درووستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكووری سوریا لە قازانجی كێدایە؟

ڕاپۆرت 15/01/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی 
پێشنیازەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ درووستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە نێوان توركیا و شەرڤانانی كورد لە باكووری سوریا زۆر تەم ومژاویی دەردەكەوێت لە كاتێكدا بریارە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بكشێنەوە . 
رۆژی یەكشەممەی رابردوو دۆناڵد ترمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێكدا بڵاویكردەوە ناوچەیەكی ئارام لە باكووری سوریا بە پانتایی 30 كیلۆمەتر درووستدەكەین ئەمە لە كاتێكدایە ئەنقەرە بەنیازە هێرش بكاتە سەر شەرڤانانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن
هەرچەندە ترامپ لە تویتەكەیدا باسی لەوە نەكردوە كام لایەن سەرپەرشتی ئەو ناوچە ئارامە دەكات بەڵام رامی عەبدولرەحمان سەرۆكی روانگەی مافی مرۆڤ لە سوریا تەئكیدی كردوەتەوە كە لەكۆتاییدا توركیا دەبێتە خاوەن بریارو قسەی كۆتایی
سەرۆكی روانگەی مافی مرۆڤ لە لێدوانێكیدا بۆ سكای نیوزئاشكرای كردوە ئەو ناوچە ئارامەی كە بە قوڵایی 30 كیلۆمەترلەناوخاكی سوریا درووستدەكرێت لەبنەرەتدا داواكاریی حكومەتی توركیایە بە ئامانجی دوورخستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل و شەرڤانانی سوریای دیموكرات لە سنورەكانی توركیا. 
ناچەیەكی ئارام دوور لە چەكدارە كوردەكان

رامی عەبدولرەحمان دەڵێت : چەمكی ئارام بەو مانایە دێت كەناوچەكە ئارام بێت و چەكدارە كوردەكانی لێدووربخرێتەوە كە لە ئێستا بنكەو بارەگایان لە نزیك سنوركانی توركیا دامەزراندوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە ئەو ناوچە ئارامەی لە باكووری سوریا درووستدەكرێت لە ریفی مەنبجەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە سنورەكانی عیراق وناوی لێدەنرێت " ناوچەی دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەر" كە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا بەرێوەدەبرێت ،بەو مەرجەی لەژێر چاودێری توركیادا بێت.
باسی لەوەشكردوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كار بۆ ئەوە دەكات ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات بداتەدەست چارەنوسی خۆیەوە بەگۆێرەی ئەو پلانەی كە توركیا نەخشەی بۆ كێشاوەونەخشەی بۆ دەكێشێت بەو شێوەیەیی كە هانی توركیا بدات تەواوی ئەو ناەچەیە بخاتە ژێر چاودێری خۆیەوە.
بەڵێنەكانی ئەمریكا بۆ كورد فێڵ و تەڵەكەبازییە
سەرۆكی روانگەی مافی مرۆڤ لەسوریا لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ سكای نیوز ئاشكرای كردوە ئەو بەڵێنانەی كە ئەمریكا باسی لێوەدەكات سەبارەت بە پاراستن و پشتیوانیكردنی گەلی كورد تەنها " فێڵە" وهیچی تر كە ئامانج لێی دواخستنی هەر رێككەوتن ولەیەكگەیشتنێكە لەنێوان هێزەكانی سوریا دیموكرات لەلایەك  و دیمەشق و مۆسكۆلەلایەكی دیكەوە
رامی روونیشیكردوەتەوە ئامانجی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەدواخستنی ئەو رێككەوتنانە تەنها بۆ ئەوەیە بوار بۆ هێزەكانی توركیا بڕەخسێنێت بە ئاسانی هێزەكانی خۆی بگێنێتە باكوری سوریا لەكاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە مەنبج و خۆرهەڵاتی فورات وشۆێنی هێزەكانی ئەمریكا بگرنەوە.
ماوەتەوە بڵێن تا ئێستاش رووسیا دژی ئەو پێشنیازەی واشنتۆنە سەبارەت بە ئایندەی كۆنترۆڵكردنی باكووری فورات ، ئەوەش وا دەكات دەرگا لەبەردەم چەندین سیناریۆی دیكەی پێشبینی نەكراودا كراوەبێت كە لەچەند رۆژی داهاتوودا روودەدەن.
سەرچاوە // سكای نیوز عەرەبی