چیرۆكی نێرگس: داوایان لە باوك و دایكم كردبوو لەگەڵ كوڕێكدا ئاڵوگۆڕم پێبكەن

ڕاپۆرت 03/12/2018



نێرگس تەرەكی، تەمەن 21 ساڵەو لە یەكێك لە گوندەكانی ئەفغانستان لەدایكبوە. دایك و باوكی پێش لەدایكبونی ئەو، چوار كچی تریان هەبوە، هەر بۆیە كاتێك نێرگس لەدایكبوە خزمان و دۆستان، پێشنیاز بۆ دایك و باوكی دەكەن كە نێرگس لەگەڵی كوڕێكی گوندێكی دیكەدا بگۆڕنەوە، لە كۆتایدا ئەمە روینەدا و نێرگس كاتێك گەورەتر بوو، بۆ باوك و دایكی سەلماند بڕیارێكی هەڵەیان نەداوە.
ئەو لەئێستادا خۆی فیدای فێركردن و تواناسازی ژنانی ئەفغانستان كردووە هەر بۆیە بە یەكێك لە لیستی 100 ژنی ساڵی 2018ی (بی بی سی) هەڵبژێردراوە. چیرۆكی ژیانی لە زمانی خۆیەوە بخوێننەوە:
من ساڵی 1997 لەدایكبوم، پێنجەم منداڵ و پێنجەم كچی خێزانەكەمان بوم. مامم و هەندێ لە خزمەكانمان فشاریان لە دایكم كرد كە باوكم ژنێكی دیكە بهێنێت. لە ئەفغانستان هێنانی ژنی دووەم و سێیەم شتێكی سەیر نییە. هەندێ كات هۆكاری هێنانی ژنی دووەم ئەوەیە كە پێیانوایە ژنی یەكەم كوڕی نابێـت.
خزمان كاتێك بینیان دایكم رازەمەند نیە كە باوكم ژنی دووەم بهێنێت، پێشنیازیان كرد من لەگەڵ منداڵێكی كوڕدا بگۆڕنەوە، تەنانەت خێزانێكیان لە گوندێكی دیكە دۆزیبۆیەوە كە ئامادەبون كوڕەكەیان لەگەڵ مندا بگۆڕنەوە.
گۆڕینەوەی منداڵ كارێكی رێگەپێدراو و بەربڵاو نیە، تەنانەت جگە لەو نمونەیەی خۆم هەرگیز نەمبیستبوو. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە كۆمەڵگەی ئەفغانیدا خواست لەسەر منداڵی كوڕ زیاترە، چونكە بەپێی نەریت كوڕ رسق و رۆزی پیاوان بوون.
بەهۆی ئەوەی دایكم كوڕی نەبووە، دەوروبەرەكانمان بە چاوی رق و كینەوە لە دایكمیان دەڕوانی، هەرچەندە باوكم  وتبوی من ناگۆڕێتەوە بە كوڕێك،  بەردەوام فشاریان دەخستە سەری كە ئەو كارە بكات، بەڵام بیركردنەوەی باوكم جیاواز بوو لەوان، پێی وتبون منی خۆش دەوێت و رۆژێك دێت بۆتان دەسلمێت كە هەر كارێك كوڕ دەیكات كچیش دەتوانێت بیكات.
ئەوكات ژیانی باوكم ئاسان نەبوو، ئەو پێشینەی خزمەتی سوپای هەبوو لە سەردەمی حكومەتی كۆمۆنیستیدا. ئەو ناوچەیەی ئێمەش لێی دەژیاین بەدەستی كەسانێكەوە بوو كە بیروباوەڕی ئاینی توندڕەوانەیان هەبوو. لەبەرئەوە هەندێك لە كەسانی گوندەكەمان حەزیان بە چارەی باوكم نەدەكرد و هاتوچۆیان نەدەكردین. بەڵام باوكم باوەڕی بە قسەی خۆی هەبوو، هەمیشە لەسەر باوەڕی خۆی دەوەستایەوە. لەگەڵ ئەوەی زۆربەیان باوەڕیان وابوو دەبێت من لەگەڵ كوڕێكدا بگۆڕنەوە، بەڵام پیاوێك هەبوو (باوكم) كە زۆرترین كاریگەریی لەسەر كەسایەتیی من بەجێهێشت.

