یادی لەدایکبوونی هەشتاساڵەی مەزهەری خالقی

ڕەخنەی چاودێر 01/12/2018

ڕەخنەی چاودێر – شاڵاو حەبیبە


هەواڵەکە بەم جۆرەیە: "مەزهەری خالقی دەبێتە هەشتا ساڵ"، بەڵام ئەوەی لەودیو هەواڵەکەوە دەیبینین، تەمەنێک کارکردنە لە هونەری کوردیدا، کە بۆ هەتایە دەمێنێتەوە و سنوورەکانی هەشتاساڵی بە هەزاران جار تێدەپەڕێنێت.

 

ئەگەر بمانەوێت مەزهەری خالقی، لەم هەشتاساڵەی تەمەنیدا، وەک پاشای ئاواز و گۆرانیی کوردی ناو بەرین، بێشک بەرهەمەکانی ئەو وەڵامدەری ئەم پەسنە دەبن، کە توانیویانە لە ساڵانێکی زۆر زووەوە، قۆناغ بە قۆناغ و دەیە بە دەیە لەگەڵ نەوەکانی ئەم زمانی کوردییەدا بگەنە تازەترین وێستگەکانی ژیانی ئێمەی کوردەکان. ئەو ئێستا هەشتا ساڵیەتی و هونەرەکەی گەلێک لاوتر لە هەر گەنجێتییەکە.

مەزهەری خالقی- بە ناوی تەواوی باقر خالقی- لە ساڵی ١٩٣٨ـدا لە سنە-کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە دایک بووە. یەکەمین بەرهەمی تۆمارکراوی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکان، کاتێک لە رادیۆ سنە بە فارسی تۆماری کردووە. خالقی دەرچووی بەشی فیزیکی زانکۆی تارانە، کە هەڵبەت ئەم بەشە وەک دەبینین لە هونەر داینەبڕیوە. ئەو سەبارەت بەوەی کە بۆ هێندە کەسێکی خۆشەویستە لەناو گوێگرانیدا، دەڵێت: "خۆم لەو ئاستەدا نابینم، بەڵام دەنگی خۆش، وەک ئەمانەتێکە و دەبێ بیبەخشمە میللەتەکەی خۆم."

خالقی لە تەمەنێکی زۆر زووەوە ئاوێتە بە هونەر و دنیای میوزیک دەبێت، ئەو جارێک گوتوویەتی: "من وەکوو کەسێک کە هەر لە دوانزەساڵییەوە لە خزمەت کولتوور و هونەری کوردستاندا بووم، ئەم مافەم هەیە کە بڵێم، کورد خاوەنی فەرهەنگێکی قووڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە هیوادارم ئەم گەنجینەیە بە دەستی عاشقانی ڕاستەقینەی خۆی بگات."

ئەوەی زیاد لە هەر شتێک گوێگرانی هونەری خالقیی زویر کردووە، دوورکەوتنەوەی یەکجارەکیی ئەوە لە گۆرانیگوتن و هەروەتر لە کۆنسێرت. خالقی دوایین جار لە کۆتاییی هەشتاکاندا لە چەند کۆنسێرتێکدا لە ئەورووپا هاوڕێ لەگەڵ هونەرمەندانێکی وەک سەعید فەرەجپووری، ڕەزا شەفیعییان، مەجید درەخشانی، ڕەزا قاسمیی ژەنیاریی سێتار و نووسەر، لەسەر ستەیج دەرکەوت، دوابەدوای ئەوە بە تەواوی دوور کەوتەوە. ئەو جارێک لە ڕادیۆدا گوتی: "مەخابن خەڵکی ئێمە جیاوازیی کۆنسێرت کە بۆ گوێگرتنە لە میوزیک و گۆرانی، لەگەڵ حەفلەیەکدا ناکەن." هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕادیۆی "خاک"دا، ڕایگەیاند، کە چەندین بەرهەمی بڵاونەکراوەی هەن، کە تا ئێستا پێی خۆش نەبووە بڵاویان بکاتەوە، چونکە بەو جۆرەی کە هەن، هێشتا دڵی خۆی ڕازی نەکردوون.

هەروەها خالقی زۆر بەوە تووڕە و نیگەرانە، کە خەڵکانێک ڕێز لە بێدەنگییەکەی ناگرن و جارێک دەنگی ئەویان- لە کاتی گۆرانیگوتن لەناو کۆڕی برادەراندا- بڵاو کردەوە. ئەمە خالقیی زویر کرد.

لە گۆرانییە ناودارەکانی مەزهەری خالقی دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین: پەپوولەی ئازادی، شیعری عوسمان ئەحمەدی. شیرین تەشی دەڕێسێ، لەسەر هۆنراوەی وەفایی، خۆزگەم بە یار، شیعری گۆران. هەروەها لە شاعیرانی هاوچەرخ، بەرەو سنوورەکان دەڕۆین، شیعری لەتیف هەڵمەت و "لێتان نابینەوە" لە شیعری شێرکۆ بێکەس.

دەنگی مەزهەر خالقی، شیرین، نەرم و لەسەرخۆیە، دەنگێکی زویرکەر و بەهاتوهاوار نییە. بە ئەهوەنی و خۆشەویستییەوە دێت و لەم نێوانەدا هەرگیز چیا و دەشت و خەمەکانی نیشتیمانیش لە بیر ناکات. دوورکەوتنەوەی لە هونەریش، بڕیارێکی شەخسیی خۆی بوو، بۆ ئەوەی بە جۆرێکی تر خزمەت بە هونەر بکات، کە ئێستا لە ئینستیتیۆی کەلەپووری کورد کار دەکات، دەنا ئەو کەسێک بووە هەمیشە هەبوون کەسانێک کە لە هەر بارودۆخێکدا هاوکاریی بکەن، خالقی جارێک گوتی: "کاتێک لە زیندانیشدا بووم، پاسەوانەکەم خۆشی ویستووم."

موجتەبا میرزادە، ئاهەنگسازی مەزهەری خالقی گوتوویەتی: "ئەو لە ستۆدیۆدا توانایەکی بێهاوتای هەیە و جار بووە بەبێ تەمرین نموونە ئەسڵییەکەمان تۆمار کردووە." لە لایەکی ترەوە تەهموورس پوورنازی بە گلەیییەوە لە بێدەنگییەکەی خالقی دواوە و ئەمەی بە گوناحێک کە شایەنی بەخشین نییە، وەسف کردووە. شەهرام نازرییش خالقیی بە ئەستێرەیەک چواندووە کە تا ساڵانی دواتر، دەرناکەوێتەوە.

مەزهەری خالقی، ئێستا لە هەشتاساڵەی تەمەنیدا، پۆشتەوپەرداختر و لاوتر لە هەر تەمەنێکی دەردەکەوێت. پاشکۆی ئەدەبیی (ڕەخنەی چاودێر) هیوای بەردەوامی بۆ ئەو دەخوازێت و هەروەتر جەژنێکی خۆش بۆ هەشتاساڵییەکەی.