44 تەنكەر رەوانەی ئێران كرانەوە

ئابوری 05/12/2018

چاودێر - رێبین حەسەن
تەنیا لەمانگی رابردوو، 628 تەنكەری هەڵگری سوتەمەنی جیاواز لەوڵاتی ئێرانەوە هاتونەتە ناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و دوای وەرگرتنی نموونە لێیان بۆ پشكنین، بەڵام دواتر لەرێگەی لیژنەی تایبەتەوە، بەهۆی دەرنەچوون لەپشكنین، 44 تەنكەر رەوانەی وڵاتی سەرچاوە كراونەتەوە، چونكە لەرووی بەكارهێنانەوە نەشیاوبوون بۆ ژینگە و ئوتومبێل.
لەوبارەیەوە، محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی، بەچاودێری راگەیاند: مانگی تشرینی دووەمی رابردووی 2018، بەپێی ئاماری هۆبەی تاقیگەی پشكنینی سوتەمەنی باشماخ، كە سەر بەبەڕێوەبەرایەتیمانە، لەوڵاتی ئێرانەوە، 628 تەنكەری هەڵگری سوتەمەنی جیاواز (نەوت، گاز، بەنزین) هاتونە ناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ.
ناوبراو، وتیشی" تەنكەرەكان بریتی بوون لە(504) تەنكەری بەنزین و (96) تەنكەری گاز و (28) تەنكەری نەوت، بەڵام لەو رێژەیە (492) تەنكەری بەنزین و (71) تەنكەری گاز و (21) تەنكەری نەوت گونجاو بوون و رێگەی چوونە ناو بازاڕ و بەنزینخانەكانی هەرێمیان پێدراوە. كە دەكاتە 584 تەنكەر".
روونیشیكردەوە،"دوای وەرگرتنی نموونە بۆ پشكنین، (12) تەنكەری بەنزین و (25) تەنكەری گاز و (7) تەنكەری نەوت رێگەی چوونە ناو هەرێمیان پێنەدراوە و رەوانەی وڵاتی سەرچاوە كە ئێرانە كراونەتەوە و دەكاتە 44 تەنكەری جیاواز".