 


نێرگس لەگەڵ باوکی

هەڵاتن لەماڵەوە
هاوكات لەگەڵ لەدایكبونی مندا، تاڵیبان ناوچەكەی ئێمەیان گرت. ساڵی 1998 باوكم ناچاربوو بەرەو پاكستان هەڵبێت. ماوەیەك دواتر ئێمەش چوین.
ژیان لە پاكستان ئاسان نەبوو. باوكم لە كارگەیەكی دروستكردنی پێڵاو دەستی بەكار كرد. رەنگە گرنگترین روداو كە لە ماوەیەدا بۆ باوكم و دایكم رویدا ئەوەبوو لەكۆتاییدا بونە خاوەنی كوڕ بێگومان لەدوای ئەو كچێكی دیكەشیان بوو.
ساڵی 2001 دوای روخانی تاڵیبان هەموومان بۆ كابول گەڕاینەوە. چونكە خانومان نەبوو لەگەڵ مامەكانم دەژیاین. سەرەڕای كولتوری دواكەوتویی و خۆپارێزانەی ئەفغانستان، من و خوشكەكانم توانیمان بخوێنین.
دوای تەواوكردنی قوتابخانە چومە زانكۆی كابول و لە بەشی پەیوەندیە گشتیەكان دەستم بە خوێندن كرد. لە تەواوی پرۆسەی خوێندنمدا باوكم پاڵپشت و هاندەرم بوو.
یەك دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ یەكێك لە خوشكەكانم چوبوین بۆ بینینی یاریەكی كریكیت. ژنان لە یاریگاكە زۆر كەم بون. وێنەو ڤیدیۆكانمان بە خێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوبونەوەو هەندێك كەس كەوتنە سەرزەنشتی ئێمە. دەیانوت شەرم و حەیامان نییە كە لەناو ئەو هەموو پیاوەدا چوین بۆ یاریگا. تەنانەت هەندێكیان دەیانوت ئێمە پارەمان لە ئەمریكییەكان وەرگرتوە تاوەكو بەدڕەوشتی بڵاوبكەینەوە. باوكم هەندێك لەو شتانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بینیبوو. پێی وتم "كارێكی باشت كرد ئازیزم. هەر ئەوەی كە نمونەی ئەو جۆرە كەسانەت قەڵس كردوە، كارێكی باشت كردوە. ژیان كورتە، چەندی دەتوانی چێژ وەربگرە".


نێرگس لەکاتی پێشکەشکردنی سیمیناردا

باوكم نمونەی پێشەنگی پیاوان
ئەو كەسەی بە پاڵپەشتیەكانی منی گەیاندە ئێرە، لەدەستمدا، بەڵام دەزانم كە هەمیشە لەگەڵمدا دەمێنێتەوە.
سێ ساڵ لەمەوبەر، كاتێك هێشتا خوێندكاری زانكۆ بوم، هەوڵمدا قوتابخانەیەك بۆ كچانی گوندەكەم بكەمەوە، راوێژم بە باوكم كرد، ئەو وتی ئەوە كارێكی مەحاڵە. وتی لەوێ بەهۆی بارودۆخی كولتوری و ئەمنییەوە، تەنانەت كوڕانیش بەزۆر دەنێردرێنە قوتابخانە، بەڵام ئەگەر بڵێین ئەو قوتابخانەیە دینیە، رەنگە بكرێت.
سەرئەنجام تەنانەت نەشمتوانی بچم بۆ گوندەكەمان، ئەوێ زۆر مەترسیدار بوو. بەڵام لەگەڵ یەكێك لە خوشكەكانم پێداگرین لەسەرەئەوەی رۆژێك ئەو كارە بكەین. هەتا ئەو رۆژە دێ وەكو خۆبەخش لەگەڵ ریكخراوە ناحكومییەكان، لە بواری فێركردن و تەندروستی و توانسازیی ژناندا كار دەكەم. جگە لەوەش لەبارەی مافی خوێندنی كچان و ژنان سیمینار دەبەستم و قسە لەسەر ئەو بابەتانە دەكەم.

سەرچاوە: سایتی بی بی سی-فارسی
وەرگێڕانی: رزگار فایەق