وێرانم وک بڵێی حەقیقەتم زانیبێت

ڕەخنەی چاودێر 04/12/2018

شیعری فێرناندۆ پێسۆوا
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

من هیچم
هەرگیزیش نابمە هیچ
ناتوانم بمەوێت ببمە شتێک
سەرەڕای ئەمە، تێکڕای خەونەکانی جیهان لە مندان.
*
ئەمڕۆ وەها تێک شکاوم وەک بڵێی حەقیقەتم زانیبێت
ئەمڕۆ وەها وشیارم وەک بڵێی لە ئاستانەی مەرگدا وستابم
*
شکستخواردوو لە هەموو شتێکدا
چونکە ئارەزوویەکم نەبوو، لەوانەیە لە هیچدا شکستم خواردبێت
لە دەستی هەر شتێک کە فێریان کردم نەجاتم بوو
لە پەنجەرەی پشت ماڵەکەمەوە ڕامکرد
بەرەو گوندەکان، بە نەخشە مەزنەکانی ناو سەرمەوە.
بەڵام جگە لە درەخت و سەوزەگیا شتێکم نەبینی و
ئەگەر خەڵکێکیش هەبووبن، وەکوو یەک بوون
لە پشت پەنجەرەکەوە لا دەچم و دادەنیشم لەسەر کورسی.
ئێستا دەبێت بیر لە چی بکەمەوە؟
*
چۆن بزانم دەبمە چی، من کە هێشتا نازانم کێم؟
هەمان ئەو کەسەم کە هەم یان بەس پێم وایە؟
بیر دەکەمەوە بەڵام، شتگەلێک بم بێژوومار.
جا بێژووماریشن ئەوانەی پێیان وایە بێژوومارن.
هێندە بێژوومار کە ناژمێردرێن.
*
زۆرتر لە ناپلیۆن خەونم بینیوە.
*
شتێکم لە خۆم ساز کرد کە باشم ساز نەکرد و
ئەو شتەی دەمتوانی سازی بکەم سازم نەکرد
پۆشەنێکم پۆشی، پۆشەنی من نەبوو
منیان لە بری کەسێک گرت کە من نەبووم
شتێکم نەگوت و لە دەست دەرچووم


سەرنج: ئەمە تەنیا (چەند بەشێکە لە دوکانی تووتن).