مەلا بەختیار: سەد ساڵەی جەنگی یەكەم‌و هەڵەكانی كورد!

ڕاپۆرت 13/11/2018


سەد ساڵەی جەنگی یەكەم‌و هەڵەكانی كورد!
مەلا بەختیار
جیهان، یادی سەد ساڵەی كۆتایهاتنی جەنگی یەكەمی جیهان دەكات. جەنگێك، لەجیهاندا وەستاوە، بەڵام لەكوردستاندا، ئاسەوارە كارەساتبارەكانی، بە شەڕوشۆڕو پیلانگێڕی، لەهەر چوار بەشەكەی كوردستان، بەردەوامە.
لەفەرەنسای سەركەوتوی جەنگدا، ئەمساڵ یادێكی شكۆمەند بە ئامادەبونی زۆربەی شكۆدارانی جیهان، یادی كۆتایهاتنی جەنگەكە كرا. گورگ‌و مەڕی ئەوسا، پێكەوە بادەی یادەكەیان نۆشی. هەروەكو، جەنگەكە، باووباپیرانی ئەوان هەڵیاننەگیرساندبێ‌. یان، سەرۆكەكانیان، ئاشتەوایی (فرسای‌و سایكس پیكۆو لۆزان)یان نەسەپاندبێ‌.
یادەكە كرا. بەڵام، هەروەكو چۆن، لەجەنگی یەكەمدا پەند وەرنەگیرا، جەنگی دووەمیش هەڵایسا، لەم یادەشدا، بەشێك لەو سەرۆكانە، لەسەردەمی جیهانگیریدا، كوانوی جەنگی جۆراوجۆر گەرمتر دەكەن‌و نیڵەی ئاگرەكەی، چەندین وڵاتی سوتاندووە. هەڵكردنی ئاگرستانی جەنگێكی دیكە، كە ئەمجارەش، وەكو جەنگی یەكەم، شەڕگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ‌، مەشخەڵی تایفەگەری‌و چەكفرۆشی‌و گەمارۆی ئابوری‌و دواخستنی چارەسەری كێشە جۆراوجۆرەكانی، لەرۆژئاواو رۆژهەڵاتی دونیا، هەڵكراوە.
لەو جەنگەدا، سایكس پیكۆ (1916)و ساڵێكیش دوای ئەوە (بەڵێنی بلفۆر 1917) هاتنەئارا.
سایكس پیكۆ، بریتانیاو فەرەنسا، ئۆباڵەكەی هەڵدەگرن. بلفۆریش، لەسەر حسابی مافی فەلەستین، بریتانیا، بەڵێنەكەی دا. كە دواتر، بۆ چارەسەر عەرەبیش هەڵەی قورسیان كرد.
سەردارانی كورد، تاڕادەیەك، بە پێخاوسی، چونە ناو گەمەكە. گوێیان لە منەوەرو ئەزموندیدەكان نەگرت. گەمەیەكی نەشیاویان لە سلێمانی‌و بەشەكانی تری كوردستان كرد. ئاكام، ئامۆژگاریەكانی رۆژنامەی (تێگەیشتنی راستی)یان، كە مینبەری بریتانیای مەزن بوو، لەجەنگەكە دژی عوسمانیان، بەهەند وەرنەگرت. سەرەتای جەنگ (شێخی نەمر) لەپێنجوێن دژی روسیاو لەناوەڕاستی جەنگەكەش، دژی بریتانیا لە (شوعیبە) جەنگاوەرانی كوردیان خستە ناو چارەنوسێكی شكستەوە. كە جەنگ تەواو بوو، كاری سیاسی كورد، لەكار ترازابوو، بۆیە، هەرچی لەگەڵ شێخ‌و حوكمڕانیەكەی كردیان، تۆڵەسەندنەوە بوو، لەو هەڵدێرە (سیاسی-سەربازی)یەی دژی روسیاو بریتانیا، بەنەزانیی‌و بەپاساوی ئایینی كرا. تەنانەت دوای حوكمڕانی سلێمانیش، پەیوەندی بە ئۆزدەمیر (1923) ئەنجامدراو بریتانیاش پێی زانی.
دوو ساڵ لەمەوبەر لەزانكۆی سلێمانی لە سیمینارێك كە لەسەر سایكس پیكۆ سازدرا. مامۆستای زانكۆی وڵاتانی عەرەبی‌و عێراقی‌و كوردی لێ بون، بەندە، لە تێهەڵكێشانێكدا، بەشداریم كردو گوتم:
(عەرەب، لە سایكس پیكۆ قازانجی كرد. وڵاتیان بۆ دامەزرا. لەقۆناغی كوێرەوەریەوە، عەرەبیان بۆ دەوڵەتداری گواستەوە). گوتیشم: (كوردو فەلەستین‌و ئەرمەنی، زیانمەندی یەكەمی سایكس پیكۆ بوین). تاقە بەشداربویەكیش، بەرپەرچی نەدامەوە. بەڵكو هۆڵەكە، پەسەندیشیان كرد. لەتەلەفزیۆنی ئوردنیشدا چاوپێكەوتنم لەتەك كرا، لەسەر هەمان بابەت، دیسان بۆچونەكەم دوپاتكردەوە.
دوای سەد ساڵ، لەیادی كۆتایهاتنی جەنگی یەكەمدا، سەرانی دونیا شایی دەگێڕن. كوردو فەلەستین‌و ئەرمەنیش، هێشتا شینگێڕی پیلانەكانیانین. لاموایە، نە زلهێزەكان دەرسی پێویستیان لەو مێژووەو لێكەوتەكانی وەرگرتووە. نە سەركردایەتی كوردیش، گەوهەری هەڵەكانی رابوردومان، دیاریكردووە.
زلهێزەكان، ئێستاش دیموكراسی‌و مافی چارەنوسی گەلان، دەكەنە پێخۆری بەرژەوەندیەكان. سەركردایەتی سیاسی لایەنەكانی هەر چوار پارچەكەی كوردستانیش، بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتیمان كردۆتە بنەمای سیاسەتی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی؛ كە شەڕو تیرۆر، مەترسی لەسەر رۆژئاوا دەبێ‌، ئاوڕ لە كوردو پێشمەرگە دەدرێتەوە. كە شەڕگەكانیش ئارام دەكرێنەوە، دیسان رێكەوتنەوە لەگەڵ حكومەتەكان، لەسەر حسابی گەلان، دەسەپێتەوە.
سایكس پیكۆ لەكوردستاندا بەردەوامە. لۆزانی تریش، بەڕێوەیە. كوردیش، لەدژایەتی یەكتر بەپاساوی ئایدیۆلۆژی، تێرناخوات!