چارەنوسی 250 منداڵی چەكدارانی داعش لەمەترسیدایە

عێراق 12/11/2018


نزیكەی 250 منداڵی شەرعی و ناشەرعی ئەو كەسانەی چەكداری داعش بون، لە عێراقدا هەن و تائێستاش ناسنامەیان بۆ دەرنەكراوە. 
مەریوان نەقشبەندی، رۆژنامەنوس و چالاكوانی بواری پێكەوەژیانی ئاینەكان، ئاشكرایدەكات، نزیكەی 250 منداڵی داعشەكان بە شەرعی و ناشەرعییەوە لە كەمپەكانی نزیك موسڵدا وەكو ئاوارە دەژین و تا ئێستاش ناسنامەیان بۆ دەرنەكراوەو ناتوانن لە كەمپەكانیان بچنە دەرەوە و ناتوانن بشڕۆنە بەر خوێندن.
بەپێی هەندێ زانیاریی، بەشێكی ئەو منداڵانە، نەوەی ئەو دەستدرێژیە سێكسیانەن كە چەكدارانی داعش بەناوی كەنیزە و سەبایە كردویانەتە سەر ئەو كچ و ژنانەی لەكاتی هێرشەكانیاندا وەكو دیل گرتویانن، بۆیە لەئێستا دۆزینەوەی دایك و باوكی هەندێك لەم منداڵانە كارێكی ئەستەمەو دەبێت وەكو منداڵانی بێ باوك و دایك هەژماریان بكەن.