نیمار داهاتووی خۆی ئاشكرادەكات

وەرزش 06/12/2018

چاودێر: زۆربەی سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە نیمار داسیلڤای بەرازیلی لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەدا ریزەكانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی جێدەهێڵێت. ئەستێرە بەرازیلییەكەیش لەدوایین دەركەوتنیدا ئارەزووی خۆی نیشاندەدات بە یاریكردن لە خولی ئینگلتەرا.
نیمار لە ڤیدیۆیەكدا لە یوتیوب دەڵێت "نازانین داهاتوو چی روودەدات، بەڵام هەموو یاریزانێكی گەورە پێویستە رۆژێك لە رۆژان لە خولی ئینگلتەرا یاری بكات" ئەمەیش وەك ئاماژەیەك دەبینرێت بۆ ئارەزووی نیمار بۆ پەیوەندیكردن بە یەكێك لە یانەكانی ئەو وڵاتەوە.
نیمار داسیلڤای بەرازیلی هاوینی پێشووتر لەبەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆدا بەرشەلۆنەی جێهێشت و درێسی پاریس سانجێرمانی پۆشی، بەڵام ماوەیەكە بەچڕیی باس لەوەدەكرێت ئەستێرە بەرازیلییەكە دڵخۆش نییە بە یاریكردن لە پاریس و دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یانەیەكی دیكە ئیمزابكات.
پێشتر باس لەوەدەكرا كە نیمار دەیەوێت بگەڕێتەوە یانە كۆنەكەی "بەرشەلۆنە"، بەڵام لەم وەڵامەیدا لە یوتیوب كە بۆ پرسیارێكی بنیامین مێندی بەرگریكاری یانەی مانچستەر سیتی ناردووە، دەردەكەوێت كە نیمار ئارەزووی پریمەرلیگ دەكات.