د. ئاری مەجید باس لە هۆكار و چارەسەرەكانی شێرپەنجەی غودە دەكات

تەندروستی 27/11/2018

غودەی دەرقەی وەك ئەندامەكانی تری لەش توشی شێرپەنجە دەبێت، یەكێك لەهۆكارە سەرەكیەكان بۆ توشبون بەم نەخۆشیە  بەركەوتنی تیشكە، هەروەها شێرپەنجەی غودەی دەرەقی نیشانەیەكی تایبەتی  نیە،  لەبەرئەوە  زۆربەی گرێكان شێرپەنجەی دەردەچێت و زیاتر لەناو ژناندا  باوە، لەوبارەیەوەد. ئاری مەجید، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، دەڵێت" شێرپەنجەی غودە یەكێكە لە شێرپەنجە بێوەییەكانە، كە چارەسەری  كیمیایی بۆ بەكارنایەت" 

  هەموو گرێیەك شێرپەنجەی نیە
د. ئاری مەجید، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی ، ئاماژەبەوەدەكات،  غودە وەك و گلاندەكانی تر بەشێكی  لە توشبون  بە شێرپەنجە  بەردەكەوێت، كە پێ دەوترێت گرێی غودەی دەرەقی، دوو جۆر گرێش  هەیە  ئەویش گرێ پاك هەیە كە پێدەوترێت حەمیدە و گرێ  پیس هەیە پێدەوترێت مەلیك نانت واتە گرێ شێرپەنجەی. ئەم نەخۆشییە زیاتر نەخۆشی گەنجەكانی پێدەڵین و زیاتر لەتەمەنی 20-  45 ساڵی  توشی شێرپەنجەی  غودە دەبن . 
                       هۆكارەكان
 ئەو پسپۆڕە، دەڵێت" یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی توشبون بە شێرپەنجەی غودەی دەرەقی، بەركەوتنە بەتیشك، واتە ئەو كارمەند و پزیشكانەی لەبواری تیشكدا ئیشدەكەن  وەك سۆنەر و ئەشیعە و ئێسك و شكاوی، ئەوانە شتێك بەكار دێنن پێدەوترێت سكرین ئەمە هۆكارێكە  بۆتوشبون بەشێرپەنجەی غودەی دەرەقی، هەروەها  بونی فشاری دەرونی وبۆماوەیی هۆكارێكی ترن بۆتوشبون بەشێرپەنجەی غودە"
                         نیشانەكان چین
د. ئاری مەجید، جەخت لەوەدەكاتەوە،   شێرپەنجەی غودەی دەرەقی  نیشانەیەكی تایبەتی  نیە،   چونكە زۆربەی گرێكان كە شێرپەنجەی دەردەچێت لەو قەبارەیەدا نیە كە نەخۆش دەستی لێبدات و هەستی پێبكات،
هەندێكجار گرێ هەیە پێدەوترێت بێدەنگ واتە هیچ نیشانەیەك لەنەخۆشەكەدا دەرناكەوێـت، لەبەرئەوە  جارهەیە نەخۆشەكە  بۆنەخۆشییەك دەچێتە لای پزیشك  ودەردەكەوێت  شێرپەنجەی غودەی دەرەقی هەیە.
                              گرێ تاقانەكان شێرپەنجەین 
ناوبراو وتیشی،   هەمیشە  یەك گرێ  كە پێدەوترێت گرێ تاقانە لە غودەكەدا حیسابی زیاتر بۆدەكرێـت  و لێكۆڵینەوەی زۆرتری بۆ دەكرێت، وەك لەوانەی كە هەموو غودەكانی گرێیە، ئەوانەی هەمو غودەكانیان گرێیە رێژەیەكی كەمی لەنەخۆشەكان شێرپەنجەی دەردەچێت، بەڵام  ئەوانەی گرێ تاقانەیان هەیە رێژەیەكی زۆریان  شێرپەنجە  دەردەچێت. 
                                 چۆنێتی دیاریكردنی نەخۆشیەكە
ئەوپسپۆڕە، لەبارەی دیاریكردنی نەخۆشییەكەوە، ئاماژەبەوەدەكات،  سەرەتا لەرێگەی سۆنەری ملەوەن   دەبێت، پاش هاتنەوەی وەڵامەكە  دەردەكەوێت  نەخۆشەكە گرێ هەیە، دوای ئەوە زەرعی بۆدەكرێت، ئەویش لەرێگەی دەرهێنانی خوێنەوەیە لە گرێیەكە، كەئەویش لە 100% نیە دەركەوێـت كە گرێیەكە شێرپەنجەی بێت، بەڵام هەندێ ئاماژەی دەدات كە دەبێت گرێیەكە لاببرێت. 
                         رێژەی توشبون لەزیادبوندایە
د. ئاری مەجید، رونیشكردەوە، لەگەڵ زیادبونی رێژەی دانیشتوان رێژەی توشبون بە نەخۆشیەكانیش زیاد دەكات، هەروەها  بونی فشاری دەرونی و بیركردنەوەی زۆر كاریگەری دەكاتە سەر  تێكچونی هۆڕمۆنات وئیشی  میتاپۆلیزمی لەش  ئەگەری هەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت لەجەستەدا،  واتە هۆكاری لاوەكی و یاریدەدەر دەبێت بۆ ئەم نەخۆشییە.
                        ژنان زیاتر توش دەبن
ناوبراو وتیشی، ئەم نەخۆشیە زیاتر لە ژناندا توشدەبن، لەبەرئەوەی لەژندا پرۆسەی منداڵبون  هەیە، هۆڕمۆنات زۆر زیاتر تێكدەچێت، هەروەها پیاوانیش بێبەش نەبون لە توشبون بەشێرپەنجەی غودەی دەرەقی،  بەڵام ئەگەری هەیە پیاوان زیاتر هۆكارە بۆماوەییەكان  بیانگرێتەوە .
                                    چارەسەرەكان
د. ئاری مەجید، دەڵێت" ئەگەر نەخۆشییەكە زوو دیاری بكرێت و  نەشتەرگەریەكی جوانی بۆ بكرێت واتە هەموو غودەكەی بۆلاببرێت، ئەنجامەكەی  زۆر باش دەبێت،  حەبی تەعویزی هۆڕمۆنی پێدەدەرێت بۆچالاكبونەوە، دوای نەشتەرگەری غودەكە و لابردنی بەپێ ئەنجامی زەرعەكە ، پێویست دەكات هەندێ نەخۆش دەرمانێك  دوایی  دوو بۆ سێ مانگ ئەو دەرمان بەكاربهێنیت كە ئەویش پێدەوترێـت (یۆدی تیشكدار)،  لەشێوەەی قەترە وەری دەگرێت و كۆتایی پێدێت، چونكە شێرپەنجەی غودە یەكێكە لە شێرپەنجە بێوەییەكان، چارەسەری  كیمیایی بۆ بەكارنایەت"

بەپێ ئەو ئامارانەی لە بەرێوەبەرایەتی  گشتی تەندروستی سلێمانی دەست چاودێر كەوتوە  لە 1/1/ 2017 تا 15/12/2017 ، 54 حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجەی غودەی دەرەقی هەبوە ،  كە 12 كەسیان  لە رەگەزی نێر بون  و  42 كەسی تریان لە رەگەزی مێ بون.