دیوارەكەی بایرن رووخا

وەرزش 09/11/2018


پاش گەڕانەوەی لە پێكانە دوور و درێژەكەی، ئامارەكان ئاماژە بەوەدەكەن ئاستی مانوێل نوێری گۆڵچیی یانەی بایرن میونشن بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بەتایبەت لە خولی ئەڵمانیادا.
لە 10 یاریی سەرەتای ئەم وەرزەی خولی ئەڵمانیادا مانوێل نوێر 11 گۆڵی لێكراوە.
رۆژنامەی كیكەری ئەڵمانی ئاماژە بەوەدەكات دابەزینی ئاستی نوێر بۆ ئەو پێكانە دوور و درێژەی وەرزی رابردوو دەگەڕێتەوە.
هەر بەپێی كیكەر، گۆڵچییە ئەڵمانییەكە تەنها 50%ی ئەو تۆپانەی گەڕاندۆتەوە كە ئاڕاستەی گۆڵەكەی كراون، ئەمەیش ژمارەیەكی زۆر خراپە بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
نوێر لە چوار یاریی رابردووی یانەكەیدا هیچ تۆپێكی نەگەڕاندۆتەوە كە ئاڕاستەی ناو گۆڵەكەی كرابێت، لەو چوار یارییەدا هەشت شووت ئاڕاستەی گۆڵەكەی كراوە و هەر هەشتیان گۆڵ بوون.
دابەزینی ئاستی نوێر هاوكاتە لەگەڵ دابەزینی ئاستی یانەی بایرن میونشن بەگشتی. یانە باڤارییەكە لە ئێستادا و پاش تێپەڕبوونی 10 هەفتە بەسەر یارییەكانی بۆندزلیگادا تەنها 20 خاڵی هەیە و لەپلەی سێیەمی ریزبەندیدایە.