نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت

ئابوری 01/12/2018


چاودێر 
ئەمڕۆ شەممە لەكۆبونەوەی نێوان پارێزگاری سلێمانی و نوێنەری بەنزینخانەكانی شاری سلێمانی، بڕیار درا لەسبەینێ یەكشەممەوە،  نرخی بەنزین 25 دیناری تر كەمبكرێتەوە.
لەوبارەیەوە، پەیجی فەرمی پارێزگای سلێمانی لەفەیسبووك، بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ شەممە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لەدیوانی پارێزگادا لەگەڵ نوێنەری بەنزینخانەكانی شاری سلێمانیدا كۆبۆتەوە.؟
ئاماژە بەوەشكراوە: لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردرا لەبەر بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و بەدەستپێشخەری بازرگان و خاوەن وێستگەكانی سوتەمەنی نرخی بەنزین لەسبەینێوە 25 دیناری تر كەم بكرێتەوە
لەچەند هەفتەی ڕابردوو، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەبۆرسەی جیهانی، نرخی بەنزینیش لە هەرێمی كوردستان دابەزی و بەشێوەیەك نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە775 دینارەوە دابەزی بۆ 725 دینار و لەهەندێك شوێنیش بەهۆی جیاوازی لەڕێژەی ئۆكتانەكەی بۆ خوار 700 دینار دابەزیوە.