یانە نوێیەكەی ئارسن ڤینگەر ئاشكرادەبێت

وەرزش 09/11/2018


سەرچاوە رۆژنامەنوسییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، ئەگەری زۆر لەئارادایە ئارسن ڤینگەری راهێنەری فەرەنسی لەچەند مانگی داهاتوودا دەست بەكاری نوێ بكات و ئەركی مەشق و راهێنانی یەكێك لە یانەكانی ئیتاڵیا وەربگرێت.
فرانس فوتبۆڵ ئاشكرایكردووە، ئارسن ڤینگەر ماوەی دوو هەفتەیە دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ئەی سی میلان بۆ ئەوەی لەداهاتوودا ببێتە راهێنەری یانەكە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، بەرپرسانی یانەی میلان دەیانەوێت بەزووترین كات گینارۆ گاتوسۆ لە ئەركی مەشق و راهێنانی یانەكە دوربخەنەوە و ئارسن ڤینگەر بخەنە جێگەكەی، كە لە ئێستادا گرێبەستی لەگەڵ هیچ یانەیەكی دیكەدا نییە و بێكارە.
ئارسن ڤینگەری تەمەن 69 ساڵ هاوینی رابردوو پاش 22 ساڵ راهێنان بە یانەی ئارسناڵ دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و تاكو ئێستایش نەچۆتە هیچ یانەیەكی دیكە.
یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵییش كە چەند ساڵێكە لە ركابەری نازناوەكان دوركەوتۆتەوە، ئیڤان گازیدێزی كردۆتە بەڕێوەبەری وەرزشیی كە پێشتر لەگەڵ ئارسن ڤینگەر لە یانەی ئارسناڵ پێكەوە كاریان كردوە.
بەمەیش وادەردەكەوێت دەركەوتنەوەی ڤینگەر لە یاریگاكاندا زۆر لەوە زووتر بێت كە چاوەڕوان دەكرا، وەكچۆن لەم ماوەیەی رابردوودا بە رۆژنامەی سپۆرت بیڵدی راگەیاندبوو "رەنگە لە مانگی یەكی 2019دا دەست بەكاری نوێ بكەم".
یانەی میلان دەیەوێت ئەم وەرزە یەكێك لە پلەكانی پێشەوەی ریزبەندیی مسۆگەربكات و بلیتی سەركەوتن بۆ چامپیۆنس لیگ ببڕێت، كە چوار ساڵە نەیتوانیوە ئەو كارە بكات.