سالومی، یەکەمین خانمی دەروونشیکار و هاوڕێی نزیکی فرۆید

ڕەخنەی چاودێر 03/12/2018

وه‌رگێڕانى: سۆنيا مه‌حمود

"گرنگترین شت ئەوەیە، کە دەست گرتن بە ژیانەوە و بڕوابوون پێی، وەک ویستێکی جەوهەری و سەرەتاییانە بوونی هەیە، لە ڕێگەی مانەوەمان و بەردەوامبوونمان." 


شاعیری لەدایکبووی ڕووسی، وتارنووس، و ڕۆشنبیر لوی ئەندرەس سالومی (١٢ی فێبروەری ١٨٦١- ٥ی فێبروەری ١٩٣٧)  ئازادییەکی وەهای بۆ خۆی دروستکرد کە ژنانی مۆدێرنە لە زەمەنێکدا پێی گەیشتوون کە بە کردار زۆر مە‌‌حاڵ بووە. لە کاتێکدا بووە بە فەیلەسووف کە لەو سەردەمەی ئەودا ئافرەت نە ڕێگەی پێدراوە و نە چاوەڕوانی لێکراوە فەلسەفە بخوێنێت. ئیلهام بەخش بووە بۆ ڕیلکە، کە نامەی خۆشەویستی پڕ هەستی بۆ نووسیوە و بەرهەمی (کتێبی کاتژمێرەکان) ی پێشکەش کردووە. وە هەروەها نیتچەش(دە ڕێگا بۆ نووسەران)ی لەنامەیەکدا بۆ نووسیوە و کاریگەری و ئیلهامێکی گەورەی لەسەر نووسینی بەرهەمی (وەهای گووت زەردەشت) هەبووە. 
لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا، سالومی ئەو کێشانەی مرۆڤ کە پێشتر لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرد، لەناکاو ئاڕاستەی لێکۆڵینەوەکانی لە دیدگای فەلسەفییەوە بۆ زانستی نوێی دەروونناسی گۆڕی. ئەندرەس سالومی بوو بە یەکەمین خانمی دەروونشیکار لە جیهاندا. لە پایزی ١٩١١، بەشداری لە کۆنگرەی وێمیار بۆ لێکۆڵینەوەی دەرونناسی کرد و بوو بە هاوڕێی فرۆید، کە دەیە و نیوێک پێشتر ناسیبووی؛ هەرزوو بوو بە ئیلهام بەخشی، موریدی، و هاوڕێ ڕۆشنبیرەکەی. ماوەیەکی کەم دوای بینینەکەیان فرۆید بۆی نووسی:" بەهیوام ڕۆژێک هەلی گفتوگۆیەکی تایبەتت لەگەڵ بڕەخسێنم."، ئەم خەونە لە ڕێی نامە ئاڵوگۆر کراوە گەرمو گوڕەکانییانەوەبوو بەڕاستی بە ناوی (نامەکانی نێوان سیگمۆند فرۆید و لوی ئەندرەس سالومی)، کە هەردووکیان تێیدا باسی توێژینەوە و ڕەوشی نەخۆشەکانی یەکترییان دەکرد، ئاڵوگۆری بیروبۆچوونییان لە بارەی هەموو بابەتەکان لە نارسیزمەوە بۆ نیگەرانی و دەستپەڕکردن دەکرد، ئاڵوگۆڕی شێوازی میتۆدەکانی کارکردنیان دەکرد، بە لەبەرچاوگرتن و ڕۆچوون لە دەروونی کەسەکە. هەردووکیان یەکتریان نەک هەر لە چوارچێوەی خۆشەویستییەکی هاوڕێیانەبەرز ڕادەگرت - سالومی بە "پرۆفیسۆری ئازیز" ناوی دەهێنا و فرۆیدیش سوپاسی دەکرد بۆ "ئەو گفتوگۆ پڕ گەوهەر و هاندەر و بابەتیانەی نێوانیان" - بەڵام لەگەل ئەوەشدا گرنگییان بەخواست و ویستە هاوبەشەکانی نێوانیان سەبارەت بە قوڵترین خەمەکانی مرۆڤ لە: خۆشەویستی، داهێنان، ڕۆحانییەت، مردن، و مانای ژیان دەدا. 

