هۆكارەكانی برینی گەدە، بەكتریای گەدە چییە؟ د. فەرمان عوسمان وەڵام دەداتەوە

تەندروستی 24/11/2018


نەخۆشی برینی گەدە و ودوانزەگرێ (قورحەی معیدە) یەكێكە لەنەخۆشییە باوەكانی سەردەم، بەهۆی بونی بەكتریای ئێچ پایلۆریەوە توشی مرۆڤ دەبێت  و گەدە و دوانزەگرێ بریندار دەكات، ئەوانەی زیاتر توشی ئەم نەخۆشییە دەبن لەتەمەنی 30 بۆ 45 ساڵیدا، لەوبارەیەوە د. فەرمان عوسمان، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، دەڵێت" پێویستە هاوڵاتیان خۆیان لە بەكارهێنانی حەب و دەرمانە ئازارشكێنەكان بپارێزن تا دوربن لەنەخۆشی برینی گەدە.   

نەخۆشی برینی گەدە(قورحەی مەعیدە) چیە؟
د. فەرمان عوسمان، پسپۆری نەشتەرگەری گشتی، ئاماژەبەوەدەكات، برینی گەدە و دوانزەگرێ بە یەكێك لەنەخۆشییە باوەكانی سەردەم دادەنرێت و برینی گەدەش بریتیە لە برینداربونی و ناوپۆشی گەدە، كە بەهۆی بونی بەكتریایی ئێچ پایرۆلیەوە و زیاتر ئەوانەی توشی ئەم نەخۆشیە دەبن لەتەمەنی 30 بۆ 45 ساڵیدان.
                       هۆكارەكانی توشبون                    
ئەو پسپۆرە، باس لەوەدەكات، یەكێك لە هەرە هۆكارە باوەكان بۆئەم نەخۆشییە  بونی بەكتریای (ئێچ پایلۆریەوە)ە كە زۆربەی هاوڵاتیان بەهۆی ئەم بەكتریایەوە هەم توشی برینی گەدە و برینی دوانزەگرێش دەبێت، كە زیاتر لە دوانزەگرێ توشی برین دەبێت، ئەویش بەهۆی بونی ئاوی پیسەوەیە، هەروەها بونی فشاری دەرونی و قەلەقی وخەمۆكی، ئەمەش  بۆ تێكچونی هۆڕمۆنات دەگەڕێتەوە، كە هۆڕمۆنەكە ئین باڵانسێك دروستدەكات ومادەی ئەندریالین زیاتر دەڕژێت،  ئەمەش ترشەلۆكەكانی ناو گەدە زیاد دەكات و دەبێتە هۆی دروستبونی  برینی ناوپۆشی گەدە. 
 وتیشی" یەكێك لەهەرە  هۆكارە گرنگەكانی تر بەكارهێنانی  حەب و دەرمانە بەبێ چاودێری پزیشك،  زۆر خواردنی  دەرمانی ئازار(NSAD) و بۆ ئازاری  ئێسك و جومگەكان بەكاردێت، حەبی پڕۆفین و ڤۆڵتارین، ئەمانە  یەكێكە لەهەرە هۆكارە گرنگەكانی توشبون بە برینی گەدە، هەوەها خواردنی جگەرە و مادەكهولیەكان، و خواردنەوەی كافاین.
                 جیاوازی لە نێوان  برینی گەدە و دوانزەگرێ هەیە
 د. فەرمان عوسمان، دەڵێت" برینی گەدە هەم بۆ چارەسەركردن و  بۆ دەستنیشانكردن ئاڵۆزترە   لەبرینی دوانزەگرێ، لە برینی گەدەدا  نەخۆشەكە ئازاری دەبێت دوای ئەوەی خواردنی خوارد ئازارێكی یەك بۆ چوار كاتژمێر لێدەدات،  زۆربەی نەخۆشەكان گرفتیان لەگەڵ ئەوەدا هەیە كەلە شەودا خەبەریان دەكاتە، ئازارەكە بەشێوەیەكی گشتی لەبەشی سەرەوە  دەبێت و  رشانەوەی لەگەڵدا دەبێت جار هەیە خوێنی لەگەڵدا دەبێت، هێڵنجدانێكی زۆری دەبێت، ئازاری سك  بەناویدا بڵاو دەبێتەوە، ودڵەكزی  توش دەبێت"
ناوبراو وتیشی، برینی دوانزەگرێ دەستنیشانكردنەكەی ئاسانترە و بەشێوەیەكی گشتی كۆ نیشانەكانی لەبرینی گەدە جیاوازترە، ئەگەر كەسەكە گەدەی بەتاڵ بێت و برسی بێت  هەست بە ئازارێكی زۆر دەكات، كە خواردن دەخۆن باش دەبن، پێویستە خواردن بخۆن و كەم خۆری دایم خۆر بن، باشترین جۆری خواردن بۆئەم كەسانە شیر و پسكیتە، كە ترشەڵۆكەكانی ناو گەدە كەم دەكاتەوە.
                       منداڵانیش توشی برینی گەدە دەبن
ئەو پسپۆڕە، لەبارەی توشبونی منداڵان بە بەرینی گەدە، ئاماژەی بەوەكرد، ئەم نەخۆشیە كەمتر لەمنداڵدا توشی دەبێت، بەڵام لەحاڵەتێكدا منداڵ توشی برینی گەدە دەبێت، پێدەوترێت (زۆڵنجەر ئێڵسندرەم)كە ئەو منداڵە لەزكماكیەوە هۆڕمۆنی ناڕێك بوە، ئەمەش هۆكاری توشبونیەتی بەنەخۆشیەكە. 
                                       چارەسەری نەخۆشییەكە
د. فەرمان عوسمان، رونیدەكاتەوە، سەرەتای دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە كە لەرێگەی هەناو بینیەوە دەبێت تابزانرێت كەسەكە برینی گەدەی هەیە یان دوانزەگرێ،  سەرەتا دەبێت بەكتریاكە قەڵاچۆ بكرێت، پاشان چارەسەركردن بە دەرمان بۆ هەردو جۆرەكە بكرێت، هەروەها لەحاڵەتێكدا  نەشتەرگەری بۆ ئەو نەخۆشانە دەكرێت كە توشی برینی دوانزە گرێ بون  و حاڵەتی تەقیندابون.  
                                      رێنماییەكان
پێویستە ئەوانەی نەخۆشی برینی گەدە یان دوانزەگرێیان هەیە  باشترە  خۆیان  لەخواردنی بەهارات و خواردنە تونەكان  و پیاز و بەدوربگرن، هەروەها دوربكەونەوە لە خواردنەوە گازییەكان و كحول و جگەرە كێشان و خواردنی فاست فود، ترشی و سوێری و خواردنی سورەكراو و خواردنی زۆر زیاد لە پێویست، بەبێ رێنمای پزیشك و رەچاوكردنی باری تەندروستی هاوڵاتیان دەرمان بەكار نەهێنێنن، چونكە  یەكێك لەهەرە گرفتە گەورەكان بۆ توشبون بە برینی گەدە بەكارهێنانی حەب و دەرمانە بەبێ رێنمای پزیشك.