جەستە تەنیا دوو جار دەژى

ڕەخنەی چاودێر 12/11/2018

      جەستە تەنیا دوو جار دەژى

ئەمین بزورگیان
وەرگێڕانى لە فارسییەوە: وەلید عومەر

سینەما، ئەم ئارەزووى ژیانکردنەى، کە دواى مردن دەخوازرێت، تا ئەوپەڕەکەى پەرە پێداوە. ئەگەر پێشتر، لێکچوونى زۆرى وێنە و واقیع میکانیزمێک بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەرگ و درێژەدان بە ژیان، ئەوا وێنەگرى و دواتر سینەما ئەمەیان گەیاندە لوتکەى خۆى.


لە میسرى کۆندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەرگ، دواى مردن جەستەى کەسەکانیان بە مۆمیاکراوى هەڵدەگرت. ئایدیا سەرەکییەکە ئەوە بوو، کە بە پاراستن و هەڵگرتنى جەستە، ئیدى ژیان بەردەوام دەبێت. لە دیدى میسرییەکانەوە، مردن بە ڕۆیشتنى جەستە دێتە دى. بۆیە گەر جەستە هەڵبگرین، ئەوا ئەوکات ئیدى مەرگیشمان لەناو بردووە. بە پێى ئەم تێڕوانینە، ڕۆح و جەستە یەک شت بوون. لە مەزهەبى یۆنانییشدا، کواڵێتیى جەستەى هاووڵاتییانى ئەسینایى، دەرخەرى توانا و شایستەیى و جیاوازییان بوو لەگەڵ کۆیلەکاندا. لە مەزهەبى یۆنانیدا، بەهێزیى جەستە نیشانەى بڵندیى ڕۆح بوو. ئەوە دینەکان بوون {کە دواتر} جەستە و ڕۆحیان لێک جیا کردەوە. پەیوەستی نێوان جەستە و ڕۆح لە میسر و یۆنانى کۆندا، کە بە هۆى مۆمیاکردنى جەستەوە لاى میسرییەکان و ئاگۆراى یۆنانییەوە لە هەموو شوێنێکى تر باشتر خۆى دەردەخست، لە سەدەکانى ناوەڕاستدا و بە هۆى عەقیدە دینییەکانەوە لە بەر یەک هەڵوەشایەوە. ئەم لێک هەڵوەشان و پچڕانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە و سەرەتاى دینەکان. دینە ئیبراهیمییەکان لەناو خەڵکانى مەحرووم و کۆیلەدا گەشەیان دەکرد. دینەکان لە کاتى سەرهەڵدانیاندا، وەڵامێک بوون بۆ دۆخى ئاڵۆزى مەحروومان بە ڕووى چینە باڵاکانى کۆمەڵگە {ـى ئەو کاتدا}. لەم پرۆسەیەدا پارێزەران و بنیاتنەرانى دینەکان، بە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سەنتەربوونى جەستە لاى چینە باڵاکان و بۆ پاساودارکردنى خۆیان و ڕاکێشانى خەڵکە مەحروومەکە، بە ئاراستەى ئەو باوەڕەدا ڕۆیشتن، کە لاوازیى جەستەیى، نەک تەنیا ئاماژە نییە بۆ باڵایى و بڵندى، بەڵکوو ڕۆح و جەستە دوو واقیعى تەواو لێک جیاوازن. بە پێچەوانەى مەزهەبى یۆنانى کۆنەوە، سووک سەیرکردنى جەستە لە بەرژەوەندیى ڕۆحدا، لە عەقیدە گرنگەکانى دینەکانە. عەقڵى مۆدێرنیش درێژەى بەم ئایدیا کۆمەڵایەتییەى دینەکان دا. لە ڕۆشنگەرییشدا، جیابوونەوەى جەستە و ڕۆح بە جۆرێکى تر درێژ بووەوە و تیۆریزە کرا. عەقڵ بریتى بوو لە هەمان دیوە "ترانسێندێنتاڵ"ترەکەى ڕۆح. لە هەلومەرجى نوێدا، عەقڵ (ڕۆحى زاڵ بەسەر ژیاندا) بوو بە تەوەرى تەواوى ژیانى ئینسان و جەستە لە پێشووتر زیاتر جیا بووەوە.
