بۆ یەكەمجار ناوچەیەكی هەرێم بەوێنە دیكۆمێنێت دەكرێت

تەکنەلۆجیا 26/12/2018

چاودێر: تایبەت
گروپێكی خۆبەخشی گەنجان كە كاری فۆتۆگرافی لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆ یەكەمجار كار بۆ بەدیكۆمێنتكردنی ناوچە جیاوازەكانی سنووری قەزای پێنجوێن لەرێی هونەری فۆتۆگرافی دەكەن.

 
لەوبارەیەوە، دانا ئەحمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی گروپی فۆتۆگرافەری گەڵا، بەچاودێری راگەیاند: گروپەكەمان كە لە(50) فۆتۆگرافەر پێكدێت و لەیەكەم رۆژی پایزی ئەمساڵ دامەزراوە، پێشتر سێ گەشتی فۆتۆگرافی ئەنجام بۆ ناوچە جیاوازەكانی كوردستان ئەنجامداوە و لەئێستاشدا بەهەماهەنگی هەردوو ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕانیە و پێنجوێن، ئامادەكاریمان كردووە بۆ گەشتێكی فۆتۆگرافی، كە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

روونیشیكردەوە،"هۆكاری ناونانی گەڵا بۆ گروپەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گەڵا لەهەرچوار وەرزی ساڵدا هەیە و ئامانجی گروپەكەش ناساندن و بە دیكۆمێنتكردنی سروشت و كەلتور و كەلەپوری كوردیە بەوڵاتانی دەرەوە و سەرەتاش لەپێنجوێنەوە دەستپێدەكەین".

وتیشی"ڕۆژی پێنجشەمەی ئەم هەفتەیە، گەشتێك بۆ قەزای (پێنجوێن و گوندەكانی) دەكەین و چەندین وێنەی شوێنە گەشتیاری و ناوچە جیاوازەكانی پێنجوێن بەتایبەتیش وێنە و دیمەنی بەفر و سروشتی  ناوچەكە دەگرین و بە بەدیكۆمێنتی دەكەین".

ئەوەشی خستەڕوو،"بڕیاریشە هەر لەمیانی سەردانەكەماندا بۆ پێنجوێن، لەناوەندی وەرزش و لاوانی پێنجوێن بەئامادەبوونی قائیمقامی پێنجوێن، چەندین مامۆستاو كەسایەتی بەئەزموونی ناوچەكە لەڕوی جوگرافیاو و مێژوو، ئابوری، زانیاری بە ئامادەبوان بدرێت و چەندین سیمینار و ۆرك شۆپیش ئەنجام بدەین، كە ئەوەش لەلایەن  فۆتۆگرافەرانی خاوەن ئەزموونەوە باس لەچەند زانیاریەك دەربارەی شێوازو چۆنیەتی فێربوونی فۆتۆگرافی دەكرێت".