لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەسەر شیعرەکانی گۆران بڵاو دەکرێتەوە

ڕەخنەی چاودێر 18/11/2018

ڕەخنەی چاودێر


لیکۆڵینەوەیەکی نوێ دەربارەی شیعرەکانی گۆران بە ناونیشنای "لیریکی گۆران، لە ڕوانگەی بونیادگەریی کراوە و تەواوکارانەوە لە لایەن هەرێم عوسمان، نووسەر و مامۆستای زانکۆوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.


کتێبەکە لە سێ بەش پێک هاتووە، بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ چەمک ‌و زاراوەی لیریک ‌و ئاوێزانبوونی لەگەڵ ژانر و هونەرەکانی دیکە و بابەتی لیریک. هەر لەم بەشەدا کۆمەڵێک بۆچوون کە لە بارەی لیریکەوە هەیە خراوەتە ڕوو، هاوکات جێگیربوونی (خودسەنتەری لە شیعری لیریک)دا لە ڕوانگەی چەند بۆچوونێکی فەلسەفی ‌و ئەدەبییەوە خراوەتە ژێر پرسیار و دواجاریش نموونەی شیعری بە بەڵگە هێنراوەتەوە، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لیریکای گۆران بە درێژایی هەردوو بەشی دووەم ‌و سێیەم شی کراوەتەوە، لەبەر ئەوە بەشی دووەم پراکتیککردنی بەشی یەکەمە لەسەر دیوانی گۆران، کە تێیدا لیریکی گۆران لەسەر ئاستی قەبارە و ژانر و شێواز و بابەت ڕۆشن کراوەتەوە.
هەرێم عوسمان، نووسەری کتێبەکە بە ڕەخنەی چاودێری ڕاگەیاند، "باسی چیرۆکە شیعرو ئۆپێرا و ئۆپەرێت‌ و ستانزاو جۆرەکانیمان کردووە. دواتریش بابەتەکانی لیریکی شاعیرمان باس کردووە. بەشی سێیەم کە ڕۆحی کارەکەی تێدا بەرجەستە بووە و زۆرترین قەبارەی کتێبەکەی داگیر کردووە، بۆ شیکردنەوەی شیعرەکانی گۆران بەپێی میتۆدی بونیادگەری کراوە و تەواوکارانەی یوری لۆتمان تەرخان کراوە.  لەم بەشەدا نۆ چەمکی زانای ناوبراومان هێناوە و لە پاڵ ڕوونکردنەوە بۆ چەمکەکە لەسەر شیعرەکانی شاعیر جێبەجێمان کردووە، ئەمەش زیندوێتیی کارەکەی دەرخستووە کە تیۆر و پراکتیک هاوڕێگە بۆ ڕۆشنکردنەوەی شیعرەکان ئەنجام دراوە."
لە کتێبەکەدا چەند چەمک ‌و بوارێکی گرنگ ئاوڕیان لێ دراوەتەوە، لەوانە (سروشتی شیعر، لادان ‌و نامۆیی، پەیوەندی تێکست‌ و سیستم، پارالێلیزم، ئاستی لێکسیکی شیعر، شیعر وەک یەکێتی) هەریەک لەم بوار و چەمکانە توانیویانە بە باشی لەگەڵ ڕۆحی شیعرەکانی شاعیر بێنەوە و ڕۆشنی بکەنەوە.
وتیشێ: "ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا نامەی ماستەرەکەمە و لە ساڵی ٢٠١٧ پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی زمان، بەشی کوردی کراوە. نامەکە بە سەرپەرشتی پرفیسۆری دیار ئەنوەر قادر محەمەد نووسراوە، کە پێشەکیشیان بۆ کتێبەکە نووسیوە. کتێبەکە ٤١٢ لاپەڕەیە و ناوەندی کولتووریی کۆچ چاپی کردووە و لە ئیستادا لە سەرجەم کتێبخانەکانی شار و شارۆچەکەکانی هەولێر و سلێمانی دەست دەکەوێت."