بڕیارەكەی ئەمەریكا دژ بە پەكەكە، رێگریی لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دەكات

ڕاپۆرت 10/11/2018

 

چاودێر
چالاكوانان و شارەزایان دەڵێن ‌هەنگاوەكانی ئەمدواییانەی ئەمەریكا دژ بە ڕێبەرانی پەكەكە بۆی هەیە شێوازی لێكدانەوەكان بۆ ئاشتی لە نێوان حكومەتی توركیا و كوردەكانی وڵاتەكە بگۆڕێت.
ڕۆژی سێشەممە ئەمەریكا خەڵاتی پارەی تەرخانكرد بۆ هەركەسێك زانیاری لەسەر سێ ڕێبەری باڵای پەكەكە ئاشكرا بكات. ئەوانەش موراد قەریڵان، جەمیل بایك و دۆران كالكان.
ئەم سێ پیاوە هەرسێكیان كەسایەتی كاریگەرن لە نێو شەڕی سی ساڵەی دژ بە لەشكری توركیا لە ناوچە كوردنشینەكانی توركیا.
ڕاگەیاندنەكەی ڕۆژی سێشەممە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئەنكەرە ڕاگەیاندرابوو پاش سەردانێكی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە ماتیو پلامەر بۆ توركیا.
ئەم هەنگاوەش ڕەنگە ببێتە هۆی باشكردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نێوان واشنتن و ئەنكەرەی هاوپەیمانی ناتۆ.
پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا لە مانگی ڕابردووەوە هەندێك باشبوونی بەخۆوەبینی پاش ئازادكردنی قەشەی ئەمەریكای ئەندرۆ برۆنسن لەلایەن توركیاوە، كە نزیكەی دوو ساڵ لە نێو زیندانەكانی توركیا بوو. هەردوو وڵات سزاكانی سەر كاربەدەستانی حكومەتەیان هەڵگرت كە بەهۆی دۆسێی ئەندرۆ برونسن لە مانگی هەشت دانرابوون.
بەڵام هەندێك لە گروپە سیاسییەكان لە توركیا پێیان وایە هەنگاوی ئەم دواییانەی ئەمەریكا دژ بە ڕێبەرانی پەكەكە زیان بە دەرفەتەكان بۆ ئاشتی لە توركیا دەگەیەنێت.

گران ئۆزجان نوێنەری هەدەپە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " دەستنیشانكردنی خەڵات بۆ زانیاری لەسەر ڕێبەرانی پەكەكە پشتیوانییەكی ڕوونە بۆ هەوڵەكانی لەشكری حكومەتی توركیا دژ بە كوردەكان."
لە ساڵی 2015 پرۆسەی ئاشتی دوو ساڵەی نێوان حكومەتی توركیا و پەكەكە شكستی هێنا. هەردوولا لە وتووێژدابوون بۆ كۆتایی‌هێنان بەو ناكۆكیانەی كە بەهۆیانەوە هەزاران كەس لە توركیا كوژراون و زۆربەیان مەدنی بوون.
گران ئۆزجان دەشڵێت " پڕۆسەی ئاشتی دەرفەتێكی ئێجگار باش بو بۆ كۆتایی هێنان بە كوشتنی خەڵكانی سیڤیل. ئەمەریكاش پشتیوانی لەو پرۆسەیەی دەكرد. جا ئێمە داوا لە حكومەتی ئەمەریكا دەكەین باڵا دەستی خۆی بەكاربهێنێت و فشار بباتەوە بۆ توركیا تا بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ پەكەكە."
بەڵام عەمبەرین زەمان نووسەری تورك دەڵێت كردنی ئەم كەسایەتییانە بە ئامانج " شتەكان بۆ پەكەكە بە گشتی سەختتر دەكات كە هەوڵێكی زۆر دەكات تا شەرعیەت بە خۆی بدات و نێوی خۆی لە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی دەربكات."
زەمان گوتیشی ڕووداوەكانی ئەم دواییانە زیانێكی زۆر بە پەكەكە دەگەیەنێت. ئەو گوتی " ئەمە بە ڕوونی زیانێكی گەورەیە بۆیان لەو ڕوانگەیەوەی كە ئەوان هەوڵیان داوە لە چاوی جیهانەوە وەكو ڕێكخراوێكی ڕێگەپێدراوی سیاسی لێیان بڕوانرێت."
بەڵام زەمان دەشڵێت هەوڵەكانی ئاشتی حكومەت لەلایەن ئەم هەنگاوەی ئەمەریكاوە زیانی پێناگات چونكە سەرۆكی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشترەوە هەنگاوی توندی دژ بە هەدەپەی سەر بە كوردەكان دەستپێكردووە.
خاتو زەمان گوتوشیەتی " پێم وابێت حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕوونی بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی ئاشتی داوە، هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ نەتەوەپەرستەكاندا توند دەكات و لە ئێستاوە ئەو نیشانانە دەركەوتوون."
هەرچەندە هەندێك لە چالاكوانە كوردەكان گرنگییەكی زۆر نادەن بە بڕیارەكەی ئەمەریكا، بەڵام هەندێكی تری وەكو هۆشەنگ ئوسێ شیكاری سیاسی كورد بنكە لە بوركسل لەو بڕوایەدایە ئەم دەستنیشانكردنە گۆڕانكارییەكی گەورەیە لەلایەن ئەمەریكاوە.

