نووسەرێک لە پورتوگالەوە

ڕەخنەی چاودێر 09/12/2018

وەرگێڕانی: بنار باقی

فێرناندۆ پێسۆوا، لە ساڵی ١٨٨٨ـدا لە لیسابۆنی پورتوگال لە دایک بووە. پێسۆوا پاش مەرگی باوکی (١٨٩٣)، دە ساڵی لە دوربانی ئافریکای باشوور بەسەر برد. چونکە دایکی لەگەڵ ڕاوێژکارێکی پورتوگالی زەواجی کرد و چوون بۆ ئەوێ. پێسۆوا لەم ڕۆژگارەدا زمانی ئینگلیزیی فێر بوو و لەگەڵ ئەندێشەی ڕۆشنبیرانەدا ئاشنا بوو.
فێرناندۆ پێسۆوا لە ساڵی ١٩٠٦ـدا گەڕایەوە بۆ لیسابۆن و دەیویست لە بواری ئەدەبیاتدا بخوێنێت، بەڵام پاش ساڵێک، خەیاڵی ئەوەی لە مێشکی خۆی دەرکرد. پێسۆوا، لە ساڵی ١٩٠٧ـدا ڕۆ چووە ئەندێشەی بنیادنانی چاپخانەوە و پاش چەند مانگێک شکستی هێنا. ئەو لە ١٩٠٨ـدا، نوێنەریی کۆمپانیا بازرگانییەکانی قەبووڵ کرد و تا کۆتاییی تەمەنی درێژەی بەم پیشەیە دا.
کتێبی "نیگەرانی" کە پێسۆوا بیست ساڵ لە تەمەنی بۆ نووسینی تەرخان کرد، بەڵگەیەکی فەرامۆشنەکراوە لە خەمی بوونگەرایانەی ئەو. ئەم کتێبە دەپەرژێتە سەر بابەتگەلێکی وەک هاتنەبوونی مرڤ، واتای ژیان و نهێنییەکانی خود.
پاش پەیداکردنی دووبارەی دەستنووسەکانی پێسۆوا لە ١٩٨٢ـدا، جیهانیان درکیان بە توانای وەسفهەڵنەگری ئەو کرد و تێگەیشتن کە پێسۆوا مەزنترین نووسەری سەدەی پورتوگالە، یەکەمین بنیادنەری مۆدێرنیزم لە وڵاتەکەیدا و هەروەها یەکەمین نووسەری پۆستمۆدێرنی جیهانیش بووە.
فێرناندۆ پێسۆوا، بە قووڵی لەژێر کاریگەریی خەییامدا نووسیویەتی و گەلێک ستایشی قووڵتێهزرین و جیهانگەریی خەییامی کردووە و لە هەر کوێدا دەرفەتێکی هەبووبێت چەند دێڕێکی لە بارەی خەییامەوە نووسیوە. تەنانەت کتێبی نیگەرانییەکانی پێسۆوا بە چەشنێک لەگەڵ ئەندێشەی خەییامدا یەک دەگرێتەوە. بەڵام پێسۆوا لە شیعرنووسیندا هاوتای ڕیڵکەیە و بە پێی قسەی ڕەخنەگرەکان شتێکی لە هۆنراوەکانی شەکسپیر کەمتر نییە.
ڕۆزا دیاز، خوشکەزای فێرناندۆ پێسۆوا دەڵێت: "فێرناندۆ خاڵم بوو و من نزیک بە پێنج ساڵ لەگەڵیدا ژیام. من تەنیا وەکوو خاڵ بیرم دەکەوێتەوە نەک وەکوو شاعیر. دایکم چی لە دوای ئەو بەجێ ما، پێشکەشی کتێبخانەی میللیی کرد. هێشتا ئەندێشە نهێنیئامێزەکانی ئەو بۆ هیچکەس ئاشکرا نەبوون."
فێرناندۆ پێسۆوا، مەزنترین شاعیری پورتوگال، گیرۆدەی نەخۆشیی چەندشەخسییەتیی بوو. ئەم نەخۆشییە جۆرێک پەرێشانیی دەروونییە کە لە ئەنجامی بەدینەهاتنی نیازە دەروونی و جەستەیییەکانەوە دێتە دی و کەسەکە لە دەروونیدا چەند کەسایەتییەکی جیاوازی بۆ دروست دەبێت کە دەچنە کێبەڕکێی یەکترەوە. قورسیی نەخۆشییەکەی ئەو بە چەشنێک بوو، کە پێسۆوا هاوزاکانی خۆی پۆلێنبەندی کرد و ناوی لێ نان و تەنانەت بەڵگەنامەی خوێندن و پیشەی بۆ دەرهێنان.
فێرناندۆ پێسۆوا لە ساڵی ١٩٣٥ـدا کۆچی دواییی کرد و تا کاتی مەرگی زۆر بە نەناسراوی مایەوە.