گومرگی جگەرە زیاد دەكرێت

ئابوری 05/12/2018


چاودێر -  - رێبین حەسەن
لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ڕەسمی گومرگی لەسەر جگەرەی هاوردە بە ڕێژەی ‌‌‌‌‌‌‌(100%) زیادكرا.
شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەچاودێری راگەیاند: بەپێی بڕیارێكی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم كراوە و وێنەیەكی نووسراوەكەش ئاڕاستەمان كراوە، تیایدا ئاماژە بەوەدراوە كە ئاگاداری گشت كۆمپانیایەكان و بازرگانان و پیلەوەرانی كراوەتەوە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و هاوتاكردنی ڕەسمی گومرگی جگەرە لە هەردوو گومرگی ناوەند و هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا بە زیادكردنی ڕەسمی گومرگی لەسەر جگەرەی هاوردە بەڕێژەی ‌‌‌‌‌‌‌(100%).
ناوبراو، وتیشی" ئەم بڕیارە لە بەرواری ( 2019/2/14) دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".