ڤیدیۆ: بە هاتریكی محەمەد سەڵاح لیڤەرپول گەیشتە لوتكەی ریزبەندی

وەرزش 08/12/2018

چاودێر: محەمەد سەڵاحی میسری سەركردایەتیی یانەی لیڤەرپولی كرد بۆ گرتنی پلەی یەكەمی ریزبەندی خولی ئینگلتەرا بەشێوەیەكی كاتی، پاش ئەوەی توانی هاتریك تۆماربكات و سێ خاڵ ببەخشێتە یانەكەی.
ئەمڕۆ شەممە یانەی لیڤەرپول لەدەرەوەی یاریگای خۆی بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی بۆرنمۆسی بردەوە.
محەمەد سەڵاح سێ گۆڵی تۆماركرد و گۆڵەكەی دیكەش لەلایەن بەرگریكارێكی بۆرنمۆسەوە بەهەڵە لەخۆیانی تۆماركرد.
بەم بردنەوەیە لیڤەرپول بە 42 خاڵەوە بەشێوەیەكی كاتی چووە پلەی یەكەمی ریزبەندی. چاوەڕوانی شكست یان یەكسانبونی مانچستەر سیتی دەكات بەرامبەر چێڵسی، بۆ ئەوەی لە لوتكەدا بمێنێتەوە.
بە تۆماركردنی ئەو سێ گۆڵەش محەمەد سەڵاح شانبەشانی ئۆبامیانگی هێرشبەری ئارسناڵ بە 10 گۆڵەوە سەرووی لیستی گۆڵكارانی پریمەرلیگیان گرتووە.