سۆلاری بڕیارێكی لۆپتیگی هەڵدەوەشێنێتەوە

وەرزش 12/11/2018


سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید بڕیارێكی جولیان لۆپتیگی راهێنەری پێشووی یانەكە هەڵدەوەشێنێتەوە، كە تایبەتە بە فینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی تەمەن 18 ساڵ.
بەپێی زانیاریی رۆژنامەكانی ئیسپانیا، سۆلاری بڕیاریداوە جۆنیۆر بەبەردەوامیی لە تیپی یەكەمی یانەكە بهێڵێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لۆپتیگی رایگەیاندبوو كە ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە دەگەڕێنێتەوە تیپی دووەم.
ئەم بڕیارەی سۆلاری پاش ئەوە دێت كە فینیسیۆس جۆنیۆرز بەڕادەیەكی بەرچاو ئاستی بەرزبۆتەوە و ئەو پێیوایە كە شایانی ئەوەیە لە تیپی یەكەمدا بمێنێتەوە.
لەوكاتەوەی لۆپتیگی بەهۆی ئەنجامە خراپەكانەوە لە پۆستەكەی دورخراوەتەوە، سۆلاری بەشێوەیەكی كاتی ئەركی مەشق و راهێنانی یانەكەی وەرگرتووە.
سۆلاری لە یارییەكەیاندا بەرامبەر میلیلیە لە جامی شای ئیسپانیادا بەشداریی بە جۆنیۆر كرد، كە توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات. 
لەیارییەكەی ڤەلەد وەلیدیشدا لە خولی ئیسپانیا، هێرشبەرە بەرازیلییەكە لەتایمی دووەمدا هاتە نێو یاریگاوە و توانی گۆڵ تۆماربكات، ئەگەرچی بە هاوكاریی تیپی بەرامبەر بوو.
لە چامپیۆنس لیگیشدا سۆلاری یاریی بە فینیسیۆس جۆنیۆر كرد و لەڕوبەڕوبونەوەكەیاندا بەرامبەر ڤیكتۆریا پڵزن لە تایمی دووەمدا هاتە ناو یاریگاوە و توانی یەكێك لە گۆڵەكانی یانەكە دروست بكات، كاتێك پاسێكی یەكلاكەرەوەی دایە تۆنی كروس و بەهۆیەوە گۆڵی پێنجەمیان تۆماركرد.
فینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی تەمەن 18 ساڵ لەهاوینی ئەمساڵدا گرێبەستی لەگەڵ یانەی شاهانە ئیمزاكرد، پاش ئەوەی یانەی فلامینگۆی بەرازیلی جێهێشت.