واین رۆنی: هەرگیز ناگەڕێمەوە

وەرزش 15/11/2018


واین رۆنی هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، كە ئەمشەو 15ی تشرینی دووەم دوایین یاریی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی ئەنجامدەدات، رایگەیاند جارێكی دیكە بۆ یاریكردن ناگەڕێتەوە ئەوروپا.
هێرشبەرەكەی یانەی دی سی یونایتدی ئەمەریكی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا وتی "هەر لێرە واتە لە ئەمەریكا كۆتایی بە ژیانی وەرزشیی دێنم و جارێكی دیكە ناگەڕێمەوە بۆ ئەوروپا.. هەر لە دی سی یونایتد واز لە یاریكردن دێنم".
رۆنی، كە گۆڵكاری مێژوویی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە بە 53 گۆڵ، هاوینی رابردوو ریزەكانی یانەی ئیڤەرتۆنی جێهێشت و پەیوەندیی بە دی سی یونایتدی ئەمەریكییەوە كرد، ئەمەیش لەكاتێكدایە پێشتر 13 ساڵ بە درێسی مانچستەر یونایتدەوە یاریی كردبوو.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رۆنی وتی "پابەندبوونی تەواوم بە یانەی دی سی یونایتدەوە رادەگەیەنم و ئەمەیش شتێكی زۆر گرنگە بەلای منەوە.. نامەوێت بە خواستن یان هەر رێگەیەكی دیكە بۆ ئینگلتەرا و ئەوروپا بگەڕێمەوە، لێرە زۆر ئاسوودەم".
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر ئەستێرە گەورەكانی دیكەی وەك بێكهام و هێنری كە لە خولی ئەمەریكا یارییان دەكرد لەكاتی وەستانی خولەكەدا بەشێوەی خواستن دەگەڕانەوە بۆ ئەوروپا، بەڵام رۆنی تەمەن 33 ساڵ رەتیكردەوە ئەو كارە بكات.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئەمشەو پێنجشەممە لە یارییەكی دۆستانەدا بەرامبەر ئەمەریكا یاری دەكات، وەك رۆنی خۆی ئاماژەی پێدەكات ئەمە دوایین یاری ئەو دەبێت بەدرێسی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیەوە.
یارییە دۆستانەكە ئامادەكاریی دەبێت بۆ روبەڕوبونەوە چارەنوسسازەكەیان بەرامبەر كرواتیا لە میانی یارییەكانی خولی نەتەوەكانی ئەوروپادا.