چەندێک نامە، تێفکرینەکانیان دەرخەری هاوبەشییەکی قووڵە سەبارەت بەبەها و بیرۆکەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا تیشکدەخاتە سەر هەندێک بابەتی دەروونییدژیەکی گرنگ و مانادار. کە گرنگترینییان ڕاوبۆچوونە جیاوازەکانیانە دەربارەی سروشتی مرۆڤ و دەرکردە سەرەکییەکانی ڕۆحی مرۆڤ. وە چی لەوە کاریگەرتر و بەئێش و ئازارترە کە ببێتە هۆی بیرکردنەوە لەم بابەتانە کاتێک کەسەکە خۆی شاهیدی خراپترین دۆخی مرۆڤ بێت؟ لە یەکێک لە نامە سەرەتاییەکانی بۆ ئەندرەس سالومی لە گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەم کە هەردوو کوڕەکەی چووبوونە ناو سوپاوە، فرۆیدێکی ڕەشبین دەنووسێت:
" گومانم نییە کە مرۆڤایەتی لەم جەنگەش ڕزگاری دەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەزانم کە هەرگیز بۆ من و هاوسەردەمییەکانم جیهان جارێکی تر شوێنێکی خۆش نابێت. زۆر قێزەونە. وە شتە بێتاقەتکەرەکە ئەوەیە کە لە ئەنجامی ئەو زانستەی لە شیکارە دەروونییەکان پێی گەیشتووین؛ئەوە ڕێک ئەو دۆخەیە کە دەبێت پێشبینی بکەین خەڵکی هەستیپێبکەن. بەهۆی ئەم دۆخەی مرۆڤایەتییەوە هەرگیز نەمتوانییوە قایل بم بەو گەشبینییەبێ خەم و سەیرەی تۆ. هەمیشە گەیشتووم بەو ئەنجامە نهێنییەیی کە؛ لەبەرئەوەی ئێمە لە ئێستادا بە شارستانیبوونێکی بەرزەوە بەستراوینەتەوە کە بریتییە لە هایپۆکراتییەکی گەورە، ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە لە سەرەتاوە نەگونجاویین لەگەڵیدا. دەبێت وازی لێبێنین، و ئەو نه‌زانراوە گەورەیە، ئەو کەسە یان شتە، کە لە پشت چارەنووسەوە خۆی مەڵاس داوە، ڕۆژێکی تر ئەم تاقیکردنەوەیە بەسەر جیلێکی تردا ئەنجام دەداتەوە.  
بەڵام چەن دەیەیەک دواتر، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەو ''تاقیکردنەوەیە'' لە جەنگێکی جیهانی تر، بیروبۆچوونی فرۆید لەگەڵ ئەو ململانێیەی دەربارەی ئەو بابەتە هەیبوو لە "نامە نەزانراوە ئاڵوگۆڕەکانی لەگەڵ ئەنشتاین"گۆڕانی بەخۆیەوە بینی-گۆڕانێک کە لەوانەیە بەهۆی ئەو گەشبینییە تووندەی سالومی دەربارەی سروشتی مرۆڤ هەیبوو ڕوویدابێت. لەڕاستیدا، سالومی لە وەڵامی بۆ فرۆید، ئاماژە بە دوانەی باشە و خراپە لە هەر یەکێکماندا دەکات، و بۆ ئەو ئازادی هەڵبژاردنەی کە هەمانە وەک تاکێکو شارستانییەتێک کە خۆمان دروستمان کردووە- هەڵبژاردنێک کە ئاسایی لە نێوان ئومێد و گومان و نائومێدیدا دابەشکراوە و دەنووسێت:
"لە هەمان خاڵدا،کار دەکاتە سەر بۆچوون و دنیابینینی هەردووکمان لەم زەمەنە بەئازارەی ئێستاماندا وئەوەی بە گەشبینی من ناوی دەهێنیت، کە لە ئێستادا بەداخەوە بەتەواوەتی تێکچووە. لەگەڵ ئەوەشدا بڕوام بەوە هەیە کە لەپشت هەر چالاکییەکی تاکی مرۆڤەوە و ئەو دۆخەی کە دەروونشیکاری پێی دەگات سوچێک هەیە کە پاڵنەرە زۆر باش و خراپەکان دەبنە لەمپەر بۆ یەکتری و هەموو حوکمێکی کۆتایی مەحاڵ دەدەن بەدەستەوە. ئەم پێکبوونە نائاساییە وەک ڕاستییەک دەمێنێتەوە نەک تەنها بۆ ئەوانەیبەسەر گەشەکردنە سەرەتاییەکان(وەک چینێک یان وەک تاکێکی کۆمەڵگە)زاڵبوون، بەڵکو بۆ هەمووان ئەم یەکبوونە بەرچاوە ڕاستییەکە- ئاماژەدەرە بۆ نەهێشتنی خۆگەورەنواندن، بەڵام بۆ بەرزڕاگرتنی ویستی ناخیشە. ڕاستە کە ئەمە هیچ جیاوازییەک لە نەخواستنمان یان ویستمان بۆ بەشێکی دیاریکراو لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ دروست ناکات، وەلە ئەنجامدا دەکرێت سەردەمێکی وەک ئێستاکوشتنێکی جەرگبڕی بەردەوامی شادی و باوەڕبەخۆبوون بێت؛بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر کەسێک لە خودی خۆیەوە دەزانێت کە ئایا دەتوانێت بەردەوام بێت لە ژیان لە باوەڕبوونێکی وا بێسنووردا، وە پێویستە هەمان شت بەسەر هەموو کەسەکانی تریشدا بچەسپێت. پێویستە: بەڵام بە دڵنیاییەوە وانییە، لەم ڕۆژانەدا وانییە. هەرچۆنێک بێت ئەو ڕاستییەی کە پێویستە... ئەوە بۆ خۆی کەمێک یارمەتیم دەدات.

