راهێنەرێكی دیكە لە پریمەرلیگ دورخرایەوە

وەرزش 14/01/2019

چاودێر: یانەی هەدەرسفێڵد، كە لەدوایین پلەی ریزبەندیی پریمەرلیگدایە، دەیڤد ڤاگنەری راهێنەری لە پۆستەكەی دورخستەوە.
ئیدارەی یانە ئینگلیزییەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە "بەرازیبوونی هەردوولا، كۆتایی بە گرێبەستی دەیڤد ڤاگنەر هێنرا".
یانەی هەدەرسفێڵد لەسەردەستی ڤاگنەری تەمەن 47 ساڵ، بە كۆكردنەوەی تەنها 11 خاڵ لە پلەی بیستەمی ریزبەندیی پریمەرلیگدایە. لە 22 یاری تەنها 2 یاری بردۆتەوە و 5 یاری یەكسان بووە، 15 یاریشیان دۆڕاندووە.
دورخستنەوەی ڤاگنەر پاش چەند هەفتەیەك دێت لە دورخستنەوەی خۆزێ مۆرینیۆی پورتوگالی لە ئەركی مەشق و راهێنانی یانەی مانچستەر یونایتد.