سوپرایز، چیرۆکی موەسیر سکلیر

ڕەخنەی چاودێر 01/12/2018


و. لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد

لەسەر جێخەوە دووکەسییە گەورەکە کە بۆ چەندین نەوەیە لەناو ماڵباتەکەماندا بووە، پیاوێک ڕاکشاوە و لە گیانەڵادایە. شیرپەنجە بە رادەیەک گیانی تەنیوە کە پزیشکەکان چیتر وازیان لە چارەسەرکردنی هێناوە. داوای لە پزیشکەکانی کردووە لێیگەڕێن تا لە ماڵەوە بمرێت، لەسەر هەمان ئەو جێخەوە دووکەسییەی کە باوباپیرانی لەسەری خەوتوون و جووت بوون و مردوون.
ژنەکەی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە لە تەنیشتییەوە دانیشتووە. پیاوەکە داوای لێدەکات دڵخۆش بێت. دەبێت قسەوباسی ئەوە بکەن دواهەمین ساتەکانی ژیانی چۆن تێپەڕێنێت. دەڵێت، دەمەوێت کوڕەکەم لام بێت. ژنەکە بە خەمبارییەوە دەڵێت، بەڵام ئەو هێشتا منداڵە. دەزانم منداڵە، هەر لەبەر ئەوەیشە دەمەوێت ئێستا لەلام بێت، پیاوەکە، کە وا ڕێدەکەوێت باوکم بێت، بەو جۆرە پێداگری دەکات. دەمەوێت کوڕەکەم وێنەیەکی ئەرێنیم لە زەینیدا بپارێزێت – وێنەیەکی هاندەر کە تا لە ژیاندا بێت ڕێنمونی بکات و لەگەڵیدا بێت.
ئەو ئێستا هەناسەبڕكێیەتی. زۆر لە خۆی دەکات تا لە قسەکانی بەردەوام دەبێت.
"پێی دەڵێم کە، بەڵێ، ژیانی مرۆڤ لەم سەرزەمینە مانایەکی هەیە. میهرەبانی و لێخۆشبوون بەهادارن. شکۆمەندی بەهەر نرخێک بێت دەبێت بپارێزرێت. خۆشەویستیش..."
قسەکانی دەبڕێت، ڕوخساری بە هۆی ئازارەوە گرژدەکاتەوە. "چی بووە ئازیزەکەم؟" ژنەکەی بە نائومێدییەوە دەپرسێت. "چی بووە؟"
"هیچ نییە" بە دژواری هێز دەداتە بەر خۆی. "لە کوێ بووم؟"
"خۆشەویستی..." ژنەکەی دەگری. "باسی خۆشەویستیت دەکرد."
"ئا، بەڵێ. خۆشەویستی هەموو شتێکە. خۆشەویستی بە ڕاستی هەموو شتێکە. گرنگە کوڕەکەم ئەوە بزانێت. باوەڕ بە خۆشەویستی بکات."
ژنەکەی بە نەرمی دەگری. ئینجا، وەک لیبۆکی دەرپەڕیوی نێو سنووق، لەپڕ من لەژێر جێگەکەوە دەردەپەڕم، هەردوو دەستم بەرزدەکەمەوە و هاوار دەکەم، "سوپرایز."