هەرێمی كوردستان: 49 ملیۆنەكە بەسەر پەرلەمانتاراندا دابەشكرا و ناڕەزایەتی لێكەوتەوە

ڕاپۆرت 24/12/2018

چاودێر: 

  پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان 49 ملیۆنی خانەنشینییەكەیان بەسەردا دابەشكرا و شرۆڤەكارانیش هۆشداری دەدەن لەوەی جارێكی دیكە خۆپیشاندانەكان سەرهەڵبدەنەوە لە حاڵی چارەسەرنەكردنی كێشەكانی هاووڵاتیان بە تایبەت موچە و خزمەتگوزاری.

بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان 49 ملیۆنی خانەنشینی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەماندا دابەشكردووە، بەڵام چەند پەرلەمانتارێك رەتیانكردووەتەوە.

پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە 80%ی موچەكانیان كە دەكاتە 6 ملیۆن دینار خانەنشینكراون و 49 ملیۆنیشیان بەسەریەكەوە پێدراوە.

ئەمە لەكاتێكدا دوێنێ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی پەرلەمانتاران و ئەوەی بە پێچەوانەی دەستووری وڵات ناوبرد.

لەكاردانەوەی ئەو بڕیارەشدا ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ئەوەی ئاشكراكرد كە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و جێبەجێدەكرێت.
وتیشی "بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەرانسەری عێراقدا جێبەجێدەكرێن".

بەپێی زانیارییەكان چەند پەرلەمانتارێك رەتیانكردووەتەوە ئەو پارەیە وەربگرن و پەرلەمانتارێكیش لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكردووە كە 49 ملیۆنەكە دەبەخشێتە پارێزگای هەڵەبجە.

ئاری هەرسین ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كردووە، پەرلەمانتاران لە كۆتایی دا خانەنشیندەكرێن و موچەی 6 مانگیان پێكەوە پێ دەدرێت، ئێستا ئەو 52 ملیۆن و كەسرێكی وەرگرتووە و دەیبەخشێتە هەڵەبجە.

سەرەتای ئەمساڵ پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی پەسەند كرد، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی لە ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران كە 4 ملیۆنیان بۆ خۆیان دانابوو، یاساكە گەڕێندرایەوە بۆ پەرلەمان.

بەهۆی ناكۆكی نێوان فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان لەلایەك و ناكۆكی نێوان پەرلەمان و حكومەت لەسەر یاساكە، لە پەرلەمان پەكیكەوت.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێناوەو بە نیازیشە كابینەی نوێ پێكبێنێت، چەند جارێك لە رێگای بەرپرسەكانیەوە جەختیكردووەتەوە كە واز لەو یاسایە ناهێنن و لەم خولەدا كاری لەسەر دەكەنەوە.

موچەی پلەباڵاكان لەنێویاندا پەرلەمانتاران لە سەرانسەری عێراق چەند ساڵێكە ناڕەزایەتی زۆری لەسەر دروستبووە و لە چەند لایەنەوە داوای دادپەروەری موچە كراوە.

زۆری ئیمتیازات و موچەی پەرلەمانتاران و پلەباڵاكان لەكاتی بوونیان لە پۆستەكانیان و دوای خانەنشینبوونیشیان لەلایەك و خراپی گوزەرانی هاووڵاتیان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان نیگەرانی هاووڵاتیانی زۆرتر كردووە و بەمهۆشەوە چەند جارێك خۆپیشاندانی گەورە لە عێراقدا ساز كراون.

بەپێی داتا فەڕمی و نافەڕمییەكانی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار و 30ی ئەیلول لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش رێژەیەكی زۆری هاووڵاتیان وەك نیشانەیەكی ناڕەزایەتی بەسەرجەم لایەن و حزبەكان نەچوونە سەر سەندووقەكانی دەنگدان.

شرۆڤەكاران لای خۆیانەوە هۆشداری دەدەن لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان و گەورەتربوونی خۆپیشاندانەكانی ناوچەكانی عێراق كە ماوەیەكی زۆرە ماوە ماوە لە باشوری عێراق و بەغدا بەردەوامییان هەیە.

لای خۆیەوە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیامێكدا پێشتر رایگەیاند "دەمەوێ‌، سەرنجی ئەو لایەنانە بۆ ئەم راستییانە رابكێشم كە پێكەوە رێكدەكەون‌و كابینەی نۆهەم پێكبهێنن، ئەویش هەموو لایەنەكان بەهەموو توانای راگەیاندن‌و، هێزی چەكدارو دەستڕەنگینی لەهەڵبژاردندا، نەتوانرا نیوەی خەڵك، لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن، كەمەندكێش بكرێنە ناو بازنەكە. ئەمە ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیە و هۆی سەرەكی ئەم دڕدۆنگییە، لاوازبوونی متمانەی خەڵكە، بەسەركردایەتی‌و سیاسەت‌و بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان. كە ئەمەش، سەرەنجامی كەڵەكەبونی گرفت‌و گەندەڵی‌و ئەو بارە نالەبارەی خەڵكە".
ناوبراو وتوشیەتی "ئەم بێ‌ متمانەییە، كە جارێ‌ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ‌، لەم دۆخەی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا، پێویستە لەكابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێ‌‌".

مەلا بەختیار دەشڵێت "هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لەعیراق‌و یاخود لەكوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات، بیرمان نەچێ‌ كێشەی نێوان ئەمریكا‌و دەوڵەتانی كەنداو‌و ئێران، هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابوریی‌و سیاسی چارەسەر نەكراوی تەواوی ناوچەكە، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی بەهاری عەرەبی، هاوكات كێشەی نێوان شیعەكانی عیراق، هەروەها سوننەكانی عیراق، ئینجا ئەو رێژە كەمەی كە لەبەغداد‌و ناوچەكانی تری عیراق بەشداریان كردووە، خۆپیشاندانەكانی بەسرەو پارێزگاكانی تر، لەكاتێكدا هێشتا پاشماوەی جەنگی داعش‌و ناوچە وێرانكراوەكانی جەنگ ساڵەهای ساڵی دەوێ‌ چارەسەر بكرێن، ئەمانە دەبێ‌ هەموویان لەبەرچاو بگیرێن كە كاریگەریان لەسەر كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەش هەیە، بێگومان یەكانگیربوونی هەموو ئەم رووداوانەو كاریگەریان لەسەر هەست‌و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان، خرۆشانی خەڵك دەكاتە ئەنجامێكی مەترسیدار بۆ سەر هەمووان".

هۆشداریش دەدات "لەدۆخێكی نەخوازراوی واشدا، جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەرچوون، نەلایەنەكانی دەسەڵات‌و، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە. ڕەنگە، لەهەلومەرجێكی ئاوهاشدا، چەند رابەرێكی دەركەوتووی سۆسیال-مێدیا، بۆ ماوەیەك بتوانن روداوەكان، بەئاراستەی پۆپۆلیستی‌و ئاژاوەگێڕی، رابەرایەتی بكەن".