Venom
Venom
نوسینی : شەنگار سابیر .
ئەو حەقیقەتەی کە باس لە ڕزگار بوونی جیهان دەکات ، لە ڕاستیدا خۆی بەشێکی گەورەیە
لەو وێرانکاریە یەک لەدوای یەکانەی بەسەر جیهاندا دێن . لە ئەفسانەکانەوە هەتا
ئیمڕۆ مرۆڤ یەک هێڵ
هەیە کە وەک حەقیقەت مامەڵەی لەتەکدا دەکات ، ئەو حەقیقەتەش بریتیە لە چەمکی
" چاکە " واتا ئەوەی
جیهان ڕزگار دەکات چاکەیە . بەڵام کام چاکە ؟ ڕەنگە بۆ ئەوەی بزانین مەبەستمان لە
چاکە چیە ، دەبێت
بزانین چاکە هەمیشە بەدیلە ، واتا چاکە بەدیلی " خراپە "ـیە . لە مانا
ئایدیالیستیەکەیدا چاکە ئەو شتەیە کە
چاکە ، واتا شتێکی چاک جیاوازە لە کردەوەیەکی ئینسانی چاک . چاکە لەم مانایەدا
دەکرێت بیکەین بە دوو بەشەوە : یەکەم ئەوەی لە بنەڕەتەوە چاکە بەهای چاکەی خۆی
لەناو خۆیدایە ، ئوبێکتێکە خۆی هەڵگری خەسڵەتەکانی چاکەی خۆیەتی ، ئەوەی کە خۆی
هەمیشە هەر چاکە لەدەرەوەی سوبێکتە .
بە زمانێکیتر سوبێکت ناتوانێت هەمیشە چاک بێت و هەڵگری خەسڵەتی چاکەی ئەبەدی بێت ،
کەوایە
ئەوەی خۆی چاکە و بەها پێدراوەکانی خۆی لەناو خۆیدایە ، شتێکە وەک " سپەیس
" و لەسەروو عەقڵی
سوبێکتەوەیە وەک " خودا " کە هەڵگری چاکەی خۆیەتی لەناو خۆیدا هەیە .
بەهەمان بۆچوینی ئایدیالیستی
دەتوانین هەمان پێناسە بۆ خراپەش بکەین کە " شەیتان " بەهای خراپەی خۆی
لەناو خۆیدا یە ، لەکاتێکدا
خودی شەیتان و خودا دەکرێت سوبێکتیش بن .
دووەم : سوبێکت کە ئیشێکی چاک دەکات ئەم چاکەیەیی کردەوەیەکە دەبینرێت و هەستی
پێدەکرێت ، بۆیە
بەهای پێدەدرێت وەک چاکە ، بەڵام ئەوەی کردەوەیەکی خراپ دەکات ، بەهای پێدراوی
ئەویدیکە یە کە ناوی دەنێت خراپە .
دیارە ئەم بۆچونە ئایدیالیستیە لە هەموو زەمەنێکدا حزوری هەیە و دەژی ، بەڵام
ئەوەی دەکریت زیاتر
لەسەری بوەستین " ئەویدیوو چاکە و خراپەیە " ئەو دیوو چاکە و خراپە جۆرە
میتافۆرێکە بۆ تێگەیشتن
لە " ئێرە – ئێستا " ئەو دیوو
چاکە و خراپە جۆرێکە لە هەڵبژاردنی سێهەم ، شتێکە لەدەرەوەی شتەکانیتر. لەو دیو
چاکەو خراپە واقع هەیە ، بەڵام واقعێک لیرە نەوەک لەناو " ماترێکس "
یاخود
لەو دیوو فەنتازیاکانی ماترێکسەوە کە واقعێکی نادیارە . ڕونتر بڵێم واقعی ناو
ماترێکس واقعێکی
مەجازیە کە لەناو واقعی ئیستادا دەژی . واتا ئەو واقعەی دەکرێت لەو دیو چاکە و
خراپەوە لیی تێبگەین ، واقعێکیتری لە خۆیدا حەشارداوە کەواقعی مەجازیە . هاوکات
لەو دیوو ماترێکسەوە جۆرە واقعێکی دیکە هەیە کە لە ئێستایا ناتوانین قسەیەکی ڕوونی
لەبارەوە بکەین .
ئەو واقعە ئیستایەیی کە دەبێت لێی تێبگەین زبرترین جۆری واقعە ، کە واقعە
مەجازیەکە وێنە ڕاستەقینەکەمان بەردەوام لیدەشێوێنێت ، واقعە مەجازیەکە دابەشی
چاکە و خراپەیە ، بەپێچەوانەی واقعە
زبرەکەوە کە لەو دیوو چاکە و خراپەوەیە .
