ترس هەیە شەڕی میدیایی حیكمەو عەسائیب بگاتە شەڕی چەكداریی

عێراق 12/01/2019



شرۆڤەكاری سیاسی و پسپۆڕی سەربازی سفا ئەعسەم، هۆشداریی دەدات لە چڕبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان رەوتی حیكمەو عەسائیبی ئەهلی حەق، كە لەشەڕی میدیاییەوە باڵ بكێشێت بۆ شەڕی چەكداریی.
ناوبراو، بە سایتی شەفەق نیوزی راگەیاندوە، قوڵبونەوەی ناكۆكیەكانی هەردوولا مەترسیدارە چونكە هەردوكیان باڵی سەربازی و هێزی چەكداریان هەیە.
رۆژی هیەنی رەوتی عەسائیبی ئەهلی حەق، هێرشی توندی كردە سەر كەناڵی فورات-ی سەر بە رەوتی حیكمە، رایانگەیاند، ئەو كەناڵە سوكایەتیی بە عەسائیبی ئەهلی حەق كردوەو داوایان كرد خۆپیشاندان دژی كەناڵەكە بكرێت.
پێشتر كەناڵی فورات لەهەواڵێكدا بڵاویكردبۆوە كە بكوژی خاوەنی چێشتخانەی لیمونە لەشاری بەغداد، دەستگیركراوەو ناسنامەی عەسائیبی ئەهلی حەقی پێبوە. ئەمەش رەوتی عەسائیبی ئەهلی حەقی توڕە كردو كەشێكی نائەمنی شاری بەغدادی گرتەوەو هەردوولا نزیك بون لەوەی پێكدا بدەن.