چى لە شانەکانت نایابترە؟

ڕەخنەی چاودێر 06/12/2018

چەند شیعرێکی ڤیرا پاڤلۆڤا
وه‌رگێڕانى: زانا خه‌ليل


(نایابتر)

_چى لە شانەکانت نایابترە؟
_ئەوەى بەرانبەر شانەکانمە.
_ئەى نایابتر لەوەى
بەرانبەر شانەکانتە؟
_لەپم.
_ئەى چى لە لەپت نایابترە؟
_پەنجەکانم.
_ئەى چى
لە پەنجەکانت نایابترە؟
_پەنجەکانت
کە پەنجەکانم و
لەپم دەگوشن.
ئاهـ..
دەی وەرە
وەک ئەنگوستیلەیێ
تا کۆتایى
هەر پەنجەیێ
لە پەنجەکانت
لە پەنجەتم بکە.



(چۆن هاوین
لە گوند دەگوزەرێنین؟)


بە دەنگى بەرز
دەخوێنینەوە
یەکتر ماچ دەکەین
ماچى دەم
لە تەک یەک
لە ژێر سێبەرى
گیاوگۆڵى سارا
رادەکشێین و
لە یەکتر دەپرسین:
ئایە کەڵەشێر
ئەندامى نێرینەى هەیە؟


(من ئەوە نیم کە بانگى دەکەن)


پیرەکان
بە ئەى کچى بچکۆڵە
بانگم دەکەن
پیاوەکان
بە ئەى کچە گەنجەکە
بانگم دەکەن
ژنەکان
بە ژنەکە
بانگم دەکەن
منداڵەکان
بە ئەى دایکە
بانگم دەکەن و
منیش ئاوڕیان لێدەدەمەوە و
تێدەگەم من ئەوە نیم
کە بانگى دەکەن.




(پیاوەتى)

شەو لە خەو رابوو
تێگەیشت کە دەمرێ
بۆیە چووە مەتبەخ
تا بێوەژنەکەى
بە خەبەر نەهێنێ.



(دەمەوێ بمرم)


دەمەوێ لە رۆژى
لە دایکبوونمدا بمرم
رێک لە رۆژى
ئاهەنگى لە دایکبوونم
دەمەوێ منداڵەکانمان
پارەى خوان و
شوێن و
باشترین شەراب و
مۆسیقاى زیندوو بدەن
دەمەوێ
دواى کردنەوەى
دیارییەکەت
بمرم.



(پارچە بچووکەکانى دڵ)

دڵت
وردوخاش بوو
ئێستا من بە پێخواسى
لەسەر پارچە
بچووکەکانى
دڵت
رێدەکەم.




ڤیرا پاڤلۆڤا (1963 ) ژنە شاعیرى رووسى.
_سەرچاوە: alqasidah.com