ئەمەش بۆچوونێکی ڕونترمان دەداتێ بەوەی کە هەمان ئەو حەقیقەتە " ئەفسانەیە و
دینیە " کە باس لە ڕزگار بوونی جیهان دەکات ، لەناو واقعی واقعدا مامەڵە
بکەین . بۆ نمونە : عیسای مەسیح بۆ ڕزگار
کردنی جیهان هات و جیهانی ڕزگار نەکرد . ئەگەر وردتر بیر بکەینەوە هەموو پاڵەوانە
ئەفسانەیی و
پێغەمبەرەکان کە هاتن بەناوی ڕزگارکردنی جیهانەوە هاتن ، بەڵام ئەوان تەنها هاتن
لەبەرامبەر خراپەدا
بوەستنەوە و هیچیان ئەڵتەرناتیڤیان پێنەبوو بۆ ئەو وێرانکاریەیی جیهان تووشی
هاتووە . ئەوان وەک
نوێنەری چاکە هاتن و شەڕی خراپەیان کرد ، دواتر کەپیتالیزم هات و هەمان ئایدیایی
بەکار هێنایەوە و
بەمەش داگیرکاریە یەک لەدوای یەکەکان ڕویاندا بەناوی ڕزگار کردنی جیهانەوە .
سینەما بەهەمان شێوە ئیدامەی بەم هێڵە ئیشکردنەدا و ئەم جارە لە بری پێغەمبەرەکان
، هات و ئایدیای
" ئەبەر مرۆڤی " نیتچەی کرد بە کاڵا و پاڵەوانی یەک لەدوای یەکی
دروستکرد کە ئیشکردنیان بریتیبوو
لە ڕزگار کردنی جیهان وەک " ئایرۆن مان و سوپەر مان و سپایدەرمان و
هتد.." کە هەموو ئەم فیگۆرانە
هیچ نەبوون جگە لە بە مۆدێرنکردنی فیگۆرێکی دینی بۆ ڕزگار کردنی جیهان ، هاوکات
ئەم فیگۆرانەش
تەنها شەڕیان لە دژی خراپە کرد و وەک نوێنەری " چاکە " کە هەڵگری
حەقیقەتی ڕەهایە دەر کەوتن.
هەموو ئەم پاڵەوانانە لە مانا فەلسەفی و ڕاستەقینەکەیدا دژی پاڵەوانەکەی نیتچەن .
ئەبەر مرۆڤی نیتچە
بۆ شەڕ دژی خراپەیەکی پەتی نەهات ، بەڵکوو هات و باسی ئەو واقعەی کرد کە مرۆڤ بەدەستیەوە
دەناڵێنێت ، باسی ئەو واقعەی کرد کە ئەفسانەکان و دینەکان شاردویانەتەوە و
واقعێکیتریان خستۆتە شوێنی. ڕەنگە تاکە ئەڵتەرناتیڤ و ئایدیایی زبر لە سەد ساڵی
ڕابردوەوە هەتا ئیستا هاتبێت و زۆر بە توندی هەوڵیدابێت شەڕی ئەو واقعە دەستکرد و مەجازیانە بکات
" مارکسیزم " بووبێت .
ئەوەی مارکسیزم و هێڵە دەرونشیکاریەکەی نیوەی دووەمی سەدەی بیست شەڕی دەکات بریتیە
لەو مەترسیەیی کە لێیتێدەگات ، بریتیە لەو ماسک و کەڤەرە جیاوازانەی دین و
کەپیتاڵیزم پێکەوە دروستیان
کردووە .
کۆمپانیایی " مارڤڵ " کە هێلی ئیشکردنی " سوپەر هیرۆیە " و
وەک باسمانکرد دونیایەک پاڵەوانی
لەخزمەت کەپیتاڵیزمدا دروستکردوە و دەیەوێت ئەو وێنەیە لای بینەر دروستبکات کە
ئەوەی جیهان ڕزگار دەکات ئێمەین ، ئەمجارە فیلمێکی بەرهەمهێنا کە پڕبوو لە
ئەڵتەرناتیڤ دژی خۆی و وێنەیەکیتری
لەسەر ڕزگار کردنی جیهان دروستکرد .
فیلمی " ڤینۆم – ژەهر " فیلمێکە باس لە مۆتیڤێکی جیاواز دەکات . واتا
ئەمجارە ڤینۆم نایەت جیهان ڕزگار بکات ، بەڵکو دێت تا لە واقعی خۆمان تێبگەین .
دێت تا پیمان بلێت ڕەنگە یەکێک لەو چەکانەی
کە دەکرێت دژی هەموو ئەم وەهمانە بوەستنەوە ئایدیایەکی زبر و دەرە ستاتیکی بێت .
ڕەنگە ئەو تیوریایە
لەم شوێنەدا دروستبێت کە " بۆ لێدان لە کەپیتاڵیزم و پەک خستنی پێویستمان بە
کەپیتالیزم خۆیەتی ."
واتا بە کەپیتالیزم شەڕی کەپیتاڵیزم خۆی بکەین ، تا ئەو ماسکەی ناوی واقعی مەجاز و
گەوجاندنی سوبێکتێکی چەپێنراوە بە لیبراڵیزم کاڵی بکەینەوە و نەخشەی واقعە
واقعیەکە خۆی ببینین .
ڤینۆم نوێنەری هیچ نیە و هاتەوە شەڕی دژی هەموو شتێک بکات ، ئەو نەهاتووە جیهان
ڕزگار بکات ،
بەڵکوو هاتوە تا ئێمە لە ڕێگەی ڤینۆمەوە بزانین لە کوێدا دەژین .