی پشتیوانی بۆ ئەوانە دەڵێنەوە كە لە پێشەوەن و باشتر لەوانە دیكە بە شاخدا هەڵدەگەڕێن.