ئوسێ دەڵێت " ئەمە هەنگاوێكی سیمبۆلیك نییە بۆ هێوركردنەوەی توركیا، بۆ ئەمەریكا كەم نییە كە پارەی خۆی دابنێت بۆ دۆزینەوەی ڕێبەرانی پەكەكە. ئەمە بابەتێكی ڕژدە." ئەو گوتیشی مەبەستی ئەمەریكا بۆ درێژدەم چەككەردنی پەكەكەیە كە ڕەنگە ئەمەش بە هەوڵێكی نوێ لێی بڕواندرێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا.
وەزیری بەرگری توركیا خلوسی ئاكار ڕایگەیاند هەنگاوەكەی ئەمەریكا هەنگاوێكی پۆستیڤانە بوو و زۆرزۆریش درەنگ كەوتووە، و داوای لە واشنتن كرد ڕێبازێكی هاوشێوە لەسەر یەپەگەی سوریاش بگرێتەبەر.
ئاكار لە وتووێژێكیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی ئەنادۆڵۆ گوتی " ئێمە ناتوانین ئەمە قبوڵ بكەین كە لەلایەكەوە خەڵات لەسەر زانیاری بۆ دەستگیركردنی ڕێبەرانی پەكەكە دانێن لەلایەكی تریشەوە كەرەستە و تەقەمەنی دەنێرن بۆ یەپەگە."
حكومەتی توركیا یەپەگە بە بەشێكی جیانەبۆوە لە پەكەكە دەزانێت و هەتا ئێستا چەندین هێرشی كردۆتە سەریان لە سوریا. بەڵام جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا لە میانەی كۆنفرانسێكیدا ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی گوت " هەڵوێستی ئێمە لەسەر پەكەكە ڕوونە، بەڵام ئێمە یەپەگە بە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی نازانین و هەرگیز بە تیرۆرستمان دانەناون."
جێفری گوتیشی " ئێمە لە نیگەرانییەكانی توركیا تێدەگەین، ئێمە لە نیگەرانییەكانیان لەمەڕ پەیوەندییەكانی پەكەكە و یەپەگە تێدەگەین. بۆیە زۆر زۆر بە وریاییەوە كار دەكەین. ئێمە توركیا ئاگادار دەكەینەوە لەوەی چی دەكەین و چی ناكەین."
بەڵام كاربەدەستانی توركیا سوورن لەسەر ئەوەی ئەم هەنگاوەی واشنتن بەس نیـیە هەتا ئەو كاتەی ئەمەریكا پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەپەگە تێك نەدات.
سەرچاوە: دەنگی ئەمریكا