پلاتفۆڕمی دابڕان و خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس، لەسلێمانی كۆنفرانسێكی هاوبەش رێكدەخەن

ڕاپۆرت 26/12/2018



رۆژانی 17 و 18ی مانگی یەكی 2019 پلاتفۆڕمی دابڕان و خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس، كۆنفرانسێكی هاوبەش لەژێر ناونیشانی (زەبروزەنگ و چونەدەرەوە لە زەبروزەنگ) لەشاری سلێمانی رێكدەخەن، كە تێیدا چەندین توێژەر و سۆسیۆلۆگی بەناوبانگی جیهانی و ناوخۆیی بەشداریی لە كۆنفرانسەكەدا دەكەن.
لەوبارەیەوە نیكۆلا ئەشرەف شاڵی ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنفرانس، بە (چاودێر)ی راگەیاند زیاتر لە 30 توێژەر لەو كۆنفرانسەدا توێژینەوەكانیان پێشكەش دەكەن، بابەتی توێژینەوەكانیش هەمەچەشنن و لەچەند بوارێكی جیاجیادایە، بەڵام ئامانج لەسەرجەمیان دەرچونە لە دیاردەی زەبروزەنگ.
ناوبراو رونیشیدەكاتەوە: توێژەرەكان تەنها شەشیان كوردن، ئەوانیتر ئەوروپین لە وڵاتەكانی فرنسا و روسیا و ئیتالیا و بریتانیا هاتون هەروەها ئەمەریكی و سنگافوری و جەزائیری و مەغریبی و لوبنانیشی تێدایە. ئەو توێژەرانەی بەشدارن سەرجەمیان كەسانی بەتوانا و ناسراوی ئەكادیمین و لەئاستێكی باڵادان، لەپال ئەوانیشدا كەسانی خاوەن ئەزمون بونیان هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی چاودێر چەند توێژەر و سۆسیۆلۆگی بەناوبانگی جیهانی بەشداریی لە كۆنفرانسەكەدا دەكەن، لەوانە دانیال جولی پرۆفیسۆری فەخری لە زانكۆی وارویك-ی بریتانیا، توێژەری هاوكار لە كۆلێژی توێژینەوەی جیهانی، خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس. هەروەها پرۆفیسۆر میشێل ڤیڤیۆركا، سەرۆكی خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس. د. بریۆنۆ نوبێر باڵیۆزی فرەنسا لەعێراق. پرۆفیسۆر ئانیەس لۆڤللوا، جێگری سەرۆكی پەیمانگای توێژینەوەو خوێندنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس، دەزگایەكی گەورەی ئەكادیمی فرەنسی و جیهانیە كە سۆسیۆلۆگی بەناوبانگی فرەنساو جیهان میشێل ڤیڤۆركا، سەرۆكی خانەكەیە، ئەم خانە ئەكادیمیە پرۆژەیەكی گەورە لەچوارچێوە پانێلی نێودەوڵەتی چونە دەرەوە لە زەبروزەنگ  بەڕێوەدەبات، ئەم كۆنفرانسە هاوبەشەشی لەگەڵ پلاتفۆڕمی دابڕاندا هەر لە چوارچێوەی ئەو پانێلە نێودەوڵەتیەدایە.
لەبارەی ناونیشانی كۆنفرانسەكەوە (زەبروزەنگ و چونەدەرەوە لە زەبروزەنگ)، نیكۆلا ئەشرەف شاڵی، دەڵێت "ناونیشانی كۆنفرانس لەو پرۆژە هاوبەشە نێودەوڵەتیە وەرگیراوە كە خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس لە چوارچێوەی پانێڵی نێودەوڵەتی چونەدەرەوە لە زەبرەزەنگ سەرپەرشتی دەكات كە ١٠ گروپی نێودەولەتی لە خۆ دەگرێ و ١٨٠ توێژەر لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە لەم گروپانەدا كاردەكەن. بۆ ئەو مەبەستەش خانەی زانستە مرۆیەكانی پاریس لەگەڵ ٢٥ پارتنەر كار دەكات و یەكێك لە پارتنەرەكانی پلاتفۆرمی دابڕانە".
دەربارەی گرنگیی ئەم كۆنفرانسەو سودەكانی بۆ هەرێمی كوردستان، ناوبراو ئاماژە بەوەدەكات: ئامانجی ئەم كۆنفرانسە، گرێدان ‌و دروستكردنی پەیوەندییە لەنێوان هەرێمی كوردستان ‌و جیهانی دەرەوەی خۆیدا لە بواری ئەكادیمی ‌و ئەنجامدانی توێژینەوە و كاری هاوبەش لە بوارێكی زیندوودا. توێژەرانی ئەم كۆنفرانسە لە پاڵ خستنەڕووی جۆرەكانی زەبرو زەنگ، سەرجەم راپۆرتی شیكاری و تێڕوانینی خۆیان بۆ دەرچوون لەزەبرو زەنگ لە چوارچێوەی گفتوگۆیەكی هەمیشەیی لەگەڵ بڕیاردەرانی سیاسی ‌و تایبەتمەندی مەیدانیەكان ‌و پێشكەشكردنی پێشنیاری گونجاو لەبەرژەوەندی ناوەندی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتیەكانی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەن.
وتیشی "لەبەرئەوەی ئەم كۆنفرانسە كەسانی توێژەری تایبەتمەند لە چەند بوار و وڵاتی جیاوازی جیهانی گرتۆتەخۆ، بۆیە دەتوانێ‌ ئاستێكی باڵای شیكاری جیاواز لە بوارە جیاجیاكاندا پێشكەش بكات، نموونەی دادگەری گوزەری، بنیاتنانی ئاشتی ‌و دووبارە ئامادەكردنەوەی تاكەكان و هەروەها بنیاتنانی یادەوەری كۆمەڵایەتی".