کێ نەیهێشت یەشار کەمال نۆبڵی ئەدەبیات وەربگرێت؟

ڕەخنەی چاودێر 03/12/2018

ڕەخنەی چاودێر- پەیجی یەشار کەمال


چەند نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی کورد و تورك لە وتار و بیرەوەرییەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە ھەندێك لە کورد و تورکەکانی دانیشتووی سوێد ڕۆڵیان ھەبووە لە گۆڕینی ڕای کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ لەسەر یەشار کەمال.

 

بە پێی وتارێك بە زمانی تورکی, ھونەرمەندی شێوەکاری کوردی خەڵكی باتمان ئەحمەد گوینەش تەکین دەڵێت: "دوای ئەوەی یەشار کەمال بۆ خەڵاتی نۆبڵ پاڵێورا، ھەندێك بەناو نووسەری کورد و تورکی دانیشتووی سوێد دەچنە لای ئەندامێکی دەستڕۆیشتووی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ و پێی دەڵێن (خەڵاتی نۆبڵ مەدەن بە یەشار کەمال. ئەو نووسەرێکی پلە پێنجە. پیاوی دەوڵەتی تورکە و لەگەڵ دەوڵەت ڕێککەوتنی ھەیە...) لە سۆنگەی ئەو قسانەوە خەڵاتی نۆبڵ بە یەشار کەمال نەدرا. ئۆلۆف تاندبێرگی سکرتێری ئەو سەردەمەی کۆمیتەی نۆبڵ ئەم قسانەی بۆ من گێڕایەوە."


بە قسەی ھەردوو نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد موحسین کزلکایا و ئەیوب بورج بێت، سەرکێشی ئەو کەسانەی کە لای کۆمیتەی نۆبڵ زمانیان لە یەشار کەمال داوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کوردی کۆچکردوو مەحموود باکسی (١٩٤٤-٢٠٠٠) بووە. باکسی ساڵانی دواتر لە ھەموو شوێنێك بە شانازییەوە دەیگوت کە ئەو ڕێگر بووە لە بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە یەشار کەمال. باکسی بەر لە مردنی لە ساڵی ٢٠٠٠دا، نووسەری کۆچکردوو محەمەد ئوزوون (١٩٥٣-٢٠٠٧)ی کرد بە تکاکار و زۆر ھەوڵی دا یەشار کەمال لێی خۆش بێت، بەڵام یەشار کەمال ھەرگیز لێی خۆش نەبوو.

 


وێنەکە: مەحموود باکسی