لە نامەیەکی تردا، ئەندرەس سالومی دەڵێت: "گرنگترین شت ئەوەیە، کە دەست گرتن بە ژیانەوە و بڕوابوون پێی، وەک ویستێکی جەوهەری و سەرەتاییانە بوونی هەیە، لە ڕێگەی مانەوەمان و بەردەوامبوونمان." 
بەڵام ئەم توێژینەوانە دەربارەی سروشتی مرۆڤ پێش بیروبۆچوونەکانی ئەندرەس سالومی لە ناو شیکاری دەروونی هەبوون و چەن دەیەیەک پێشتر پەرەیانسەندبوو، لەو ماوەیەی کە شاعیر و فەیلەسووف بوو. لەڕاستیدا، درەوشانەوەیەکی گەورەی لە شعرێکی ساڵی ١٨٨٢ بەناوی (ئاوازی ژیان) بەخۆیەوە بینی، کە نیتچەی زۆر سەرسام کرد -کە لەو کاتەدا خۆشەویستیبوو- بەشێوەیەک کەکردی بە مۆسیقا. وە ئەو هەست و سۆزەی ناو دڵی سالومی لە چەند نامەیەکی ساڵانی دواتری بۆ فرۆید دەبینرێت. 

"ئاوازی ژیان"
ئەندرەس سالومی


بەدڵنیاییەوە، هاوڕێیەک هاوڕێیەکی خۆش دەوێت بەو شێوەیەی کە
من تۆم خۆش دەوێت، ژیانێکی نامۆ-
ئەگەر دڵخۆش بووبم یان گریابم لەگەڵت، 
ئەگەر شادیی یان ئازارت دابێتپێم.
بە هەموو خراپییەکانتەوە خۆشم دەوێیت؛
وە ئەگەر پێویست بکات کە تێکمبشکێنیت،
خۆم لە باوەشت دەرباز ئەکەم،
وەک هاوڕێیەک کە خۆی لە سنگی هاوڕێکەی دەکاتەوە. 



بەهەموو هێزمەوە لە ئامێزمت دەگرم!
بهێڵە هەموو پرشە ئاگرەکانت بمسووتێنێت،
با لەناو خۆشی سووتاندا بم
زیاتر قووڵ بەرەوە لە ناو ناڕوونییەکانت.

بژیت و بیربکەیتەوە بە هەزاران ساڵ!
ئێستا لە ناو باڵەکانتدا لە باوەشم بگرە:
ئەگەر چی تر هیچ شادییەکت نییە پێم ببەخشیت-
کەواتە باشە- هێشتا هەر ئازارت بۆم ماوەتەوە.