داوا دەكرێت عادل عەبدولمەهدی لە پارلەمانی عیراق رونكردنەوە بدات

عێراق 13/01/2019



 بابان – ئاژانسەكان:

پارلەمانتارێكی عیراق  لەسەر لیستی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، داوا لە عادل عەبدولمەهدی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەكات بچێتە پەرلەمان و روونكردنەوە لەسەر ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا و ئەركەكانیان لە عیراقدا بدات.
عالیە نوسەییف، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: ناڕونییەك لەسەر ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا و بنكەكانیان و ئەركەكانیان لە عیراقدا هەیەو هیچ رۆشنییەك لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقەوە دەربارەی ئەم بابەتە بونی نییە.
نوسەییف دەشڵێت: كۆمەڵێك نوسراو و داواكاریم دەربارەی هەمان بابەت ئاراستەی كابینەی حكومەتی پێشوو كردوە، بەڵام بەرپرسان هیچ وەڵامێكیان نەبوە.
هەر سەبارەت بەو پرسە، ئەو پەرلەمانتارە داوا لە عادل عەبدولمەهدی، بەسیفەتی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەكات، كە بچێتە پەرلەمان و روونكردنەوەی پیویست بدات، بەپێویستیشی دەزانێت لەوبارەیەوە لێكۆڵینەوە بكرێت بەتایبەتی لەسەر رێكەوتننامەی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغدا، كە تێیدا هاتووە ئەركی هێزە بیانیەكان تەنها راهێنان و راوێژكارییە.

سەرچاوە: سایتی (صوت العراق)