داعش هاوشێوەی 2014 دەگەڕێتەوە

ڕاپۆرت 29/11/2018


چاودێر- راپۆرت:
لەماوەی شەش مانگی رابردودا، داعش چالاكیەكانی زیادیان كردوە، بەرادەیەك هێندە بەهێز بونەتەوە كە هاوشێوەی ساڵی 2014 مەترسی بۆ سەر عێراق و سوریا دروستكردوە. لەئێستاشدا تەكتیكی شەڕی پارتیزانی بەكاردەهێنن، ئەم شەڕەش تەنگی بە هێزە عێراقیەكان و تەنانەت هێزەكانی یەپەگەش لەسوریا هەڵچنیوەو زیانی زۆری لێداون.
لەم مانگەدا داعش لە سنوری نێوان سوریاو عێراق، كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریا دیموكرات- یەپەگەدایە، چەندین هێرشی ئەنجامداوە زیانێكی زۆر و شەهیدێكی زۆری هێزەكانی یەپەگەی لێكەوتۆتەوە.
هاوكات لەعێراقیش بە تایبەتی لە پارێزگاكانی موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و ئەنبار، هێندە بەهێزبونەتەوە كە هاوشێوەی ساڵی 2014 مەترسیان دروستكردوە. لایخۆشیەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر، بە سەرۆكایەتی ئەمریكا رۆژی دوێنێ ئاشكرایكرد، كە لەماوەی كەمتر لەیەك هەفتەدا، 39 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناو خاكی عێراقدا دژی داعش ئەنجامداوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ملیشیا شیعەكانی عێراق، ئەمریكا تۆمەتبار دەكەن، بەوەی لەسنوری نێوان سوریا و عێراق هەوڵی ئەوەدەدات، هێزەكانی داعش بگەڕێنەوە ناو خاكی عێراق، لەماوەی هەفتەی رابردوشدا چەند سەركردەیەكی حەشدی شەعبی لێدوانیان لەوبارەیەوە داوە.
هاوكات دوێنێش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای سەردانەكەی بۆ بەغداد لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا باسی لە بەهێزبونەوەی داعش و مەترسیەكانی كردو رایگەیاند، كە لەئێستادا داعش زۆر بەهێزتر بۆتەوەو تەكتیكی شەڕیشییان گۆڕیوە.
ناوبراو، هۆكاری بەهێزبونەوەی داعشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە هێشتا ئەو فاكتۆرانەی بونە هۆی دورستبونی داعش، وەكخۆیان ماونەتەوەو چارەسەری ریشەییان بۆ ئەنجام نەدراوە.