پێشمەرگە شیعەكەی ناوزەنگ، لەبەغداد چی بۆ كورد دەكات؟

ڕاپۆرت 11/11/2018



چاودێر- راپۆرتی شرۆڤەكاریی:
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، بە دۆستی دێرینی كورد دادەنرێت و هەر لەسەرەتای دەستبەكاربونیشیەوە لیستە كوردییەكان بە تایبەتی یەكێتی و پارتی پشتگیریییان كرد بۆئەوەی ببێتە سەرۆك وەزیران. هاوكات ئەم سەرۆك وەزیرانە نوێیە لەكاتی شۆڕش دژ بە دەسەڵاتی بەعس زۆر لە شاخەكانی كوردستان ماوەتەوەو لەدوای راپەڕینیش هەرێمی كوردستان ببوە گۆڕەپانێكی گرنگی خەباتی سیاسی و چالاكی حزبە ئپۆزسیۆنەكانی عێراق و لەناویشیاندا حزبە شیعیەكان. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كەسێتیی عادل عەبدولمەهدی دەتوانێت بەربەستە تایەفی و حزبی و شۆڤێنییەكان ببڕێت؟ دەتوانێت مێژویەك بۆ خۆی تۆمار بكات و مادەی 140 زیندوو بكاتەوە، نەخێر نەك مادەی 140 ئایا دەتوانێت مافێكی سەرەتایی وەكو بودجە و موچەی كوردستان بگەڕێنێتەوە؟ ئایا دەتوانێت كێشەی پێشمەرگە چارەسەر بكات، لەكاتێكدا ئەو خۆی پێشتر جلی پێشمەرگایەتیی لەبەردا بووە؟ ئایا دەتوانێت دیموكراتیانەو دۆستانە لە مافی چارەنوسی خەڵكی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان بڕوانێت؟ پرسیار زۆرن بۆ جلوبەرگ لەبەرە كوردیەكە، بەڵام وەڵامەكان لەدەستی رۆژگاردایەو پێویستیان بە چاوەڕوانی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەزمونی دەسەڵاتدارەكانی پێشوی شیعەو بەتایبەتی مالكی و جەعفەری و عەبادی كە ئەوانیش هەر بە دۆستی كورد دادەنران، شتێكی دیكەمان پێدەڵێت.

ئەزمونی حكومڕانیەكانی دوای روخانی رژێمی بەعس واتا دوای 2003 و بەتایبەتی دوای 2005 پێچەوانەی ئەو خۆشباوەڕی و پێشبینایەن كە لایەنە كوردستانیەكان و تەنانەت خەڵكی كوردستانیش بەرامبەر دەسەڵاتدارە شیعەكانی عێراق هەیانبوو. ئەوان هەر هێندەی دەسەڵاتی خۆیان لە بەغداد قایم كرد، لە زۆر بەڵێن و هاوپەیمانی كشانەوە، لەو ماوەیەدا روداوی زۆر ناخۆش لەنێوان بەغداد و هەولێردا رویاندا، بەڵام ئەوەی هیچی پێنەكرا ئەو دۆستایەتیە بوو كە ئێمەی كورد لەگەڵ ئەواندا هەمانبوو، ئەوان مادەی 140یان جێبەجێ نەكرد، كێشەی نەوت و گازیان چارەسەرنەكرد، كێشەی پێشمەرگەیان چارەسەرنەكرد، لەكاتێكدا لەجەنگی دژی داعشدا پێشمەرگە كەمتری لە حەشدی شەعبی نەكرد، ئەوان كە فەتوای حەرامكردنی كوشتنی كوردیان دابوو، بەڵام لە 16ی ئۆكتۆبەردا ئەم فەتوایەشیان شكاندو خوێنی پێشمەرگەیان رشت، ئێستا هەموو ئەمانەی رویاندا گوزەشت، ئەی عادلی پێشمەرگەی ناوزەنگ و دەستە جلە كوردیەكە دەتوانێت كەمێك لەم هەڵەو پێشێلكاریانە كەمبكاتەوە؟ كە بێگومان ئەمەش پەیوەستە بە كۆمەڵێك فاكتۆری هەرێمی و ناوخۆیی و تەنانەت نێودەوڵەتیشەوە.
عادل عەبدولمەهدیش، هاوشێوەی سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو بژاردەی ناو ماڵی شیعەیەو، پێش هەموو شتێك دەبێت لە هێڵە سورەكانی ناو ماڵی شیعە لانەدات، ئیتر جلی كوردی شاخە سەركەشەكانی قەندیل و ناوزەنگ و شێنێ و سەرگەڵوو، ناتوانێت كەمێك لە دەمارگیریی تایفی كەمبكاتەوە. 

فاكتۆرێكی دیكەش هەیە قۆڵبەستی عادل عەبدولمەهدی دەكات و دەبێتە بەربەستێكی سەرەكی لەبەردەم، پیاوچاكی و دۆستەكەی كوردا، ئەویش فاكتۆری ئیقلیمیە، بە تایبەتی هەیمەنەی ئێران بەسەر ئەم حكومەتەوە. چەند رۆژێك لەمەوبەر جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند، كە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی وەزیرانیش لەناو بلۆكی ئێرانیدان و ئەوان لەمەدا لە ئەمریكایان بردۆتەوە، واتە بەم پێیە بێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق كە دۆستی كوردەو سەرۆك كۆماریش كە خۆی كوردە، ناتوانن دەست بۆ كەیسە هەستیارەكانی تایبەت بە مافەكانی كورد و مافی چارەنوسی كورد ببەن، چونكە ئەوان دڵخوازی ئێرانن و ئێرانیش بەهەموو توانای خۆیەوە دژایەتی ئەم جۆرە پێشهاتانە دەكات.

خاڵێكی دیكە كە ئەمەیان تەنیا لە ئەستۆی پێشمەرگە شیعەكەی ناوزەنگدا نییە، ئەویش پەیوەندیی بە نێو ماڵی كورد خۆیەوە هەیە، بەجۆرێك لەئێستادا نەك كورد لە بەغداد هەڵوێست و كرداریان یەك نییە، تەنانەت پێچەوانەی خولەكانی پێشووش لەم خولەدا پارتی و یەكێتیش یەك هەڵوێست و یەك دەنگ نین، كە ئەمەش بیانوو دەداتە دەست سەرۆك وەزیرانی نوێ تاوەكو لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بڕیاری دروست نەدات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، وەكچۆن لە نوێترین كردەوەیدا، دۆستەكەی شاخەكانی كوردستان، بارەگای سەرۆك وەزیرانی بردە دەرەوەی ناوچەی سەوز، تا لەخەڵك نزیك ببێتەوە، تۆ بڵێیت بوێر بێت و بڕیارێكیش لە بەرژەوەندیی ناوچەی شاخاویی بدات؟ دیسان پرسیار دەمانخاتەوە بەردەم كات و دەبێت چاوەڕێ بكەین.