توركیا هۆشداریی دەداتە حكومەتی سوریا

جیهان 19/01/2019


چاودێر-ئاژانسەكان

 توركیا دەڵێت نابێت حكومەتی سوریا بگەڕێتەوە شاری مەنبج، ئەوەی لە ژێر كۆنترۆڵی ئەنجومەنی لەشكری سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتە.
حامی ئاكسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە ئەنكەرە گوتی نابێت ڕێگە بە هێزەكانی یەپەگە بدرێت هەوڵبدەن ڕژێمی سوریا بهێننەوە مەنبج.
وتیشی ئامانج لە نەخشە ڕێگای مەنبجی نێوان ئەنكەرە و واشنتن ڕوونە، ئەویش هێزەكانی یەپەگە لەو ناوچەیە بكشێنەوە و چەكەكانیان ڕادەستی ئەمەریكایـیەكان بكەن و مەنبج لە لایەن دانیشتوانەكەی حوكمڕانی بكرێت.
حامی ئاكسۆی باسی لەوەش كرد كە نەهێشتنی یەپەگە لە مەنبج بۆ توركیا بابەتێكە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیـیەوە هەیە. وتیشی "چاوەڕوان‌دەكرێت سیناتۆر لینزی گراهام ئەمڕۆ لە بارەی سوریاوە وتووێژ بكات لەگەڵ هەریەك لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوە و خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری".
جێی ئاماژەیە هێزكانی سوریای دیموكرات چەندان جار جەختیانكردووەتەوە كە هێزی یەپەگە لە مەنبج نەماون و تەنیا ئەنجومەنی لەشكری مەنبج كە لە دانیشتوانی ناوچەكە پـێكهاتووە كۆنترۆڵی ناوچەكەی لە ژێر دەستدایە و هەروەها ئەنجومەنێكی سیڤیلی كارەكانی ناوچەكە بەڕێوەدەبات.
توركیا دەڵێت زۆربەی دانیشتوانی مەنبج عەرەبن، بۆیە نابێت هێزە كوردیـیەكان ئەو ناوچەیەیان لە ژێر دەستدابێت. خوازیاریشە هێزەكانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنكەرە كۆنترۆڵی تەواوی ناوچەكە بكەن بە پاڵپشتی هێزەكانی لەشكری خۆی.