ڤیدیۆ: كلاسیكۆی سەدە كۆتاییهات.. یانەی هەژاران شكستی هێنا

وەرزش 09/12/2018

چاودێر: یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی نازناوی جامی لیپەرتادۆرسی بەدەستهێنا، پاش ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە بۆكاجۆنیۆرزی هاونیشتمانیی بردەوە.
یارییەكە كە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، لە 90 خولەكی یاساییدا 1-1 یەكسان بوو، دواتر لەكاتی زیادكراودا ریڤەرپلەیت دوو گۆڵی تۆماركرد و جگە لە بردنەوەی نازناوەكە سەركەوتنیشی بۆ مۆندیالی یانەكان مسۆگەركرد، كە رۆژانی داهاتوو لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
ئەوان لە یاریی چووندا 2-2 یەكسان بوون.
ئەمە یەكەمجار بوو بۆكا و ریڤەر لە یاریی كۆتایی لیپەرتادۆرسدا روبەڕوی یەكتر ببنەوە، كە گەورەترین پاڵەوانێتیی سەر ئاستی ئەمەریكای لاتینە. 
ئەم دوو یانەیە ململانێیەكی توند و مێژوویی لەنێوانیاندا هەیە، هەر بەهۆی شەڕ و ئاژاوەی هاندەرانەوە بوو كە یارییەكە گواسترایەوە بۆ ئیسپانیا.
هەرچەندە هەردوو یانە لە ناوچەی بۆكای هەژارنشین لە باشووری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین دامەزراون، بەڵام دواتر ریڤەرپلەیت بارەگاكەی بۆ ناوچەیەكی دەوڵەمەند دەگوازێتەوە و لەمەیشەوە بۆكا وەك یانەی هەژاران ناوی دەركردووە.