"دەریاس و لاشەکان" نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلییە و بەم نزیکانە بڵاو دەکرێتەوە
ڕەخنەی چاودێر: پێشەوا محەمەد
فۆتۆ: گەیلان نەژاد
"دەریاس و لاشەکان"، نوێترین ڕۆمانی
نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی کورد بەختیار عەلییە و بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی
نزیکدا ناوەندی ئەندێشە لە قەبارەیەکی مامناوەنددا چاپ و بڵاوی بکاتەوە.
بەختیار عەلی، نووسەر و ڕۆماننووسی دیاری کورد،
سەبارەت بە ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان" بە ڕەخنەی چاودێری وت: "ڕۆمانەکە
چیرۆکی شارێکە کە بە گەرمی لە سەروەختی سەرهەڵدانی شۆڕشدا دەژی، شارێکە هیوا و
ئەفسانە دەیبات بەڕێوە. چیرۆکێکە دەشێت لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکیشدا ڕوو بدات.
پاڵەوانی چیرۆکەکە کارەکتەرێکی تا ئەندازەیەک پاسیڤە بە ناوی دەریاس کە لە ئەوروپا
دکتۆرای لەسەر مێژووی وەهم وەرگرتووە و دوای خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی و
دەبینێت کە شارەکەی خۆی نوقمی وەهم و خورافەتی سیاسیی گەورەیە، وەک ڕۆشنبیرێک
بەردەوام هەوڵ دەدات ئەو غوربەتەی لە نێوان خۆی و شارەکەدا درووست بووە بیشکێنێت،
بەڵام هەمیشە بەر بەربەستی سیاسی و ئەخلاقیی گەورە دەکەوێت. دەریاس کە لە
تێکستەکەدا کاراکتەرێکی زۆر قسەکەر و پڕدوو نییە، تەنیا لە ڕێگای تەماشاکردنییەوە بۆ
شتەکان تێدەگەین چۆن لە دونیا دەڕوانێت. پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکە زۆر قسە ناکات،
بەڵام بە شێوازی سەیرکردنیدا لە هەڵوێستی تێدەگەین."
"دەریاس و لاشەکان" دەیەمین ڕۆمانی
بەختیار عەلییە، جگە لە دەیان کتێبی فیکری و لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتن، لەگەڵ
نووسینی سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی دیکە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا کە هێشتا کۆ
نەکراونەتەوە و لە چوارچێوەی کتێبدا بڵاو نەکراونەتەوە.
بەختیار عەلی وتیشی: "ڕۆمانەکە تێکستێکی
مامناوەندییە کە چیرۆکی کڕنوشبردنی کۆمەڵگاکانی ئێمە بۆ تارمایی و خورافەت و
ئەوهام دەگێڕێتەوە. بە ڕیتمێکی هێمن، دونیایەکی پڕ لە لابەلابوونەوەی نائاسایی و
تراژیدیمان پیشان دەدات."
بەختیار عەلی دوو ڕۆمانی؛ "دواهەمین هەناری
دونیا" و "شاری مۆسیقارە سپییەکان"ی کراون بە ئەڵمانی و بەو
هۆیەشەوە خەڵاتی "نیلی زاکس"، کە خەڵاتێکی بەناوبانگی ئەڵمانییە پێی
بەخشرا و بڕیار وایە ساڵی داهاتووش ڕۆمانی "جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با
لەگەڵ خۆیدا دەیبرد" بە زمانی ئەڵمانی بڵاو بکرێتەوە، ئەمە سەرەڕای
بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا" بە زمانی ئیتاڵی و "غەزەلنووس
و باغەکانی خەیاڵ" بە زمانی ئینگلیزی، بڕیار وایە چەند تێکستێکیشی بە زمانی
فەڕەنسی چاپ و بڵاو بکرێنەوە.
هاوکات لە وڵاتی ئێرانیش پێشوازییەکی بەرچاو لە ڕۆمانە
وەرگێڕدراوەکانی بەختیار عەلی دەکرێن و کتێبەکانی زیاد لە چوار جار و پێنج جار چاپ
کراونەتەوە.