نهێنی.. لەفەرەنساوە براوەی "بالۆندۆر" ئاشكرادەكرێت

وەرزش 19/11/2018


پاش كۆتاییهاتنی وادەی دەنگدان لە 9ی ئەم مانگەدا، هەواڵە دزەپێكراوەكان لە فەرەنساوە ئاماژە بەوەدەكەن كە بالۆندۆری 2018 بۆ لوكا مۆدریچی ئەستێرەی هەڵبژاردەی كرواتیا و یانەی ریاڵ مەدرید دەبێت.
رادیۆی فەرەنسای نێودەوڵەتی لەچەند سەرچاوەیەكی نهێنییەوە ئەو زانیارییەی بەدەست گەیشتووە، كە لوكا مۆدریچ خەڵاتی ئەمساڵی تۆپی ئاڵتون دەباتەوە، كە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵەوە دابەشدەكرێت.
بەمەیش مۆدریچ كۆتایی بە 10 ساڵ هەژموونی لیۆنێل میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ دێنێت.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، میسی و رۆناڵدۆ تەنانەت لەنێو سێ پلەی یەكەمی ریزبەندیشدا نین، بەوپێیەی لەدوای مۆدریچ، رافائیل ڤارانی فەرەنسی بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدریدی دووەمە و كیلیان ئێمباپێی فەرەنسی هێرشبەری پاریس سانجێرمانیش سێیەمە.
گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لە 3ی مانگی داهاتوو لە ئاهەنگێكدا براوەی خەڵاتەكە ئاشكرادەكات.
ئەمە لەكاتێكدایە لوكا مۆدریچ ئەمساڵ دوو نازناوی گەورەی دیكەی بردۆتەوە، یەكەمیان خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا و دووەمیشیان خەڵاتی زەبێست كە ساڵانە لەلایەن فیفاوە دەدرێتە باشترین یاریزانی جیهان.