هاروکی موراکامی تەواوی ئەرشیفەکەی دەبەخشێت

ڕەخنەی چاودێر 18/11/2018

وەرگێڕانی: سەروین زاهیر

هاروکی موراکامی لە پلانیدایە، ئەرشیفێک لەو کۆلێژە ژاپۆنیەی کە خوێندنی تێیدا تەواو کردووە بکاتەوە، کە زۆر شت لەخۆ دەگرێت، وەک: ڕەشنووسی پڕفرۆشترین ڕۆمانەکانی، کاری وەرگێڕان و میوزیکی کۆکراوە، هەروەها حەزی تاکەکەسی، کە بوونەتە بەشێکی بنەڕەتی لە نووسینی چیرۆکەکانی.
"زۆر دڵخۆش دەبم گەر ئەو بابەتانە هاوبەشی پێ بکرێ بە هەر ڕێگایەک بێت، بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ دەربارەی کارەکانی من لێکۆڵینەوە بکەن." موراکامی لە کۆنفڕانسێکی هەواڵیدا لەگەڵ کارگێڕی زانکۆی "واسیدا" وای وت.
وتیشی: "هیوادارم ببێتە شوێنێکی ئاڵوگۆڕی کولتووری لەگەڵ کەشێکی پۆزەتیڤ و کراوەدا."
موراکامی لە تەمەنی 69 ساڵیدایە و یەکێکە لە ناسراوترین و پڕستایشترین ڕۆماننووسەکانی جیهان، موراکامی دوای دەرچوونی لە کۆلێژی "واسیدا" لە ساڵی 1975 دەستی بە نووسین کرد، لە کاتێکدا کە باڕێکی جازی بەڕێوە دەبرد لە تۆکیۆ.
یەکەم دەرکەوتنی، بەهۆی ڕۆمانی  "Hear The Wind Sing"بوو کە لە ساڵی 1979دا بڵآو کرایەوە، هەروەها لە ساڵی 1987دا ڕۆمانی "دارستانی نەرویجی" بوو بە یەکەم پڕفرۆشترین بەرهەمی، وەک ئەستێرەیەکی ئەدەبی گەنج بە دیار کەوت. تازەترین ڕۆمانیشی، "کوشتنی سوارچاکێک" لەم دواییانەدا جێگای خۆی لە کتێبخانەکاندا کردووەتەوە.

پڕۆژەی ئەرشیفەکە لەم دواییانەدا دەرکەوت، کاتێک موراکامی پێشنیاری کرد بۆ بەخشینی کۆکراوەی بابەتەکانی، چونکە  هێندە زۆربوونە کە زیاتر لە بەرهەمی 40 ساڵ کارکردنیەتی و بە شێوەیەک جێگای بۆ کۆکردنەوەیان لە ماڵ و ئۆفیسەکەی نەدەبوویەوە.
وتیشی: " هیچ منداڵێکم نییە بۆ ئەوەی ئاگاداریان بێت و نەمویست ئەو سەرچاوانە بڵاو ببن و ون ببن کاتێک دەمرم، سوپاسگوزارم کە دەتوانم بیانهێڵمەوە لە ئەرشیفێکد.ا"
سەرەتای ئەرشیفەکانی، ڕەشنووسی ڕۆمانی "دارستانی نەرویجی" لەخۆ دەگرێت، کە لە گەشتەکەی بۆ ئەوروپا لە تێنووسێکدا خۆی نووسیویەتی، هەروەها وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانانەی خۆی وەریگێڕاون، کە لە لایەن نووسەرە دڵخوازەکانی خۆیەوە نووسراون وەکو ڕەیمۆند کارڤەر، جەی.دی.سالینجەر و سکۆت فیتزجیڕاڵد.
موراکامی بە شێوەیەکی پیشەیی ڕۆمان لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ ژاپۆنی وەردەگێڕێت، بەڵام دەڵێت من خۆشی لەوە وەردەگرم زیاتر وەک خولیایەک تاوەکو پیشەیەک. دەشڵێت وەرگێڕان دونیابینیی جیاوازی پێ داوە و جیاوازییەکی گەورەی درووست کرد لەسەر ئەوەی کە چی دەنووسێت.
" بە تووندی هەست بەوە دەکەم کە کاری وەرگێڕان یارمەتی داوم لە بەرەوپێشچوونم. لەوانەیە بخنکامایە گەر هەر لەنێو ئەدەبی ژاپۆنی بمابامایەوە." مۆراکامی وا دەڵێت.
موراکامی دەیەوێت کارلێککردنی هاندانی کتێبخانە ببینێت هەروەها ئاڵوگۆڕی کولتووری لەنێو قوتابییەکاندا، مامۆستا و ئەوانەشی کە حەز بە کتێبەکانی و ئەدەبی ژاپۆنی دەکەن.
وتیشی کە دەیەوێت بیکا بە شوێنێک وەکو ئۆفیسەکەی، کە چیرۆکەکانی لێ بنووسێت کاتێک گوێ بۆ هەڵبژاردەیەکی میوزیک یڕۆژانەی ڕادەدێرێ، لەوانەشە جارجارە ئاهەنگی میوزیکیشی تێدا بەڕێوە بچێت.
هەروەها کتێبخانە و ئەرشیفەکە زیاتر گەشە دەکات بەپێی ساڵەکانی داهاتوو کە بابەتی زیاتری بۆ زیاد دەکات.

"هێشتا زیندووم و پێویستیشە هەندێکیان بەکار بهێنم."