بەرپرسی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی: یەكێتی ئێمە بەتەنها بەجێناهێڵێت

کوردستان 12/11/2018

چاودێر:

 
بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند"هێڵی سورمان لەسەر كەس نیە هەموو لایەنەكان دەتوانن بێن لەگەڵمان بەشداری حكومەت بكەن بەڵام بۆ ئەمە مەرجمانە كە نابێت بێنە ناو حكومەت كە توشی قەیرانێك شەڕێك ناخۆشیەك بین بەجێمان بهێڵن و لەحكومەت بكشێنەوە، بینیمان ئەمجارە یەكگرتووی ئیسلامی چەند مانگێكی كەمی مابوو كە لەحكومەت كشایەوە، ئێـمە ئەمجارە ئەوەمان قبوڵ نیە،  ئێمە نامانەوێت ئەمجارە حكومەتێك پێكبێت بەناوی حكومەتی بنكە فراوان، حكومەتێك پێكدەهێنین كە بەو بەرنامەیەی هەمومان لەسەری ڕێكدەكەوین لەگەڵمان هاوبەش دەبێت و بەخێربێت."

عارف تەیفور لەبارەی هەڵوێستی یەكێتی، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند "بڕواناكەین یەكێتی بەجێمان بهێڵن، یەكێتی شان بەشانی پێشمەرگەكانی پارتی قورسترین شەڕمان كرد كە شەڕی داعش بوو، ئەو كاتەی هەموو لایەنەكان كۆبونەوە ویستیان پارتی تەسلیم بێت بەڵام بەهەوڵی كاك نێچیرڤان بارزانی هەوڵی ئاسایكردنەوەی دۆخەكە و تێپەڕاندنی درا، یەكێتی لەوەدا لەگەڵمان بوون ناكرێت نكوڵی لەو هەڵوێستەی یەكێتی بكرێت،  هەرخۆی یەكێتی نیەتێكی وایان نیە بەجیمان بهێڵن."

ناوبراو لەبارەی گۆڕانەوە وتی" ئێمە وەزیرەكانی گۆڕانمان دەركرد فەترەیەك وتمان بچنە ماڵەوە بەڵام لەكۆتایدا زۆر داوامان لێكردن بگەڕێنەوە نەگەڕانەوە، مەرج نیە ئەمجارە وا بە وەزیرەكانیان بڵێین بەڵام لەچوار ساڵی ڕابردوو گۆڕان ڕۆڵێكی خراپیان هەبوو لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیریان لەحكومەت هەبوو بەڵام سەركردایەتی ئۆپۆزسیۆنیان دەكرد، هاواریان دەكرد بڕوخێ ! بڕوخێ، كاتێك بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەت بوو. واتە ڕۆڵێكی زۆر خراپیان هەبوو ڕۆڵی تێكدەرانەیان هەبوو ئێتر بۆیە وەزیرەكانیان ئیزن دران وتمان تا دۆخەكە ئارام دەبێتەوە."