كتێبە نوێیەكەی مەلا بەختیار، باسی چی دەكات؟ كەی بڵاودەبێتەوە؟

رۆشنبیری 27/12/2018


چاودێر- تایبەت:
نوێترین كتێبی مەلا بەختیار، بەناونیشانی (هەڵبژاردن و پۆپۆلیزم)، لەئێستادا لەژێر چاپدایەو بڕیارە لەئایندەیەكی نزیكدا چاپەكەی تەواوببێت و بڵاوبكرێتەوە.
هەڵبژاردن و پۆپۆلیزم، زادەی 15 كۆڕی ناوبراوە كە لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2018، لەزۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان ئەنجامی دا. كە تێیدا لەڕوی زانستی سیاسی و فكری سیاسی، تەواوی چەمكەكانی هەڵبژاردن و دیموكراسی و دەساودەستكردنی دەسەڵات و حزبی پاشخان پۆپۆلیزم و حزبی خاوەن ستراتیژ و چەندین چەمك و روداو و پێشهاتی سیاسی باس دەكات.
لەدوای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەساڵی 1992، ئەمە یەكەمینجارە بە شێوازێكی مۆدێرن، بانگشەی هەڵبژاردن لەرێگەی كۆڕی فكری و سیاسی ئەنجام بدرێت، كە ئەویش داهێنانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مەلا بەختیار، دەنا زۆربەی بانگەشەكان هەمیشە دروشمبازی و هوتاف و فێستیڤاڵی گۆرانی و هەڵپەڕكێ و شەڕە پەڕۆ بووە. بەڵام لەكتێبی (هەڵبژاردن و پۆپۆلیزمدا) روداوەكان، ئامانج و هەڵوێستی حزبەكان، سیاسەتی حزبەكان، موزایەدەی بەر لە هەڵبژاردن، هەموویان بە شێوازێكی فكری و زانستیانە خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت.
هەر لەوبارەیەوە، مەلا بەختیار، لەپێشەكیەكدا بۆ كتێبەكە، رونكردنەوەیەكی كورت لەسەر ئەو جۆرە بانگەشەیە و خودی كتێبەكە دەدات. ناوبراو لەو پێشەكیەدا ئاماژە بەوەدەكات: ئەم كتێبە، وەكو كۆبەندی (15) كۆڕ كە لە(7/2/2018) لەزانكۆی گەرمیان، دەستمپێكردو دوا كۆڕیش لە (9/5/2018) لەشاری كۆیە، كۆتاییم پێهێنا، بابەتگەلی كۆڕەكان، سەرجەم پەیوەندییان بەو كێشە سیاسی‌و ململانێی ناو هاوكێشە كۆن و نوێ سەرهەڵداوەكەی، ناو كوردستان‌و عیراق‌و یەكێتییەوە هەیە. پێمخۆشە، دوو راستی، لەم پەیڤەدا، وەكو كورتە پەیامێك رونبكەمەوە:
یەكەمیان : یەكەمینجار بوو، لەمێژووی هەڵبژاردنی كوردستان‌و عیراقدا، هێندەی زانیاریشم هەبێ‌، لەناوچەكەشدا، بەشێك لەهەڵمەتی هەڵبژاردن، دوور كەوتنەوەبێ‌ لەفێستیڤاڵ و چەپڵەڕێزان‌و هۆڵ پڕكردن بە ئۆتۆمبێل‌و بەناردنی فەرمانبەران بۆ ناو هۆڵەكان. بەمیتۆدێكی نوێ‌ چەشن، كە ئەویش كۆڕی سیاسی-شیكاری- هزرییە، ئەنجامبدرێ‌.. خەسڵەتی ئەم كۆڕانە، كە ئێمە لەگەرمەی هەڵبژاردندا دامانهێناوە، دووركەوتنەوەیە لەدروشمبازیی‌و رق و كاردانەوە. زۆرتر، شیكردنەوەی رووداوەكان و، لێكدانەوەی سیاسەتی نەیاران‌و، تاڕادەیەكیش، توێژینەوەی دەرونشیكاریش تێهەڵدەكێشرێتە دووتوێی ئەم بابەتەی ململانێكان.
دووەمیشیان: كەمجار لەمێژووی رەخنە لەسیاسەتەكان ‌و پێشبینی ڕووداوەكان، بە ئەندازەی چاوەڕوانییەكانی ناو بابەتگەلی ئەم كتێبە، لەگەرمەی ناكۆكییەكان و كێشمەكێش‌و جیابوونەكاندا، بۆچوونەكان لەماوەیەكی كورتدا، راست و دروست دەرچون. جارێ‌، فریانەكەوتین بابەتی كۆڕەكان بۆ ئەم كتێبە چاك و چاپ بكەین، بۆچوونەكانمان دەربارەی سەرهەڵدان و هەڵدێران، سەبارەت بەگەلێ‌ راستی، هاتنەدی..! بۆئەوەی ئەم رووداوانەو هەڵبەزو دابەزی رەوتە سیاسییەكان، بەكۆبەندی بخرێنە كتێبخانەكانی كوردستان‌و، راستییە مێژوویەكان نەكرێنە قوربانی پیلانگێڕی‌و، لەناو ویژدان زیندوواندا بمێنێتەوە، پێمانباشبوو كۆڕەكان لەم كۆبەندەدا چاپ بكەین، بۆ ئەوەی ئەم بۆچوونەشمان، بەدەردی سەدان بۆچوونی دیكەمان لەشۆڕش‌و راپەڕین‌و سایەی حكومەت، نەبرێن..! ئیدی ئەو كەسە كەسە، حەرفێكی بەسە!