ریاڵ مەدرید لەزستاندا بەنیازی ئەم سێ گرێبەستەیە

وەرزش 05/11/2018


یانەی ریاڵ مەدرید دەستدەكات بە بەهێزكردنی پێكهاتەكەی و بەنیازە لەبازاڕی گواستنەوەی زستانەدا سێ یاریزانی نوێ بهێنێتە ریزەكانیەوە، ئەمەیش پاش ئەو ئاستە نزمەی یانەكە لە سەرەتای وەرزەوە پێشكەشیدەكات.
بەپێی رۆژنامەكانی ئیسپانیا، ئیدارەی یانەی شاهانە دەیەوێت بەزویی گرێبەستی رۆدریگۆ گۆیسی بەرازیلی یاریزانی یانەی سانتۆس كۆتایی پێبێنێت، ئەگەرچی بەنیاز بوو لە هاویندا ئەو یاریزانە بێنێتە ریزەكانیەوە.
پێشتر ریاڵ مەدرید بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ گۆیس دا كردووە، بەڵام بەو مەرجەی تاكو هاوین لە یانە بەرازیلییەكەدا بمێنێتەوە. ئێستایش یانەی شاهانە دەیەوێت پارەی دیكە بداتە یانەكە و لە زستاندا درێسە سپییەكە ببەخشێتە رۆدریگۆ گۆیس.
گرێبەستی دووەمی ریاڵ مەدرید لەزستاندا كڕینی ماریۆ هێرمۆسۆی یاریزانی ئیسپانیۆلە، بەتایبەت كە یانەی شاهانە مافی كڕینی ئەو یاریزانەی بە 15 ملیۆن یۆرۆ هەیە.
گەڕاندنەوەی جەیمس رۆدریگێزی كۆڵۆمبیش، كە ئێستا بە خواستن لە بایرن میونشنە، حسابی سێیەم گرێبەستی ریاڵ مەدریدی بۆ دەكرێت.
لەئێستادا رۆدریگێز پەیوەندیی خراپی لەگەڵ نیكۆ كۆڤاچی راهێنەری بایرن میونشن هەیە و پێدەچێت رازی بێت بە گەڕانەوە بۆ یانەكەی پایتەختی ئیسپانیا.