داواكەی دادگای ئەوروپا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

ڕاپۆرت 24/11/2018


راپۆرتی چاودێر

لە پاش ئەوەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادكردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كرد ، كە لەلایەن كەرەم ئاڵتی پارماق، پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش راگەیەنرابوو.
دوابەدوای ئەوەش، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، زیندانیكردنی هیچ پەیوەندییەكی بە ‌پرۆسەی یاساییەوە نییە، بەڵكو پرسێكی سیاسییە و دەشڵێت "من كراومەتە بارمتەی سیاسی".
سێشەممەی رابردوو، دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا بەكۆی دەنگ داوای ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی‌ لە توركیا كرد و بەنووسراوێكی فەرمیش داواكارییەكەیان ئاڕاستەی وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە كرد.
دەمیرتاش لەوبارەیەوە دەشڵێت "بڕیارەكەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەیسەلمێنێت نەك تەنیا تەواوی دادگاكانی توركیا، بەڵكو دادگای باڵای دەستووری توركیاش پێشێلكاری زەقی لە دژی ئێمە كردووە. بەوەش هەژموونی سیاسی بەسەر دادگا و دادوەری بووەتە مەترسییەك و هەڕەشەیەكی راستەوخۆ دژ بە دیموكراسی و داهاتووی كۆمەڵگە".
 لە راگەیێندراوەكەدا دەمیرتاش جەختدەكاتەوە "بەداخەوە، سەرۆككۆمار كە هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكاریشە، چەندینجار راشكاوانە سەرباری بڕیاری دادگاكان گوتوویەتی كە نە یاسا نە دەستوور ناناسێت. رەتكردنەوەی بڕیاری دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا ئاماژەیەكی مەترسیدارە نەك بۆ من بەڵكو بۆ كۆمەڵگەی توركیا و دیموكراسییەتی ئەم وڵاتە".

جەهەپە پشتیوانی ئازادكردنی دەمیرتاش دەكات
هەر لەبارەی ئەو پرسە، كەمال كڵچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) رایگەیاند  "پێویستە پابەند بین بە بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، بەڵام خۆزگە دادگای دەستوور ئەو بڕیارەی بدایە".   

كڵچدارئۆغڵو رەخنەی لە وتەكانی ئەردۆغان گرت كە رایگەیاندبوو، پابەندنابن بە بڕیارەكەی دادگای ئەوروپا لەبارەی دەمیرتاش. وتیشی "ئەوان رێز لە دەوڵەتی یاسا دەگرن و ئەگەر دەیانەوێت وا پیشانبدەن لە رێز لە دەوڵەتی یاسا دەگرن، پێویستە پابەندبن بە بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا".

ئەردۆغان بڕیاری دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دەمیرتاش رەتدەكاتەوە
لە وەڵامی بڕیارەكەی دادگای مافەكانی مرۆڤ لە ئەوروپا، ئەردۆغان رایگەیاند "ئەو بڕیارانەی دادگای مافەكانی مرۆڤ لە ئەوروپا دەریاندەكات، پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە". هاوكات سكاڵایان دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاش تۆماركرد.
ئەردۆغان وتی "ئەو بڕیارانەی دادگای مافەكانی مرۆڤ لە ئەوروپا دەریاندەكات پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە. هەروەك دەزانن دادگاكە تاوەكو ئەمڕۆ چەندین بڕیاری لەبارەی تیرۆر داوە كە هەمووی دژە. لە بەرامبەر ئەوەدا زۆر شت هەیە كە ئێمە دەتوانین ئەنجامیبدەین. ئێمە هەڵمەتی بەرامبەر ئەنجامدەدەین و كارەكە كۆتایی پێدەهێنین. ئەوەی لە توركیادا تیرۆری سەركوتكردووەتەوە، هیچ كاتێك دادگەی مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا نەبووە".
حەسەن جەمان: ئەردۆغان هیچ یاسایەك ناناسێت!
حەسەن جەمال گەورە نوسەری توركیا لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا  دەربارەی هەڵوێستی ئەردۆغان بە رەتكردنەوەی داواكەی دادگای یەكێتی ئەوروپا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش بەم جۆرە نوسیوێتی:
"ئەردۆغان هەركات بیەوێ‌ پانا بۆ یاسا دەبات هەركات بیشیەوێ‌ یاسا پێشێل دەكات و هیچ یاسایەك ناناسێت"
لەدرێژەی نوسینەكەیدا نوسەر دەڵێت " دەمیرتاش پڕۆسەیەكی دادگایی دادپەرەوەرانە نەكراوە، مافی ئازادی لێزەوتكراوە، مافی ئازادی هەڵبژاردن و سیاسەتكردنی لێسەنراوەتەوە، هیچ بەڵگەیەك و تاوانێكی نەبووە، بەڵام ماوەیەكی زۆرە بەندكراوە، هەموو ئەمانە هەڕەشەیەكە بۆ سەر دیموكراسی لە توركیا".
نوسەر دەشڵێت "زیهنیەتی ئەوردۆغان یاسا بونی نییە، دەسەڵاتی تاكەكەسی بونی هەیە،  لەكاتێكدا ئەردۆغان لە ساڵی 2002 كاتێ‌ لە زیندان بوو، پەنای بۆ دادگای ئەوروپا بردوو وە بەو هۆیەوە ئازادكراو بەشداری لە هەڵبژاردن كرد و بوە سەرۆكوەزیران".

شایەنی باسە رۆژی 4-11-2016 سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتەكەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە‌ دەستگیركران. بەبڕیاری دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە بڕیاری بەندكردن بۆ دەمیرتاش دەركرا و ماوەی دوو ساڵە لە گرتووخانەی سزا قورسەكانی ئەدیرنە زیندانیكراوە، بەڵام هێشتا دادگا بڕیای كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەی نەداوە.

جێی باسە رۆژی 4-11-2016 سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی هەمان فراكسیۆن، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران، بەبڕیاری دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە بڕیاری بەندكردن بۆ دەمیرتاش دەركرا و ماوەی دوو ساڵە لە گرتووخانەی سزا قورسەكانی ئەدیرنە زیندانیكراوە.