دەتوانرێت ئەوانەى کە چوونەتە دۆخى کۆماوە (ئەوانەى کە جەستەیان هەیە و ماوە، بەڵام لە پرۆسەى ژیانکردندا نین) وەک ئەڵتەرناتیڤى مۆمیاکراوەکانى میسرى کۆن بزانین. دەکرێت هەم لە پیشەى ئاڵۆزى مۆمیاکارى و هەم لە پەرستیارى و پاراستنى "بە کۆما ڕۆیشتووەکان"یشدا بەسەر قەرەوێڵەى نەخۆشخانەکانەوە، لەو ململانێیە ورد بینەوە کە لەگەڵ مەرگدا دەکرێت، یان باشتر وایە بڵێین لەگەڵ زەمەن و کاتدا دەکرێت. لێرەدا و پێشتریش، ئامانجەکە ئەوەیە کە تێپەڕینى حەتمیى کات لەناو ببرێت و بە هۆى نمایشکردنى ژیانەوە، درێژە بە ژیان بدرێت {ژیان عەرز دەکرێت، لە جیاتى ئەوەى ئەزمون بکرێت-و.}
بە تەفسیرى کەسێکى وەک "بازین"، گەر ڕۆژێک بیانەوێت شیکارى دەروونى، یان شیکارى ڕیشە و ڕەچەڵەک بۆ کۆى هونەرەکانى پەیکەرتاشى و شێوەکاری بکەن، ئەوا بێگومان ڕیشەکەیان لە مۆمیاکاریى جەستەى مردووەکاندایە. {ڕیشەکەیان دەچێتەوە سەر مەسەلەى مۆمیا لە مێژوو و زەینى مرۆڤ لە کۆنتردا- و.} ڕیشەکانى پەیکەرتاشى و شێوەکارى دەگەڕێتەوە بۆ مۆمیاکردنى جەستە. 
پێشتر، مۆمیاکراوەکان فەزاى بەتاڵیى نێوان ژیان و مردنیان پڕ دەکردەوە. دواتر هونەر ئەم کارەى گرتە ئەستۆ. لە خۆڕا نەبوو کە شێوازەکانى پێشووترى ئەم هونەرانە، لەسەر بنەماى زۆرترین لێکچوونیان لەگەڵ واقیعدا هەڵدەسەنگێنران. ئەو پەیکەرانە زیاتر بایەخیان هەبوو، کە زیاتر لە مرۆڤ دەچوون. دواتر شێوەکارى جێى مۆمیاى گرتەوە بۆ پاشاکان. هەر پاشایەک فەرمانى دەردەکرد کە وێنەیەکى بکێشن بەو مەرجەى شێوەیەکى زۆر لێکچوو و نزیکى هەبێت لە خۆیەوە، کە بتوانێت دواى مردنیشى درێژە بە ژیان بدات.
سینەما، ئەم ئارەزووى ژیانکردنەى، کە دواى مردن دەخوازرێت، تا ئەوپەڕەکەى پەرە پێداوە. ئەگەر پێشتر، لێکچوونى زۆرى وێنە و واقیع میکانیزمێک بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەرگ و درێژەدان بە ژیان، ئەوا وێنەگرى و دواتر سینەما ئەمەیان گەیاندە لوتکەى خۆى. وێنەگرى، بە نزیکترین لێکچوون وێنەى لە واقیع نزیک کردەوە (بەم کارەشى شێوەکاریى لە ڕەنگدانەوەى فیتاوفیتى واقیع ڕزگار کرد). لە لایەکى تریشەوە، سینەما بە هۆى هێنانە ناوەوەى ڕەگەزى "جووڵە"ـوە، ئەم لێکچوونسازى و بەیەکچوواندنەى گەیاندە بەرزترین ئاستى خۆى.
سینەما بە هۆى نمایشکردنى ژیانەوە، بەردەامیى بە ژیان دەبەخشێت. «مۆمیا»کردنى مارلین مۆنرۆ بە سەر دەرگەى فێستیڤاڵى فیلمى کانى ئەمساڵەوە، ئارەزووى درێژەدان بە ژیان بنیات دەنێتەوە لەگەڵ پیشەى سینەمادا. سینەمایەک کە پاش مردنیشى، مارلینى بە زیندوویى هێشتووەتەوە.  



  تێبینى:
ناونیشانى ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا ئەمەیە: (سینەما و مەرگ،) بەڵام بە سوودوەرگرتن لە دەربڕینێکى "ژیژەک" دەسکاریمان کرد.