كتێبخانەیەكی گەڕۆك ناوچەكانی هەرێم دەگەڕێت

رۆشنبیری 21/11/2018


چاودێر  - تایبەت
بۆ یەكەمجار و لەلایەن هاوڵاتیەكی دانیشتوی شاری سلێمانیەوە، گەورەترین ئوتومبێلی پڕ لەكتێب بەناونیشانی (كتێبخانەی گەڕۆكی گەردانە) هێنرایە ناو شارۆچكەی پێنجوێن و بەوتەی خاوەنەكەشی، ئەو پڕۆژەكەی لەشارۆچكەی پێنجوێنی سەر سنوورەوە دەستپێكردووە و مەبەستیەتی جارێكی تر خوێنەر و كتێب، ئاشت بكاتەوە.
ئەنوەر محەمەد، خاوەنی پڕۆژەی كتێبخانەی گەرۆِكی گەردانە، بەچاودێرى راگەیاند: پڕۆژەی كتێبخانەی گەڕۆك، بۆ خۆی پڕۆژەیەكی نوێیە نەك لەعێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە ساڵی پار ئەو پرۆژەیەمان لەشاری سلێمانی لەگەڵ چەند نووسەر و رۆشنبیرێك تاقیكردەوە، بەڵام ئەمساڵ بەتەنیا و بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بێ ئەوەی سەر بەلایەنێك یان لەلایەن و شوێنێكەوە پشتگیریمان بكرێت، ئەم كارەمان زیندوو كردەوە
وتیشی "لەزەمانێكدا قەیرانی دارایی كاری كردۆتە سەر خەڵك و پارەی كەمتریان  بۆ كرێنی كتێب پێیە،  ئەهلی كتێبیش ئەگەر دابڕێت ناتوانێت بەئاسانی دەست بەخوێندنەوە بكاتەوە، بۆیە لەرێگەی پڕۆژەكەمانەوە، كتێبمان هێناوە بۆ ناو ماڵ و گەڕەك و ناوچەكان، بۆ ئەوەی خوێنەران لەكتێب دانەبڕێن و بەهەموو شارەكاندا دەگەڕێین".
روونیشیكردەوە،" لەپێنجوێنەوە وەك یەكەم شوێن دەستمان بەم پڕۆژەیە كردووە خوێنەری پێنجوێن زۆر باشن و هاوكاریان كردووین و كتێبی باشیان لێكرین، زیاتر لە1000 ناونیشانمان بەزمانی كوردی و چەندین سەرچاوەی جیاواز پێیە".
ئەوەشی باسكرد: گەردانە زیاتر بەمانای گەڕان دێت، چونكە كارەكەی ئێمە گەڕانە و ناوی یەكێك لەمناڵەكانیشمە، هیوادارم هەمو كوردستان بگەرێم و بتوانم بەردەوامی بدەم بەپڕۆژەكە ئوتومبێلەكەشم جێگای ژمارەیەكی زۆر كتێبی تیا دەبێتەوە و كتێبەكانیش بەشێوەیەك دانراون ئەو سەرچاوانەی دەیانەوێت دەتوانرێت بەئاسانترین  شێوە و كەمترین ماوە هەڵ بژێردێت.